کوردستان بە دروستکردنی جانتا ژینگە و کولتووری کوردی دەپارێزێت

كوردستان ياسين، ژنێکی دەستڕەنگینە، جانتای جلی کوردی و کاری دەستی و تورەکەی دەستییەوە هەوڵێداوە ژینگە و کولتووری کوردی بپارێزێت.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- کوردستان یاسین، دەرچووی بەشی کۆمپیوتەرە لە کۆلیژی زانست و تەکنەلۆژیا، بەڵام جیاواز لە بڕوانامەکەی ماوەی چوار ساڵە لە ماڵەوە و لە ئێستاشدا لە فرۆشگاکەیدا هەوڵیداوە سەرجەم جۆرەکانی جانتای جلی کوردی ژنان و جلی دەرەوە و جۆرە جیاوازەکانی دروستبکات، جگە لە خۆی چوار ژنی دیکە کاری لەگەڵ دەکەن و پیکەوە براندی مرواری بەڕێوە دەبەن.

 

براندی مرواری براندێکی کولتوورییە

کوردستان یاسین لەبارەی کردنەوەی فرۆشگاکەوە دەڵێت: پێویستم بە شوێنی کار بوو، چونکە پێداویستییەکانم زۆر بوو و تا بشبێتە کارگەیەکی بچوک و بەشێک لە پێداویستیەکانیشم تێدا ساغکردەوە، ڕۆژانە ئیشەکانی خۆمان و نمایشی کارەکانیش دەکەین، لە ڕابردوودا بۆ دروستکردنی جانتاکان پێداویستیمان دەست نەدەکەوت، بەڵام ئێستا خۆمان لە فرۆشگاکەدا بە کۆ شت دەفرۆشین تا بەشی ئەو کەسانە بکات کە بە ئۆنلاین کار دەکەن.

 

ئەم ژنە ڕەنجکێشە باس لەوە دەکات لە ئێستادا خواست لەسەر جلی کوردی زۆر بووە، بۆیە لە فرۆشگاکەیدا هەموو پێداویستییەکانی ئیکسسواراتی ژنانیش نمایش دەکات و کڕیار دەتوانێت سەرجەم پێداویستیەکانی جوانکاری ژنان بۆ جلی کوردی بەدەستبهێنێت.