هەورامان؛ بەهەشتی کوردستان
وەرزی بەهار هەورامان دەبێتە بەهەشتی کوردستان و سەرنجی زۆرێک لە گەشتیاران بۆ خۆی ڕادەکێشێت، ڕووباری سیروان گرنگترین ڕووباری هەورامانە و بە کرماشان و گاڤروددا تێپەڕ دەبێت و لە پاوەدا دەگاتە لوتکەی جوانی، بەو پێیەی بە دەربەند و پێچ و پێچەکانی شاخدا ڕێدەکات و لە ڕۆژهەڵاتەوە دەڕژێتە باشووری کوردستان.
چەشمە بەل کە دەکەوێتە ناوەڕاستی زنجیرە چیاکانی شاهۆ و نزیک گوندی هەجیج و ڕووباری سیروانە، یەکێکە لە شوێنە مێژوویی و سەرنجڕاکێشەکانی هەورامان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها گەردەنەی ژاڵانە کە دەکەوێتە ناو هەورامانەوە، یەکێکە لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی دیکە و لە هەموو وەرزێکی ساڵدا بەفری تیادایە و لە زستانیشدا نزیک بە ٣ مەتر بەفری لێدەبارێت و ڕێگایەکی سەختی هەیە.
سەرابی ڕوانسەر یەکێک لە سەرنجڕاکێشییەکانی شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشانە، کە وەک ٥٧ەمین ئاسەواری نەتەوەیی ئێران تۆمار کراوە.
گوندی هەجیج کە بۆ بەشێک لە باوەڕداران وەک شوێنێکی ئایینی پێش دروستکردنی بەنداوەکە گرنگ و جێگەی بایەخ بوو، بەڵام دواتر بە هۆی دروستکردنی بەنداوەکەوە بەشێکی زۆری گوندەکە کەوتە ژێر ئاوەوە و لەو کاتەوە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری.