ساکینە جانسز: بەشداری هەر ژنێک لە تێکۆشاندا شۆڕشێکە ...١

لە هەژماری نوێی گۆڤاری نەوای ژن‌دا، چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١١ی ساکینە جانسز، شۆڕشگێڕی تیرۆرکراو و دامەزرێنەری تەڤگەری ئازادی ژنی کوردی بڵاوکردەوە تێیدا باس لە گرنگی بەشداری ژنان لەناو شۆڕش و بەتایبەت ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڤاری نەوای ژن، گۆڤارێکی مانگانەی ژنانە و هەژماری ٢٠٢ی بە مانشێتی " تێکۆشانی بێکۆتا، حەسرەتی بێکۆتا" بڵاوکردەوە، لە ژمارەی ئەم مانگەیدا هەریەک لە کۆمەڵکوژی ژنانی سیاسەتمەداری کورد، کۆمەڵکوژی پاریسی ٩ی کانوونی دووەم و کۆمەڵکوژی سلۆپیی ٤ی هەمان مانگ بابەتی سەرەکی گۆڤارەکەیە.

 

یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی گۆڤاری نەوای ژن بڵاویکردووەتەوە، چاوپێکەوتنێکی دەنگی ساکینە جانسز، شۆڕشگێڕی تیرۆرکراو و دامەزرێنەری تەڤگەری ئازادی ژنی کوردە، کە لە ساڵی ٢٠١١ ئەنجامدراوە و بۆ جاری یەکەمە بڵاودەبێتەوە.

 

ساکینە جانسز، ناسراو بە سارا، لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لەگەڵ فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەلایەن میتی تورکەوە تیرۆر کران، دوو ساڵ بەر لە تیرۆرکردنی و ساڵی ٢٠١١، ساکینە وەک پێشەنگ و دامەزرێنەری تەبگەری ئازادی ژنانی کورد بۆ سێیەمین کۆنفرانسی یەکێتی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان- یژەرەکە بانگهێشتکرا، لە ٤ی نیسانی ٢٠١١دا لە چاوپێکەوتنێکدا بە وردی چەمکی ئازادی و ڕێکخستن و خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و واقیع و ڕژێمی ئێران هەڵدەسەنگێنێ، هەروەها جەخت لە گرنگی تێکۆشانی ژنی کورد بۆ ئازادی دەکات لە دژی شێوازەکانی سیستەمی پیاوسالاری.

 

چاوپێکەوتنی ساکینە جانسز بەم شێوەیەیە:

بەشداری سێیەمین کۆنفرانسی یەژەرەکە بوون، ئەنجامی کۆنفرانسەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ساکینە جانسز: سڵاو دەنێرم بۆ سێیەمین کۆنفرانسی یەژەرەکە، کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو بوو، هەروەها پیرۆزبایی لە تەواوی هەڤاڵانی ژنی بەشداربووی کۆنفرانس دەکەم، گفتوگۆکان لە ئاستێکی بڵند و بە بڕیاری گرنگەوە بەڕێوەچوو، من زۆر لە نزیکەوە هەستم بەوەکرد، ئەو ئاستەی کە تەڤگەری ژنانی کورد پێی گەشتووە، گرنگە، ئەو ناوچەیەی کە سەرەتا پەکەکە خۆی تێدا بەڕێکخستن کرد و وەک پارتێک دامەزرا، کاریگەری لە خەڵکی باکوری کوردستان کرد، بەڵام دواتر لە سەرانسەری کوردستاندا بڵاوبووەوە و بەتێپەڕبوونی کات ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنانیش پەرەی سەند، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشێوەیەکی خۆسەر خۆیان بە ڕێکخستن کرد و ئەمەش خاڵێکی گرنگ بوو.

