ژنۆلۆژی، زانایی و زانیاری و ڕۆشنبیری ژنانە ...٢

دیجلە کولیلک: بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆدا سەرکەوتنی تەواوی ژنانە

لە ساڵانی ٢٠١٧دا لە زانکۆی ڕۆژئاوا بەشی ژنۆلۆژی کرایەوە، دیجلە کولیلک، مامۆستا و وتەبێژی ژنۆلۆژی ئاماژەی بەوەدا کە شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنە، شۆڕشی دووەمیش کردنەوەی بەشی ژنۆلۆژییە لە کۆلێژی ئەدەب و زانستی زانکۆی ڕۆژئاوا.

 

ڕوناهی نودا

قامیشلۆ- کۆلێژی ئەدەب و زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە شاری قامیشلۆ کرایەوە، دوای گوندی ژنوار، بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆکەدا دامەزرا، ئەمەش دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو کە چەندین گۆرانکاری تێدا ڕوویدا، یەکێک لەوانە کردنەوەی بەشی ژنۆلۆژی بوو لە زانکۆدا، لە جیهانیشدا ئەمە یەکەمین جارە کە بەشێکی تایبەت بە فکر و زانستی ژن ببێتە دەنگ و رەنگی هەبوونی ژنان، پێش ئەوەی خوێندکاران لە بەشی ژنۆلۆژی وەربگیرێن لە خوێندنگەدا ئامادەکاری پەروەردەیی وەک زمانی کوردی، کۆمپیوتەر، نەتەوەیی دیموکراتیک، سەرەتایەک بۆ ژنۆلۆژی، کۆمەڵناسی و زانست و توێژینەوە دەکرێن، لە کۆلێژی ئەدەب و زانستە کۆمەڵایەتیەکان بەشی ژنۆلۆژی هەریەک لە مێژوو، فەلسەفە، ئیکۆلۆجی، ژن لە ئایین و باوەڕدا، کۆمەڵناسی ئازادی، ئەخلاق، ئیستاتیک-جوانی، میتۆدی توێژینەوە، میتۆدی فێرکردن دەخوێندرێت، ئەم بەشە سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، لە چەندین وڵاتەوە سەردانیکراوە و چەندین کۆبوونەوەش لەسەر بەشی ژنۆلۆژی بەڕێوەچووە.

 

"سەرەتای بەشی ژنۆلۆژی"

لە بارەی بەشی ژنۆلۆژی لە کۆلێژی ئەدەب و زانستە کۆمەڵایەتییەکان، دیجلە کولیلک، مامۆستا و وتەبێژی ژنۆلۆژی زانیاری دەخاتەڕوو، "بەشی ژنۆلۆژی-ژنناسی لە زانکۆی ڕۆژئاوادا دامەزرا و لە جیهاندا یەکەمە، سەرەتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووینەوە. چونکە ژنانناسی لە ناو کۆمەڵگەدا نییە و کاتێک لە کۆلێژی ئەدەب و زانستە کۆمەڵایەتییەکان خۆی ڕێکخست لە دانانی مامۆستادا بۆ بەشە گرفتمان هەبوو، چونکە کەس بەشی ژنۆلۆژی نەخوێندبوو، تا ئەم دۆخە تێپەڕێنین چەند مامۆستایەکمان هەڵبژارد و لە بواری ژنۆلۆژیدا پەروەردەمان کرد، خوێندکاران سەردانی بەشەکەیان دەکرد و بە بایەخێکی زۆرەوە لە بەشەکە نزیک دەبوونەوە، ئێمەش وەک هەنگاوی سەرەتا گرنگی و ئامانجی ژنۆلۆژیمان بۆ ڕوونکردنەوە، بۆیەش لە سەرەتادا ژمارەی خوێندکاران کەمبوون، هۆکارەکەشی ئەوەبوو ئاشنای ژنۆلۆژی نەبوون، دەستمان کرد بە بڵاوکردنەوەی بروشەر و هۆشیاری، لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە هەوڵی ناساندنی زیاتری ژنۆلۆژیمان دەدا، بە تێپەڕبوونی کات بەشەکە و ژنۆلۆژیمان ناساند و خوێندکاری زیاتر ڕوویان تێدەکرد".

