ژنێکی ٧٠ ساڵانی ئەفغانی ناچارە کار بکات تا بژێوی خۆی دابین بکات

ئەو ژنانەی لە ئەفغانستان کە کاری دەستی یان بەرهەمی دەستی لەسەر شەقامەکان دەفرۆشن، پشتڕاستی دەکەنەوە کە تاڵیبان ناچاریان دەکات پارە بدەن لە ناوچەی کارکردنیان بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدەن کاربکەن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- دوای ئەوەی بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە سەپاندوویانە، ژنان لە فەرمانگەکان قەدەغەکران، هەروەها بەهۆی ئەوەی زۆرێکیان بەڕێوەبەری بژێوی خێزانەکانیانن، ناچاربوون لە دوکانەکاندا کاربکەن یان لە کەناری ڕێگاکاندا کەلوپەل بفرۆشن، لە کاتێکدا ترسی ئەوەیان هەیە لەلایەن تاڵیبانەوە ڕێگری لە کارکردنیان بکرێت.

 

ژنانی فرۆشیاری سەر شەقامەکان باسیان لەوەکرد، کە دەبێت پارە بدەن بە تاڵیبان، تا لە ناوچەی کارەکەیان ڕێگرییان لێنەکەن، ئەگەر هەفتانەش پارە نەدەن، ئەوا ڕێگەیان پێنادرێت بەردەوام بن لە کار کردن.

 

مەعسومە جەعفەری، ٦٩ ساڵە و دانیشتووی پارێزگای بامیانە، دوکانێکی بچووکی بۆ بژێوی خێزانەکەی دامەزراندووە، چونکە کوڕەکەی لە بەشی سەربازی حکومەتی پێشوودا بوو، دوای دەستبەکاربوونی تاڵیبان کارەکەی لەدەستدا و ئێستاش دەچێتە شار بۆ ئەوەی وەک کرێکاری ڕۆژانە کار بکات، بۆیە مەعسومە جەعفەری بڕیاریدا لەگەڵ کوڕەکەیدا فرۆشگایەک بەڕێوەببات تا بژێوی خێزانە ١٤ کەسییەکەیان دابین بکەن.

 

مەعسومە جەعفەری سەرمایەی دامەزراندنی دوکانەکەی نەبووە و ئەو کەرەستانەی دەیھێنێت بۆ دوکانەکەی بەزۆری بە قەرز وەردەگیرێت و لە کۆتایی ھەموو مانگێکدا، قەرزەکانی لەو داهاتەی لە دوکانەکە بەدەستی دەهێنێت، دەگەڕێنێتەوە، بەڵام زۆر قورسە تا قەرزەکە بداتەوە و پێداویستییەکانی خێزانەکەشی دابین بکات.

 

لە ئەفغانستان ژمارەیەکی زۆر ئەو ژنانە هەن کە کاری قورس دەکەن لە پێناو دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیان، هەروەها بەهۆی ئەو دەسەڵاتەی تاڵیبان کە دوژمنایەتی ژنان و کۆمەڵگە دەکات.