 

هەر لە سەرەتاوە ئێوە لە تێکۆشانی ئازادیدان، پێش تێکۆشانی ئازادی دۆخی ژنان چۆنبوو؟ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە چۆن ڕۆڵیان لە پێشخستنی تەڤگەری ئازادیی ژنانی کورددا بینی؟

ساکینە جانسز: دەتوانین بڵێین دۆخی ژنان لە هەرلایەکی کوردستان و کێشەکانی ژنی کورد تێیدا دەژین وەک یەکە، پێش دەستپێکردنی تێکۆشانی ئازادی، بەڕاستی ژن نەبوو، بەهاکانی گەلی کورد زەوتکرابوون و تاڵانکرابوون بەگشتی داگیرکارییەکی بەرفراوان هەبوو، سەرەڕای داگیرکردنی جوگرافیای کوردستان و زمان و کەلتووری گەلی کورد، هەموو بەها مێژووییەکان دزرابوون، دەتوانین بڵێین کە ژنی کورد و کۆمەڵگای کوردستان وەک یەک بوون، هیچ بیرۆکەیەکی ژنان ڕێکخستنیان لێکۆڵینەوە و تێکۆشانیان نەبوو، ژنی کوردیش ئەو ژیانەی وەکو قەدەرێک پەسەند کردبوو و بێدەنگی هەڵدەبژارد، بۆیە لەوکاتەدا دەستکردن بە تێکۆشانی ئازادی، دامەزراندنی پەکەکە زۆر گرنگ بوو، هەنگاوێکی وەهابوو کە هەموو بێدەنگی و تاریکییەکی مێژوو و ناڕێکخستنی هەڵوەشاند و کاریگەری لە هەموو لایەک کرد.

 

لە ڕاستیدا کەس چاوەڕێی هەنگاوێکی ئاوا نەبوو، سەرەتا ژنان کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر دروستبوو، ڕێبەر ئۆجالان لە سەرەتای خەباتی ئازادیەوە گرنگییەکی زۆری بە ژنان دا و ڕێبازێکی تایبەتی گرتەبەر، ڕایگەیاند کە ژیان و کۆمەڵگەبوون لەلایەن ژنانەوە دەستیپێکردووە، بۆیەش هەرکات باسی لە سەردەمی نیۆلۆتیک و دەستپێکی ژیان دەکرد لە کەسایەتی ژن و کلتوری دایکە خوداوەندا هەڵسەنگاندنی دەکرد.

 

چۆن ژنی کورد خۆی لەم دۆخە خراپە ڕزگار کرد؟ چۆن ئەو سەرکەوتنەی بەدەستهێنا و گەشتووەتە ئەو ئاستەی هێز و ڕێکخستن لە خەباتی ئازادیدا؟

ساکینە جانسز: لە باکوری کوردستان پێشکەوتنی خەباتی ژنانی کورد سەخت بوو چونکە ئەزموون نەبوو، لە مێژووی تێکۆشانماندا بەرخۆدان، لێگەڕین و چالاکی هەبوو، یەک بە یەک بەدوای ژناندا دەگەڕاین، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو ئایدۆلۆژیایەدا هۆشیاری و گەڕان، هەڵسەنگاندی مێژووی و کۆمەڵگەیی و هیچ ڕێکخستنێک نەبوو، بۆیە لەوکاتەدا پێویستی ڕێکخستنی ژنان و گەشەپێدانی ئەم کارە هەنگاوێکی مێژوویی بوو، بێگومان ئەمە ئەزموونێکی مانادار و گرنگە بۆ هەموو ژنانی کوردستان، تێکۆشانی ئێمە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ بەردەوامە و لە سەرانسەری کوردستان بڵاوبووەتەوە، تەنانەت سنووری کوردستانیشی تێپەڕاندووە.

 

ئەم تێکۆشانە پەیوەدیدارە بە بە هەموو ژنانەوە، زۆر ژنیش لەناو تێکۆشاندان، ئەوەی بە ئازار و خراپە ناڕێکخستن بوونی ئێمەیە، ئەم ناڕێکخستن بوونەش لە سەردەمی پێش تێکۆشانی ئازادیدا بناغەی لە نەبوونی ئایدۆلۆژیاوە دەگرت، لەدوای تێکۆشانی ئازادی، هەنگاو بە هەنگاو ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن و بنەماکانی گەشەی کرد، خۆڕێکخستن کردن دەستیپێکرد، ئێستا بە گشتی بزووتنەوەی ژنانمان لە هەموو ناوچەیەکدا هەیە، وەک ناوچەی گەریلا، بواری کۆمەڵایەتی و هەموو بوارەکانی ژیان، ڕێکخراوی خۆبەڕێوەبەریش گەشەی کرد و ڕێکخستنی چەتری بۆ ژنان ئاواکرد، کادی پێشخست و بەپێی فەلسەفەی ئازادی پەرەیان پێدا و خەباتیان درێژەپێدا.