 

"ژنان دەتوانن وزە هەزاران ساڵەکەیان دەربخەن"

دیجلە کولیلک ئامانجی بەشی ژنۆلۆژی وەها نرخاند، "ژنۆلۆژی لە ساڵی ٢٠٠٨دا لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە لە کتێبی سۆسیۆلۆژیای ئازادیدا پێشنیار کرا، کاتێک ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆی دامەزراند، یەکەم پرسیارمان ئەوە بوو کە لەسەر چ بنەمایێک ژنان هۆشیار بکەینەوە، خوێندکاران پێش ناسینی ژنۆلۆژی زۆر گرێدراوی تێڕوانینی باوک و براکانیان بوو، کاتێک ژنۆلۆژی ناسێنرا دەکەوتنە نێو جیاوازی عەقڵییەتی پیاوسالاری، ئامانجیشمان ئەوەیە ژنان خاوەنی ئەو بڕیار و وزەیە بن کە هەزاران ساڵە لەناویاندا شاردراونەتەوە، ئەو فکرەی کە ژنان بچوک دەکاتەوە دەمانەوێت لەناوببەین و شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە شۆڕشی ژن ناسراوە ژنان زیاتر هێزی خۆیان دەربخەن و لە ڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و دیپلۆماسی و سەربازی و سیاسیەوە زیاتر خۆیان ڕێکبخەن".

 

ماوەی دوو ساڵە بەشی ژنۆلۆژی هەیە، هەر ساڵێک لە دوو قۆناغ پێکدێت، پێش ئەوەی لە زانکۆشدا بکرێتەوە، لە خوێندنگەی ئامادەییدا ژنۆلۆژی دەخوێندرا تا لە کردنەوەی بەشەکەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی نەبنەوە، بەمەش خوێندنی ژنۆلۆژی دەبێتە پێنج قۆناغ.

 

بە پێی قسەکانی دیجلە کولیلک لەدوای تەواوکردنی بەشی ژنۆلۆژی خوێندکاران لە ناوەندەکانی ژناندا دەستبەکار دەبن و درێژە بە کارکردن لەسەر ژنۆلۆژی دەدەن، هەروەها لە خوێندنگەکاندا دەبنە مامۆستای قۆناغەکانی ١٠-١١-١٢، لە دواتریشدا چاودێری خوێندکارە دەرچووەکان دەکرێت تا بزانرێت چەندە پەیڕەوی بنەماکانی ژنۆلۆژی دەکرێت.

 

"لە ساڵی ٢٠١٧ەوە چوار گروپی خوێندکاری بەشەکە هەیە"

ئەو مامۆستایە دۆخی خوێندکارانی بەشەکەی وەها هەڵسەنگاند: لە ساڵی ٢٠١٧ەوە چوار گروپی خوێندکاری بەشەکە هەیە و لە دەزگا و دامەزراوەکاندا کاردەکەن، گروپی دووەم پێش ماوەیەک قۆناغی کۆتاییان تەواوکرد، گروپی سێیەمین لە ئێستادا قۆناغی دووەم دەخوێنن، گروپی چوارەم لە قۆناغی ئامادەییان تەواوکردووە و لە ئێستادا بەشی ژنۆلۆژی دەخوێنن، بە ژمارە نازانرێت بەڵام خوێندکاری زۆری هەیە، لە بەشەکەدا لە پێکهاتەی عەرەب خوێندکار هەیە، ئەو خوێندکارانەی لە بەشەکەدان لەلایەن خێزانەکانیانەوە گۆڕانکارییەکانی تێیاندا کراوە، دەبینرێت، تا ئەو ئاستەی پێکهاتەی عەرەب پێیان ڕاگەیاندووین کە بەشی ژنۆلۆژی بە زمانی عەرەبی بکرێتەوە، ئێمەش هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین.

 

ژیانی یەکسان لە کۆلێژەکەدا

لە کۆتایی قسەکانیدا دیجلە کولیلک، وتی: لە دەرەوەی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتەکانی ئەڵمانیاش سەرنجیان بەلای بەشی ژنۆلۆژیدا ڕاکێشراوە، چەند سیمینارێکی هاوبەشمان لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەڵمانیا سازکردووە، پەرتوکێک لەسەر توندوتیژی دژی ژنان لەلایەن ئێمەوە ئامادە دەکرێت، کاتێک بەشی ژنۆلۆژیمان کردەوە زۆر لە میوانەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەهاتن و لە سیمینارەکانمان ئامادەبوون و گفتوگۆمان کردووە و کاریگەیشمان لەسەر داناون.

 

"چەندین گروپی سیمینارمان دروستکرد تا خوێندکاران زیاتر تێکەڵی یەکتر ببن، هیچ جیاوازییەک لەنێوان خوێندکاران و مامۆستایاندا نییە، ئێمە لەم بەشەدا ژیانێکی یەکسان دەژین، ئەو ڕاهێنانەی کە مامۆستایان و خوێندکاران ئامادەی دەکەن سودی زۆری هەیە، ئەو سیستمەی کە تەنها مامۆستا وانە دەدات و خوێندکار بۆ دەرچوون گوێ دەگرێت نییە، دەبێت هەردوولا بەرپرسیارێتی یەکتر بزانن و بەشداری لە ڕاهێناندا بکەن".

 

سبەی: گوندی ژن، ژنوار

 

ت.پ