خولە پیشەییەکان یارمەتی بەدەستهێنانی بژێوی ژنان دەدەن

ژنانی کۆیە لە ڕێگەی خولە پیشەییەکانەوە هەوڵی دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان دەدەن، ژنانی بەشداربووش دەڵێت: فێربوونی پیشەی نوێ هاوکارییەکە بۆ ژنان.

شیا كۆیی

 

کۆیە- ژنانی کۆیە لە ڕێگەی خولە پیشەییەکانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی بژێوی ژیان و فێربوونی پیشەی نوێ دەدەن، کە دەبێتە هاوکارییان تا ئابووری سەربەخۆ دەستەبەر بکەن و ببنە هاوکارێکی خێزانەکانیشیان، بەشێک لەو ژنانەی هەوڵی بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان دەدەن، ئەوانەن کە ئەرکی بەڕێوەبردنی خێزانەکانیان دەکەوێتە سەر و قەیرانە ئابوورییەکانیش ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لێدەکات، بۆیە خولە پیشەییەکان دەتوانێت هاوکاربێت بۆ ژنان بۆ لەسەر پێ مانەوەیان.

 

"گرنگە ژنان لە بواری جیاوازدا پەرە بە خۆیان بدەن و بەرەوپێش بچن"

سازگار وەک فێرخوازێک بە گرنگی دەزانێت ژنان لە هەموو بوارەكانی ژیان پەرە بەخۆیان بدەن و شتی نوێ فێر ببن، چونكە ژیان سەختە و پێویستە زۆر لایەنی دیکەش بزانن و فێری ببن، سازگار هەرچەندە خوێندکاری زانكۆی کۆیەیە، بەڵام هەوڵ دەدات ببێتە بەرگدروو و هیواخوازە لە داهاتوودا پۆشاک بۆ خۆی و ماڵەوەیان بدرووێت، دەشڵێت: لە ماڵەوە دایكم مەكینەی هەیە، بۆیە منیش دەمەوێت جلوبەرگ بدرووم.

 

هەروەها سازگار داوا دەكات ژنەكان لە ماڵ نەمێننەوە و بەهرەكانی خۆیان تاقی بكەنەوە و دەشڵێت: داواکارم ژنان بەشداری لەو جۆرە خولانە بكەن و سوود ببینن، چەندین خول هەیە، وەک خولی كۆمپیوتەر، زمان و دروومان و چەندینی دیکە، بۆیە هەلی فێربوون بۆ ژنان زۆرە و پێویستە ئەم هەلانە بقۆزنەوە و لە ڕێیەوە خۆیان فێری بوارێک بکەن و لە دواڕۆژدا کاری پێبکەن.

 

لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی خولە پیشەییەکاندا، ڕێکخراوی چەتر بۆ گەشەپێدان بە هاوکاری سەنتەری کار خولێکی فێربوونی بڕین و دروومانی لەناو سەنتەری کار بۆ ژنانی کۆیە کردەوە، خولەکە مانگێک دەخایەنێت، ئاشنا کاوەی ڕاهێنەر، بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی وانەکان دەڵێتەوە، ٢٥ ژن بەشداریان لە خولەکەدا کردووە و دەربارەی گرنگی كردنەوەی ئەو جۆرە خولانە و دروستبوونی هەلی كار بۆ ژنان ژنانی سەنتەرەکە قسەیان بۆ نوژنها کرد.

 

"هەموو ئامانجمان بەرەوپێشبردنی تواناکانی ژنانە"

شیراز سەعدی، ئەندامی سەنتەری كار، لەبارەی خولەكانیان لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی خولە پیشەییەکانیدا، ڕوونیکردەوە، خولێکی فێربوونی بڕین و دروومانیان بۆ ژنانی کۆیە کردووەتەوە و چەندین خولی دیكەیان هەیە، وتی: سەبارەت بە خولی دروومان كە خۆم سەرپەرشتی دەكەم، بێ بەرامبەر كردوومانەتەوە تا دەرفەتی باشتریان بۆ بڕەخسێت و ببنە خاوەن كار و پیشەی خۆیان و لە وەرزی زستانیش هەمان خولمان كردەوە و زۆربەی ژنەکان ئێستا شوێنکاریان هەیە و بوونەتە خاوەن كاری تایبەت بە خۆیان.

 

دەربارەی ئەوەی چۆن ژنان برەو بە تواناكانی خۆیان بدەن، وتی: سەنتەری كار بەدەر نییە لە ڕێكخراوەكانی دیكە و خولی جۆراوجۆر بۆ ژنان دەكاتەوە، بەو ئامانجەی پەرە بە بەهرەكانی ژنان بدەن.

 

"فێربوونی دروومان پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون هەیە"

ئاشنا كاوە، فێركار و مامۆستای خولەكەیە لەبارەی خولەكەوە دەڵێت: لەم خولەدا ٢٥ بەشداربوومان هەیە و تا ئێستا وەک بەرگدروویەک بەشداری زیاتر لە ٣٥ خولم لەناو شاری كۆیە کردووە، مەرج نییە هەموو فێرخوازەكان ببنە بەرگدروویەكی باش، بەڵام ئەگەر لەو ٢٥ كەسە بتوانین ١٠ كەسیان فێر بكەین واتە ئاستێکی باشمان بە دەستهێناوە.

 

ئاشنا کاوە، لە ساڵی ٢٠١٥وە خولی فێربوون بە ژنان دەڵێتەوە و بەشێکی زۆر لە ژنانی خولەکە ئاشنا فێریان دەکات، چونکە شێوازێکی نوێ لە وتنەوەی وانەکاندا بەکاردەهێنێت، سەبارەت بە دروومان كردن ئاشنا دەڵێت: سەرەتا دەبێت حەزت بۆ پیشەكە هەبێت، وەک خۆم ئەگەر دوو كاتژمێر ئیشی ماڵ بكەم، دوای خێرا دەست دەكەمەوە بەكاری دروومان، چونكە زۆرم خۆشدەوێ و سەرەتا ئەگەر کەسێکیش بیەوێت ببێتە بەرگدروو بە دەستی دروومانەکە دەكات، ئەوەش بە هەموو فێرخوازەکانم دەڵێم.

 

ئاشنا کاوە لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەشكرد، كە لە سەردەمی ئەو خولی بەرگدرووی نەبووە، دەڵێت: من دەچوومە لای بەرگدرووەکان خۆم فێر دەكرد، لە كۆیە بەرگدرووی زۆر باش بوونی هەیە کە لە کۆنەوە کار دەکەن، لەم سێ مانگی هاوینیشدا خولی زۆر دەكرێتەوە و ژنان دەتوانن بەشداری بکەن و باش فێرببن.

 

"هەموو کارێک قورسە و هەوڵی بەردەوامی پێویستە"

دڵنیا قادر بەشداربوویەکی خولەكەیە و دەربارەی بەشداریکردنی لە خولەکەدا دەڵێت: بۆ دەستپێكردنی هەر كارێک پێویستە ویستی فێربوونت هەبێت، منیش وەک حەزێک هاتووم و دەمەوێت لە داهاتووشدا بتوانم کاری پێبکەم و ببمە خاوەن کاری خۆم.

 

دەربارەی قورسی فێربوونی کارەکە دڵنیا قادر وتی: ڕۆژی یەكەم قورس بوو بەلامەوە، بەڵام مامۆستاکان ئەوەندە بە باشی وردەکارییەکانیان ڕووندەکردەوە و شێوازی بڕین و قیاسکردنیان فێرکردین، هەر ئەمەش وایکرد کارەکەم لەلا ئاسان بێت و حەزی زیاترم بۆی هەبێت.