جەنگ و قەیران ژنانی نانکەر بێکار دەکات
بەهۆی جەنگی ئێران- ئەمریکاو ئیسرائیل و کاریگەرییەکانی لەسەر باشووری کوردستان کە گران بونی غازی بەدوای خۆیدا هێناوە، ژنانی نانکەر بێکار دەبن و دەڵێن: پیشتر ٥٠ نان بە ١٦ هەزار دینار بوو ئیستا بۆتە ٢٠ هەزار، زۆربەی شوینەكانی نانكرد هەردایان خستووە.
شیا کۆیی
كۆیە_ بەشێك لە ژنانی كۆیە و دەوروبەری بە نانكردن بژێوی ژیانی خۆیان و خانەوادەكانیان پەیدا دەكەن، لەناویاندا ژنانی بەتەمەن هەیە هاوكات ژنانی گەنج ودەرچووی زانكۆو پەیمانگەکان هەن، ئەوان وێرای گۆڕانكاری لە باری ئابووری، هەروا بە شێوازە نەریتییەکەی نان بۆ فرۆشیارانی نانی خۆماڵی دەكەن، ئەو نانەی لە هەندێك شوێن بە نانی تیری و هەندێكیش بە نانی كوردی و هەندێك بە نانی خۆماڵی ناوی دەبەن، بەڵام گرنگی ئەو شوینانە مانەوەی نانی كوردیە وەك خۆی، کە ئەگەر ئەو شوێنی نانكردنانە نەبوایە نانی كوردی یان نانی تیری بەرەو نەمان دەچوو.
لەماوەی مانگی ڕابردوودا بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نیوان ئێران- ئەمریکاو ئیسرائیل کە کاریگەری لەسەر ژیان و ژێرخانی باشووری کوردستان کردووە، بووە هۆی گران بوونی غازو لەهەندێک شوێن نەمانی غاز، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژنانی نانکەر هەیە، چونکە لەڕێگەی غازەوە نانەکە دەبرژێنن، هەندێل لەو ژنانە دەستبەرداری کارەکەیان بوون و چاوەڕێن نرخەکە ئاسایی بێیتەوەو غاز بەردەست بێت بۆ ئەوەی دەستبکەنەوە بە نان کردن و کاری خۆیان.
"بەهۆی نەبوونی غاز ناتوانین بەردەوام بین"
"نانی تیری رووناك" یەكێك لەو فرۆشگایانەیە كە ١٤ژن بە دوو کات "دوو شەفت" نانی بۆ دەكەن، پەرژین تەهیرخاوەنی ئەم فرۆشگایە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: لە ٢٠١٥ەوە ئەم فرۆشگایەم داناوە، بە كۆنترین شوینی نانكردن دادەنرێت لەكۆیە كە تایبەتە بە نانی تیری، بەڵام لە ئێستادا گرفتی نەبوونی غازمان بۆ درووست بووە، ناتوانین بەردەوام بین.
"لە ١٤ ژن کە کاردەکەن لامان هەندێکیان بێکار بوون"
وتیشی: نانكردن كارێكی قورسە بۆ ژنان، بەڵام هەموو ژنێكیش شانازی پێوە دەكات، ١٤ ژنی شكۆمەند لە فرۆشگاكەی ئێمە كاردەكەن، ئەوان هەم بژێوی ژیانی خۆیان و خانەوادەكانیان پەیدا دەكەن و هەمیش تاڕادەیەك چێژ لەم بەیەكەوە كاركردنە وەردەگرن، چونكە هەست بەوە دەكەن كە بەدەست پەنجەی خۆیان كاردەكەن و بژێوی خۆیان پەیدا دەكەن، بەڵام بەهۆی گرانبوونی غاز خەریكە بێكار دەبین وناتوانین هەموو ژنەكان بێنین نان بكەن، ەدوای جەژنی رەمەزانەوەكە سێ هەفتەیە دوكانمان هەرداخست بەڵام ئێستا كردوومانەتەوە، ئەوەش لەبەر كریارەكانمان داوای زۆرمان لەسەربوو، بەڵام وەك دەبینی تەنیا چەند ژنێك نان دەكەن ناتوانین هەموویان بێنینەوە لەبەر گرانی غاز،ونانیش گرانبوو پیشتر ٥٠ نان بە ١٦ هەزاربوو ئیستا بۆتە ٢٠هەزار.
پەرژین ئاماژەی بەوەشدا كە پێشتر رۆژانە پانزە غازیان پڕكردۆتەوە بەڵام ئیستا هەشت بۆ نۆ غاز پڕدەكەنەوە، هەرغازێك بە ٢٥ هەزار دینار پڕ دکەەنەوە، جاری واشە دەست ناكەویت، هیچ هاوكاری ناكرێن بڵێن كە شوینەكی وەكو ئێرە خەڵك ئیشی لێدەكات و گشتیە پێویست بوو هاوكاریان بن غازیان پێبدەن لەلایەن وەكیلەكانەوە، بەڵام بەداخەوە كەس هاوكار نییە هەر هیچ نەبوایە دەبوو بەشێكیان بۆ پركەنەوە رۆژانە پێنج شەش غازیان بۆدابین بكەن.
سەبارەت بە هەڵوێستی خەڵكەكە لەبەرامبەر گرانبونی نان پەرژین وتی: كریارەكانمان هەڵوێستیان جوانە و لە ئیمە تێدەگەن كە نان گرانبووە خەتای ئیمە نییەو ئێمەش پێمان ناخۆشە نان گران بێتم بەڵام كاریگەری زۆری كردۆتە سەرخەڵك، ئەوانیش گەر جاران ٥٠ نانیان ببردایە، ئێستا ٢٥ نان یان كەمتر دەبات، دەلێن بەڵكو بارودۆخەكە بشبێت و وەك خۆی لیبێتەوە.
"بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم نانکردنەیە"
بەهار حەمەد، ژنێكی بەتەمەنی نانەواخانەكەیە نەیویست دەموچاوی دەركەوێت سەرەتا سوپاسی خاوەن كارگەكەی كرد بەهۆی ئەوەی هەلی كاری بۆیان ڕەخساندووە وتی: ئیمە ١٤ ژنین لێرە كاردەكەین و بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو نان كردنەیە وهیچ موچەیەكمان نیە، پێشتر ١٥٠ هەزار موچەی بێهاوژینی بەناوی "بێوەژنانەم" وەردەگرت ئێستا ئەوەش نەما بڕیان وهیچ موچەم نییە گەر ئەو نان كردنە نەبیت ناتوانم هیچ خەرجیەكی خۆم دەركەم، بۆیە هەمیشە سوپاسیان دەكەم وخوا پاداشتیان بداتەوە كە من نزیكەی شەش ساڵە داهاتم لەسەر ئەو نانكردنەیە.
بەهار حمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: گەر نان كردنەكە نەمێنێت من هیچ ئیشەكی ترم پێناکرێت، چونكە لێرە هەویرەكە شێلدراوە خۆشم ئەنگوتكی "گونکی" دەكەم ودەیكەمە نان، بەڵام ئیشی بۆتەمەنی من زۆر قورسە، داوادەکەم لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕێكمان لێ بدەنەوە وهاوكاری خاوەن فرۆشگاكەبن بەدابین كردنی غاز تا ئەوانیش بێ كارنەبن و بژیوی ژیانمان بۆدابین بكات.