 

بەشداری ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تێکۆشاندا چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگا هەیە؟

ساکینە جانسز: چەندین هەڤاڵی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەن، بەتایبەتی لەدوای پیلانگێڕی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بەشداری زیاتر بوو، هەر لە سەرەتاوە تێکۆشان کاریگەری هەبوو، ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە بەدوای خەبات و ئازادیدا گەڕاون، بەڵام دوای پلانگێڕی خاوەندارییەکی جەماوەری هاتە ئاراوە و ژنان و ژنانی گەنج ڕۆڵیان تێیدا گێڕا، بە پۆل بەشداری تێكۆشان دەبوون و دەهاتنە چیاکانی کوردستان، بە ڕاستی ئەمە شۆڕشێکە، چونکە بەپێی فەلسەفەی ژیانمان، ئەو هەنگاوانەی دوای ئەم ئایدیۆلۆژیایە دەرکەوتن لە هەموو بوارێکدا مانادارن، سەرهەڵدانی هەر ژنێکیش لەوێ بۆخۆی بزوتنەوەیەکە، لەم بارەیەوە ڕێبەرایەتی دەیوت: " ئەگەر لە ماڵێکدا ژنێک بەشداری تێکۆشان ببێت، واتای ئەوەیە شۆڕشێک هەڵگیرساوە، ئەگەر ژنێک لە گوندێک دەرکەوێت ئەو شوێنە دەبێتە شۆڕشگێڕ"، لەبەرئەوە هاتنی هەر ژنێک لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ماکۆ، ئورمیە، سنە و هەورامانەوە هەنگاوێکی ئازادییە، شۆڕشێکە، چونکە سیستم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی گۆڕاوە بۆ قۆناغێکی دژوار، نەریتی دەوڵەت-نەتەوە و ڕژێم، ئایینی بە سیاسی کرد و کردییە ئاینی دەوڵەت، نەتەوەیی بوونیشی خستە ئاستی دەوڵەتەوە، هەموو پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتی بە عەقڵییەتی ئەو ڕژێمەوە دەستی بەسەر بەها مرۆییەکاندا گرت، ئەمەش کاریگەری لەسەر واقیعی ئێستای کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان هەیە، بۆیە دەستکردن بە لێگەڕینی ئازادی و بەشداریکردنی تێکۆشان شتێکی ئاسایی نییە، لە دوای ساڵانی ١٩٩٠ بەشداری ژنان لە شۆڕشدا زیادیکرد.

 

دوای ساڵانی ٢٠٠٠، لێگەڕین چڕتر بوو، ژنان زیاتر خۆیان ڕێکخست، بەپێی خۆبەڕێوەبەری پارچەکانی کوردستان خۆی ڕێکخست، ئێستاش گرنگە کە یەژەرەکە-YJRK ڕێکبخرێت، ماوەی ٦-٧ ساڵە نەریتێکی ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری بزووتنەوەی ژنان هەیە و ماوەی ٤٠ ساڵیشە نەریتی خەباتی گشتی هەیە، لەو ئەزموونەوە هێز گرتن و لە بنەڕەتی خۆبەڕێوەبەرییەوە یەکێتی ئاواکردن گرنگە، هەر هەڤاڵێک بە بەشداربوونی خۆی کاریگەری لەسەر خێزان و دەوروبەرەکەی دەکات، بەشداربوونی هەر تاکێک باشترین وەڵامە بۆ ئەو سیستمەی ئازادی ژن لەناودەبات، ڕێکخستنبوونی جەوهەری و هێزی ژنان، بانگەوازی ژنان بۆ ئازادی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا دەکات، لەلایەن ژنانەوە هەوڵدان و ڕێکخستنەکەی گرنگی زیاتر دەردەخات و پێویستی یەکبوونی ژنان نیشان دەدات تا زیاتر ببینە وەڵام.

 

سبەی: ساکینە جانسز گرنگی بەستنی کۆنگرەی ژنان و فشارەکانی ڕژێمی ئێران دەخاتەڕوو، هەروەها باس لە ئەرکی ژنان و تێکۆشانیان لە بەرامبەر ڕژێمی ئێران و سیستمی پیاوسالاری دەکات.