دەرچووانی دانەمەزراوی شارەزوور ناچارن لە بواری دیکەدا کاربکەن

ژنانی دەرچووی دانەمەزراون دوای تەواوکردنی خوێندن ناچارن دوور لە بوارەکەی خۆیان دەستبەکار بن و ژنێکی گەنجیش دەڵێت، پێویستە چاوەڕێی حکومەت نەبین و خۆمان کاری خۆمان بکەین.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی دیکە، شارۆچکەی سەیدسادق ژمارەیەکی زۆر دەرچووی دانەمەزراوی هەیە،  بەهۆی نەبوونی هەلی کار لە بواری خۆیاندا ناچارن لە بوارێکی جیاواز لە پسپۆری خۆیان کاربکەن.

 

شارۆچکەی سەیدسادق بەهۆی مەودا بچوکەکەیەوە هەلیکار تێیدا کەمە و ژنان ناچارن بۆ دەستکەوتنی کار بە مووچەیەکی کەم ڕازی ببن، ئەو کارەشی زیاتر لە سنوری شارەزوور بە گشتی و سەیدسادق بەتایبەتی زۆرە کاری شاگردییە لە دوکان و فرۆشگاکاندا لە بەرامبەر پارەیەکی کەم، کە وەک خۆیان دەڵێن هەمان ئەو کارەی ژنانی شارۆچکەکە دەیکەن، لە شارەکاندا موچەکەی زیاترە.

 

ڕۆژین کەریم، ماوەی دوو ساڵە بەشی ژمێریاری تەواو کردووە، بەهۆی نەبوونی هەلیکار لەلایەن حکومەتەوە ناچارە لە فرۆشگایەکی جلوبەرگ وەک کارمەند کار بکات، جیا لەوەی کارەکەی لە بوارەکەی خۆیدا نییە، گلەیی لە کەمی موچەکانیان دەکات بەرامبەر ماندوو بوونیاندا، دەڵێت: بەگشتی لە سەیدسادقدا کار کەمە، ئێمە ناتوانین لە بواری خۆمان کار بکەین، لە دوکانەکانیشدا موچەکانمان کەمە و بەپێی ماندوو بوونمان نییە، ئەمە تەنها لە جێگەکەی من بەم شێوەیە نییە، بەڵکو لە سەیدسادق بەگشتی بەهەمان شێوەیە.

 

"پێویستە چاوەڕێی حکومەت نەبین و خۆمان کار بکەین"

ڤیان ئەکرەم، زیاتر لە ٩ ساڵە دەرچوویەکی دانەمەزراوە و بەشی کارگێڕی تەواو کردووە و تا ئێستا هیچ هەلێکی کاری لە بڕوانامەکەی خۆی بۆ نەڕەخساوە.

 

ڤیان خولیای کاری بەرگدرووی دەکات و جیا لە خولیاکەشی بەهۆی نەبوونی هەلیکار لە بواری خۆیدا ناچارە لە بوارێکی تردا کار بکات، بۆیە دوکانێکی بەرگدرووی بۆخۆی کردووەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا خولی فێرکاری دروومان دەڵێتەوە، ڤیان بۆ نوژنها دەڵێت: نابێت چاوەڕێی دامەزراندنی حکومەت بین، پێویستە هەر ژنێک خاوەنکاری خۆی بێت، تا بتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت و و لە ڕووی مادییەوە پشت بە کەس نەبەستێت.

 

ساڵانە خوێندکارێکی زۆر لە زانکۆ و پەیمانگاکان بڕوانامەی دەرچوون بەدەستدەهێنێنن، ماوەی چەندین ساڵیشە دامەزراندنی حکومی وەستاوە و بەمەش هەر خوێندکارێک کە خوێندن تەواو دەکات لە خەمی دەستکەوتنی کارێک دەبێت بەبێ دامەزراندنی حکومی.