دەستپێکی خوێندن و گرانبوونی کاڵاکان بارگرانی بۆ دایک وباوکان دروستکردووە

دوای دروستبوونی قەیرانی ئابوری لە هەرێمی کوردستان تا دێت دۆخی هاوڵاتیان خراپتر دەبێت، دەستپێکردنەوەی خوێندن و دابینکردنی پیداویستی قوتابییان بارگرانییەکی دیکەی لەسەر شانی خێزان دروستکردووە.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری فرۆشتنی نەوتی بە سەربەخۆ دا و ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە واژۆکرا و جێبەجێکرا، نەبوونی موچە، نیو موچە و ڕوبعە موچە و قەیرانی ئابوری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا دێت دۆخی هاوڵاتیانیش بەرەو خراپتر دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە نرخی کاڵاکانی بەرز کردووە و بارگرانییەکانی سەر هاوڵاتیان زیاتر بوون.

 

ئەمساڵ سەرەڕای کەموکوڕییەکانی بواری پەروەردە و خوێندن، ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد، خوێندکاران ناچارکران بە جلوبەرگی قوتابخانەوە ئامادەی خوێندن بن و یەکپۆش بن، هاوکاری نەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ قوتابیان بارگرانی بۆ زۆرێک لە دایک و باوکانی خوێندکار دروستکرد و باس لەوەدەکەن، گرانبوونی شتومەک و دەستپێکردنەوەی خوێندن لە یەک کاتدا باری ژیانیانی زیاتر قورس کرد.

 

گوڵان هیوا، دایکی دوو خوێندکارە و دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا لە دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵەوە خوێندکاران ناچارکران بە جلوبەرگی خوێندنەوە، کە یەکپۆشییە، ئامادەبن، بەڵام ئەمە قورسە بۆ ئەو خێزانانەی باری ئابوریان لاوازە چونکە لە سەرەتاوە کاڵا و جلوبەرگ زۆر گرانن، وتیشی: ئەمە بارگرانیەکی زۆری بۆ دایک و باوکان دروستکرد، بەتایبەت ئەو دایک و باوکانەی کە زیاتر لە دوو خوێندکاریان هەیە".

 

ئەو دایکە باسی لە پێداویستی قوتابخانە کرد و وتی: تەنها جلوبەرگ نییە پێویستە بۆ خوێندکاری ئامادە بکرێت، بەڵکو دەبێت جانتا و کالە و دەفتەر و پێداویستی دیکەش بکڕینم کە ئەمەش زیاتر دەبێتە بارگرانی لەسەر دایک و باوکانی کەم دەرامەت.

 

گوڵان هیوا باسی لەوەکرد قوتابخانەکان و وەزارەتی پەروەردە کەمتەرخەمن و وەک پێویست هاوکاری خێزانەکان نەبوون، ئەو پێی باشە لیژنەیەک پێکبهێنن و بەردەوام پەیوەندی لە نێوان قوتابخانەکان و ئەو خێزانانەدا هەبێت کە لە ڕووی مادییەوە کەم توانان، تا نەهێڵن هیچ خوێندکارێک بەهۆی هەژارییەوە واز لە خوێندن بهێنێت.

 

چەندین ساڵە بەهۆی قەیرانی ئابوری و خراپی دۆخی خێزانەکانەوە سەدان منداڵ دەستبەرداری خوێندن بوون، گوڵان هیوا وەک دایکێک لە کۆتایدا وتی: داخێکی زۆرە منداڵ لە تەمەنێکی کەمدا واز لە خوێندن بهێنێت و لەسەر شەقام شت بفرۆشێت، کە ڕووبەڕووی چەندین مەترسی دەبێتەوە و بەهۆی نەبوونیشەوە ڕێژەی نەخوێندەواری زیاد بکات.