نەسرین فەخری؛ ئەو ژنەی داوای کردنەوەی خوێندنگەی بۆ ژنان کرد

ناوەندی هەواڵ

 

نەسرین فەخری سابوونچی، ناسراوە بە دکتۆرە نەسرین، لە ڕۆژی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٧ لە گەڕەکی سابوونکەرانی شاری سلێمانی چاوە شینەکانی بە دنیا هەڵهێناوە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەست بە زیرەکی و لێهاتوویەکەی دەکرێت، لەگەڵ هەر هەنگاوێکییدا ئاقڵی و زیرەکیەکەی زیادی دەکرد.

 

دکتۆرە نەسرین تەنها لە شوێنێکدا نیشتەجێ نەبووە و تیایدا بژی، چونکە باوکی ئەفسەری سوپای عێراق بووە، هەر ماوەیەک و لە شوێنێک بوون، لەبەرئەوە دکتۆر نەسرین زۆر شوین گەڕاوە، لە تەمەنی ٤ ساڵیدا ماڵیان دەچێتە کەرکوک و لەوێ نیشتەجێ دەبن، نەسرین فەخری کە منداڵانیتر دەبینێت داوا لە دایکی دەکات ئەمیش بڕوات بۆ قوتابخانە و بخوێنێت.

 

دوای ئەوەی تەمەنی گەورە دەبێت، لە کاتی سەردانییەکی بۆ سلێمانی لە بەردەرکی سەرا کۆمەڵێک لە ژنانی کورد دەبینێت کە دوورن لە خوێندن، بۆیە داوا دەکات قوتابخانەیەک بکرێتەوە بۆ ئەوەی ژنان بێ بەش نەبن لە خوێندن.

 

نەسرین فەخری هەمیشە لەگەڵ خوێندن و بە جەرگی ژناندا بووە و لە گۆڤاری (ھیوا) ژمارە (٨)ی ساڵی ١٩٥٨دا هۆنراوەیەک بڵاو دەکاتەوە و دەنووسێت؛

 

کچە کوردم نەک بە ناو

بە دڵ وریام و بە چاو

بە ھێز و تینی گیانم

بە پاکی و ڕاستی ژینم

ساڕێژ دەکەم برینم.

 

چووەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن

نەسرین فەخری زۆر حەزی لە خوێندن بووە، لە شارەکانی کەرکوک و هەولێر و بەغدا خوێندویەتی، دواتر ڕۆشتووەتە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی بەغدا و لە کاتی خوێندنیدا خەریکی کتێب نووسین بووە، هەرچەندە ڕژێمی بەعس ڕێگەی نەدەدا کەس بچێتە دەرەوە بۆ خوێندن، بەڵام دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموز نەسرین فەخری ڕۆشتووەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن.

 

لە ساڵی ١٩٦٦ وەک مامۆستا لە زانکۆی بەغدا دەستی بە وانە وتنەوە کردووە، دواتر بووەتە سەرۆک بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی بەغدا، لە دەرەوەی خوێندن هەمیشە هەوڵیداوە کێشەی خوێندکارانی چارەسەر بکات.

 

دکتۆر نەسرین  یەکێکە لە دامەرزێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد، ئەندامی گشتگیر بووە لە کۆڕی زانیاری کورد، عەشقێکی سەیری بۆ نووسین و شیعر هەبووە، دکتۆر نەسرین خاوەنی ١١ پەرتوکی چاپکراو و ١٢ دەستنووسە بە زمانی کوردی، ١٠ پەرتوکی بە زمانی عەرەبی چاپکراوە، ٣ دەستنووس و ٣ دیوانی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی هەیە، لە کتێبەکانیدا زیاتر باسی چینایەتی کردووە و دژی وەستاوەتەوە.

 

یەکەم ژنی کوردە لە ڕادیۆ ئیشی کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ دەگەڕێتە شاری سلێمانی و خانەنشین دەبێت، لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ کۆچی دوای دەکات، لەسەر وەسێتی خۆی لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراوە.