ژنانی هەڵەبجە: بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار و نەبوونی فلتەر هۆکارە بۆ گرانی بازاڕ

هاوڵاتیان بەهۆی گرانی بازاڕەوە کەمتر لە ساڵانی ڕابردوو ئامادەکاری بۆ جەژن دەکەن و ژنانیش پێیانوایە نەبوونی فلتەر و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کەمی موچە هۆکارە بۆ گران بوونی شتومەک و ساغ نەبوونەوەیان.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە-  بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانەوە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان جمەی دێت لە هاوڵاتی کە پێداویستییەکانی جەژن ئامادە دەکەن و پێداویستییە خۆراکیەکان و جلوبەرگی منداڵان دەکڕن، ئاژانسی نوژنها بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی هاوڵاتیان و گرانی بازاڕ دەچێتە بازاڕی شاری هەڵەبجە و ژنان دەدوێنێت.

 

گوڵان نەسرەدین، دانیشتوویەکی شاری هەڵەبجەیە و بۆ کڕینی جل بۆ منداڵەکانی ڕووی کردووەتە بازاڕ، وتی: ئەمساڵ بازاڕ گرانترە و بە پێی گریمانەکان بەهۆی بەرە جەژنیشەوە شت گرانتر بووە، لەچاو ساڵانی ڕابردوودا نرخەکان زیاترە، چونکە هاوردەی دەرەوە زیاترە، نەبوونی فلتەر و بازاڕی ڕەش هۆکاری سەرەکی گرانبوونی بازاڕن، چونکە ئێمەی هاوڵاتی ئاگاداری کڕین و فرۆشتنەکانی بازاڕی ڕەش نین.

 

"لە ڕانیەوە هاتوومەتە هەڵەبجە بۆ بازاڕ کردن"

هەرچەندە هەڵەبجە بازاڕێکی بچوکی هەیە، بەڵام خواست لەسەر پێداویستیەکانی و هەرزانی لەچاو شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان وایکردووە ژنان ڕووی تێبکەن، ئەژین عەبدوڵا، لە کاتی گەڕانەوەیدا لە بازاڕ لێمان پرسی نرخی پێداویستییەکان چۆن بوون، ئەو باسی لەوەکرد لە ڕانیەوە هاتووەتە هەڵەبجە بۆ کڕینی پێداویستیەکانی جەژن، لەبەرئەوەی هەڵەبجە شارێکی بچوکە و نرخەکان هەرزانترن لە جلوبەرگدا.

 

نەبیهە عەبدوڵا هاوڵاتییەکی دیکەیە و پێداویستی بۆ خێزان و منداڵەکان کڕیوە، باسی لەوەکرد بەهۆی جەژنەوە هەندێک دوکان داشکاندنیان کردووە و نرخەکانی هەرزانن، وتیشی: جلوبەرگ هەرزانە، بەڵام نرخی مۆلیدە و ئاو و کارەبا زۆر گرانترە.

 

هۆزان حسێن، ژنێکی گەنجە و لەسەر ئامادەکاری بۆ جەژن وتی: بۆ لەبەر گرانی کەلوپەل لە کڕین دێت؟، جیاوازی زۆرە لەچاو ساڵانی ڕابردوو، بەهۆی کەمی موچە و پاشەکەوت و گرانبوونی دۆلارەوە، سەرجەم پێداویستییەکان گرانبوون و نەشتوانراوە بازاڕ کۆنترۆڵ بکرێت.

 

ماوەی دە ساڵە هەرێمی کوردستان لە بەردەم قەیرانی دارایی گەورە دایە و هاوڵاتیان بە سەختی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆیان پڕدەکەنەوە.