یەکەم کافێی ژنان لە غەزە کرایەوە

لە غەزە یەکەم کافێی ژنان کرایەوە کە سەرجەم کارمەندەکانی ژنن.

نەغەم کەراجە

 

غەزە- یەکەم کافێی ژنان لە غەزە کرایەوە کە هەموو کارمەندەکانی ژنن، بەڕێوەبەری کافێی ژنان، ئاکا ئەبو سابت، ڕایگەیاند کە بیرۆکەی کردنەوەی پڕۆژەکە ئەوەیە کە شوێنێکی ئاسوودە بۆ ژنان و دوورکەوتنەوەیان لە دەستدرێژی و نزیکبوونەوەکانی پیاوان دەستەبەر بکەن، وتیشی: زەحمەت بوو کە کۆمەڵێک کرێکاری ژن بدۆزینەوە، بەڵام بڕیارماندا کە پێوەندەکان بشکێنین و ئەو کچە بوێرانەمان هەڵبژارد کە هەوڵی باشترکردنی دۆخی ئابوورییان دەدەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان، یەکێکیش لە ئامانجەکانی پڕۆژەکە بریتییە لە دابینکردنی هەلی کار بۆ ژنانی فەلەستین.

 

"ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە داهێنەرن"

فاتن حەرب، یەکێک لە ژنانی کارمەندی کافێیەکەیە وتی: بیرۆکەی پڕۆژەکەم بەدڵ بوو. ئەم شوێنە بۆ ئارامکردنەوەی لایەنی دەروونی پێویستە، بە تایبەت کە پڕۆژەکە هەندێک چوارچێوەی دەرەوەی کۆنەپەرستی تێدا بەکارهاتووە، ژنانی فەلەستین بەردەوام لەناو جەنگ و گەمارۆ و ململانێدان، بۆیە هەبوونی ئەم شوێنانە گرنگە، هەروەها هەبوونی کۆمەڵێک لە کرێکاری ژن کە پێکەوە کاردەکەن نیشانی دەدات ژنان لە هەموو بوارێکدا ئافرێنەرن.
 

 

"ئامانج لە کارکردنم باشترکردنی داهاتمە"

یەكێك لە كارمەندانی پرۆژەكە بەناوی ئامنە حایك ئاماژەی بەوەدا كە لە بواری هونەری چێشتلێناندا پێشکەوتووە، چونکە لە بازاڕی كاردا خواستی زۆر لەسەرە، دەشڵێت: ئامانج لە كارەكانم باشتركردنی داهات و دابینكردنی قازانجی داراییە بۆ خۆم، تا بارگرانی خراپتربوونی دۆخی ئابووری  کەمبکەمەوە.

 

"پێویستە ژنان و کچان بەربەستەکان بشکێنن و بچنە ناو بوارەکانی کارەوە"

فاتمە مەسعود، یەکێکی دیکەیە لە کارمەندانی کافێیەکە، دەرچووی کۆلێژی پەرستارییە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کاتێک ڕاگەیاندنی پێویستی کرێکاری ژن بۆ پڕۆژەکەم بینی، بەخێرایی ناوم تۆمارکرد چونکە بیرۆکەی پڕۆژەکەم بەدڵ بوو، بە تایبەت کە کرێکارەکان هەموویان ژنن، هەرچەندە ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە بوومەوە لەلایەن خێزانەکەمەوە کە ئەم کارانە زیاتر لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام توانیم باوەڕیان پێبهێنم، ژنان دەبێت بەربەستەکانی ترس بشکێنن و بەشداری بازاڕی کار ببن.