بەیبون سویت، بە ڕەنگێکی ژنانە ڕەنجی ژنێک نیشان دەدات

ساکار ماوەی ١٤ ساڵە لە ماڵەوە و ٢ ساڵیشە بە ڕێگای ئۆنلاین کاردەکات، ئێستا لە شاری هەڵەبجە کافێیەکی کردووەتەوە و بووەتە جێیەک بۆ حەوانەوەی ژنان.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- کارکردنی ژنان لە پارێزگای هەڵەبجە لە باشووری کوردستان زیادیکردووە، ژنانی ڕەنجکێش، ڕەنجی چەند ساڵەیان دەخەنە بەرچاو و هەوڵدەدەن ببنە خاوەنکاری خۆیان و هەلیکار بۆ ژنانی دیکەش بڕەخسێنن، ساکار کەریم، نموونەی یەکێک لەو ژنانەیە کە لە ماڵەوە ماوەی چواردە ساڵە کار دەکات و دوو ساڵیشە بە ڕێگەی ئۆنلاین کاری دروستکردنی شیرینی و کێک دەکات و لەناو خەڵکدا ناسراوە.

 

ساکار کەریم، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە، بڕیاریدا کارەکانی لە دوکانێکدا کۆبکاتەوە و کافێیەکی بەناوی "بەیبون سویت" کردووەتەوە، سەرجەم ئەو شیرینییانەی تیادا دروستدەکات کە خواستی هاوڵاتیانی لەسەرە، ساکار هەرچەندە دەرچووی بەشی کشتوکاڵە، بەڵام خواستی بۆ دروستکردنی شیرینی زیاتر بووە، لەبارەی کردنەوەی کافێیەکەی دەڵێت: دوای ئەوەی داواکاری خەڵک زۆر بووە لەسەر شیرینیەکانم، بڕیارمدا کە شوێنێک بکەمەوە تایبەت بێت بە کارەکانی خۆم و ئەو ئەرکە لەسەر ماڵەوە کەم بکەمەوە، ئێستا کاتێکی زۆرتر تەرخان دەکەم بۆ کارەکەم، بەڵام بەم شێوەیە باشترە.

 

کافێیەکە ئەرکی قورسە بەڵام ئاسودەترە

ساکار باس لەوە دەکات ماندوو بوونی ئیجگار زۆری دوکانەکەی هۆکار نییە بۆ ئەوەی بەردەوام نەبێت، "پێم باشبوو لە دەرەوە بم و هەلیکار بۆ چەند کەسی تر بڕەخسێنم، لە ئێستادا هەرچەندە سەرەتای کار کردنمە، بەڵام توانیومە دوو ژن بخەمە سەرکار و لە داهاتووشدا لەگەڵ زیاتر بوونی جۆری شیرینییەکان ئەرکی سەرشانمان قورس تر دەبێت بۆیە بەدڵنیاییەوە هەلیکاری زیاتر دەڕەخێت بۆ ژنان.

ساکار کەریم، خاوەنی کافێی بەیبون سویتە، داوا لە ژنان دەکات نەترسن و هەنگاو هەڵبهێنن و دەشڵێت: "دەستپێکردن ئاسانە و برەوپێدان ئاسوودەیت پێ دەبەخشێت".