هانه‌ ١٠ ساڵە یه‌كێكه‌ له‌ به‌شدارانی فێستیڤاڵی هه‌نار و پایزی هەڵەبجە

دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو، هانە جوتیار یەکێکە لەو ژنانەی لە ماوەی ١٠ ساڵدا بەرهەمەکانی هەناری هەڵەبجە ساغ دەکاتەوە.

هانه‌ ١٠ ساڵە یه‌كێكه‌ له‌ به‌شدارانی فێستیڤاڵی هه‌نار و پایزی هەڵەبجە

هەڵەبجە

 

دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە ئەمساڵ بە دروشمی (ڕەسەنایەتی و شوناسی نەتەوەیی، پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و گەشەپێدانی چالاكی كولتوری و هونەری) بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام بوو.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا ٧٠٠ خاوەن بەرهەم تیایدا بەشدار بوون و ژنان پێشەنگی خاوەنکارەکان بوون، کە بەرهەمە خۆماڵی و دەستییەکانیان لە پێشەنگاکەدا بە بازاڕ کرد، فێستیڤاڵەکە بووەتە نەریتێکی ساڵانە و دەیان هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن و بە پێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بڵاوی کردووەتەوە، تەنها لە ڕۆژی یەکەمدا ٨٠ هەزار گەشتیار و لە ڕۆژی دووەمیشدا ١١٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە شاری هەڵەبجە و فێستیڤاڵی هەنار کردووە.

 

هانه‌ جوتیار، یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە، کە لە هەر ١٠ ساڵەکەی فێستیڤاڵەکەدا بە هەنار و دەنگە هەنار و ئاو و دۆشاوی هەنار  بەشداری کردووە.

 

هانە باس لە بەرهەمەکانی هەنار دەکات کە دەستکردنی خۆیانە و هەموو ساڵێک هەوڵ دەدات بەرهەمی زیاتر لە فێستیڤاڵەکەدا بۆ گەشتیاران ئامادە بکات، وتیشی: ئەم فێستیڤاڵانە گرنگی خۆی هەیە و دەرفەتێکی باشە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانمان، خه‌ڵك به‌هۆی فێستیڤاڵه‌وه‌ دێت هه‌م هه‌ناری باش ده‌باته‌وه‌ و هه‌م سه‌ردان ده‌كات و دیمه‌نه جوانەکان دەبینێت، هیواخوازم لەم ڕێگەیەوە بتوانین به‌رهه‌مه‌كانمان به‌ ده‌ره‌وه‌ بناسێنرێت.

 

چیا قاسم وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری شاری هەڵەبجە وتی: خوازیارین هه‌ماهه‌نگیه‌كان به‌رده‌وامی هه‌بێت، به‌شداری خاوه‌ن پیشه‌ و جوتیاره‌كان له‌ ٤٠٠ جوتیارەوە بەرز بووەتەوە بۆ ٦٠٠ جوتیار و بەهیواین لە داهاتوودا زیاتر ببێت.

 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.