ژن لەنێوان پرسی شایستەیی خودی و ئاسودەیی خێزاندا
ڕووبار مەجید - مامۆستای زانکۆ
شایستەیی خودیی ژن لە كۆمەڵگەدا واتە هەستكردنی ژن لە چوارچێوەی خێزاندا بەوەی ئەویش وەك هەر مرۆڤێكی تر مادام بوونی هەیە مافی ئەوەی هەیە رێزی لێ بگیرێت و بە دوای خۆشبەختیی خۆیدا بگەڕێت و خاوەنی رێز و بەها و ویست و ئیرادەی خۆی بێت، بەڵام كاتێك ژن لە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتیدا ئەو (خود شایستەیی)یەی بە ئاستێكی كەمتر لە رادەی پێویست تێدا هەبێت، چونكە لەوێدا ژن زیاتر وەك كەرەستە یان ئامڕازێكی خزمەتكردن لە ناو خێزاندا سەیر دەكرێت، پێویستە زۆر زیاتر لە خودی خۆی گرنگی بەوانی تر بدات و بەخێویان بكات و منداڵ پەروەردە بكات، بەو پێیە كاتێك ژن مەودایەكی پشوودان بۆ خۆی دروست دەكات وا دەزانێت تاوانبارە و ناپاكیی لە خێزانەكەی كردووە، چونكە خێزان بووەتە هۆی ئەوەی خودی خۆی نەبینێت و لە ناو ئەودا بتوێتەوە.
هەست بە بەهای خۆی ناكات
ژن لەم كاتەدا هەست بە بەها و بوونی خۆی ناكات و نرخ و بەهای خۆی پێ دیاری ناكرێت، بەڵكو لەڕێگەی پیاهەڵدان یان سەرزەنشتی تاكەكانی تری خێزانەوە نرخ و پێگە و بەهای خۆی هەڵدەسەنگێنێت، بەوەی كە بەردەوام پێ بڵێن كە كارێكی خراپ یان باشت كردووە، هەروەها لە بەرامبەر كەرامەت شكێنی و بێڕێزی پێكردنی بێ دەنگی هەڵدەبژێرێت، لە كاتێكدا وا دەزانێت باشی كردووە، بەڵام خێزان بە ژنێكی وا نەك ئارام و سەقامگیر نابێت، بەڵكو هێندەی تر لاواز و پڕ پشێوی دەبێت و ئەگەر هەندێك لە سەقامگیریشی پێوە ببینرێت كاتییە و بۆ راگرتنی بار و دۆخەكەیە، چونكە دەبێت خێزان بەشێكی گرنگ لە هێزی خۆی لە ژنەوە وەك ئەندامێكی بەرهەمهێنەری نەوە و وەچە وەربگرێت، ئەو هێزەش لە ژنێكی لاوازی چەشنی دیوارێكی روو لە رووخانەوە وەرناگیرێت كە بەردەوام لە خەمۆكی و دڵەڕاوكێدا بێت و خێزانێكی ئارام و سەقامگیر لە ژنێكی خاوەن دەروونێكی نا ئارام و شڵەژاوەوە بەرهەم نایەت، چونكە خۆی خاوەنی ئارامی نییە و كەسێكیش شتێكی نەبێت ناتوانێت بیبەخشێت، نەوەیەكی لاواز بەرهەم دەهێنێت، بەمەش ژن هێشتا لە نێوان بەرداشی خۆی و خێزاندا خۆی نەدۆزیوەتەوە و وەك بوومەلەرزە لە لەرزیندایە و ناتوانێت بوەستێت و بەردەوام خێزانیش تووشی ئەو لەرزینەی خۆی دەكات، لەبەرئەوەی بەردەوام لە بیركردنەوەدایە لەوەی واز لە خۆی بهێنێت لەبەر خێزان یان لەبەر رەزامەندیی خێزان بەشێكی زۆر لە بوونی خۆی بشارێتەوە و ئەو پێشكەوتن و دەستكەوتانەی كە بە هەوڵێكی زۆر بەدەستی هێناون وازیان لێ بهێنێت.
پارێزەرێكی بەهێز بۆ سەقامگیریی خێزان
بە پێچەوانەشەوە ژنی خاوەن بیروڕای بەهێز بە خود شایستەیی دەبێت بە پارێزەرێكی بەهێز بۆ سەقامگیریی خێزان لەڕێگەی ئەو سەقامگیرییە دەروونییەی بە بڕوابەخۆبوونە بەهێزەكەی بە دەستی هێناوە، بۆیە ئەم جۆرە ژنە دەتوانێت ببێت بە سەرچاوەی ئارامیی بۆ دەروونی خۆی و خێزانیش و دەتوانێت نەوەیەكی خاوەن بەها و كەسایەتیی بەرز پەروەردە بكات بۆ كۆمەڵگە، كاتێك ژنێك لە خێزانێكدا سەركەوتوو دەبێت، دەبێت بە پێشەنگ بۆ نەوەكانی دوای خۆی، چونكە هەموو مافێك بە شایستەی خۆی دەزانێت و بەها و رێزی خۆی دەزانێت و نرخی ئەو دەستكەوتانە دەزانێت كە بەدەستی هێناون و دەست بەرداریان نابێت، خۆی دەبینێتەوە لە ناویاندا، ئەم جۆرە لە ژن تووشی دڵەڕاوكێ و خەمۆكی نابێت، لەبەرئەوەی نایەوێت بەهای خۆی لە دانپێدانانی كەسانی تری خێزاندا ببینێتەوە، بڕوای بەوە هەیە بۆ داگیرساندنی رووناكیی خێزان نابێت ژن بكوژێتەوە، بەڵكو دەبێت ژنیش بەشێكی زۆر بێت لەو رووناكییە و هەم خۆی و هەم خێزانیش رووناك بكاتەوە، هەرگیز بیر لەو وتانە ناكاتەوە كە پێی دەوترێن بەوەی خێزانی لە پێناو خۆیدا فەرامۆش كردووە و ئەمیش بیر بكاتەوە و بپرسێت ئایا كارەكانی من دژی كۆمەڵگەیە یان مافی خۆمە و ئایا كەی كۆمەڵگە و خێزان ئەو بیركردنەوەیەی منی لەلا دەچەسپێت، چونكە بەلای ئەوەوە پێویستە ژن و خێزان پشتیوانی یەكتر بن و نابێت ئارامیی خێزان لەسەر نائارامیی ژن بنیاتبنرێت دەنا دەڕوخێت، بەڵكو پێویستە لە چوارچێوەی خێزاندا پێكەوە و بە تەنهاش مافی هەبێت و چەندە هی خێزانە و بۆ خێزانە هێندەش بۆ خۆی بێت، تا بتوانێت هاوسەنگیی لە نێوان خودشایستەیی و سەقامگیریی خێزاندا بپارێزێت.