لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا... ئێستا کاتی گۆڕانکارییە (٧)

ڕێڕەوە جیاوازەکانی کاری ژنان لە مەغریب، جەزائیر و تونس لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکاریدا، بەرگریکردن لە دەستکەوتەکان، فراوانکردنی ئەو کەشانەی ڕێگە بە ژنان دەدەن خۆیان ڕێکبخەن و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتە گشتییەکان هەبێت بەیەک دەگەنەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا... ئێستا کاتی گۆڕانکارییە (٧)

لە مەغریب، جەزائیر و تونس... تێکۆشانی ژنان لە ناڕەزایەتییەوە بۆ بونیادنانی ئامرازەکانی ڕووبەڕووبوونەوە

 

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەنگاربوونەوەی ژنان بۆ توندوتیژی و جیاکاری لە ژمارەیەک وڵاتی باکووری ئەفریقادا ئیتر تەنها لە ناڕەزایەتی دەربڕین دژی پێشێلکارییەکان یان داواکاری بۆ گۆڕینی یاساکان کورت نابێتەوە، لە ماوەی نێوان تشرینی دووەمی ٢٠٢٥تا هەمان تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦، دەستپێشخەرییەکانی ژنان لە مەغریب، جەزائیر و تونس بەرەو گەشەپێدانی ئامرازی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوە هەنگاویان نا، کە بەڵگەدارکردنی پێشێلکارییەکان، بونیادنانی تۆڕەکانی هاوپشتی، ئامادەکردنی میکانیزمەکانی چاودێریکردنی ڕزگاربووان و داواکاری بۆ چاکسازی لە یاسا و سیاسەتە گشتییەکاندا کۆدەکاتەوە، ئەم ئەزموونانە بەپێی زەمینە سیاسی، کۆمەڵایەتی و دامەزراوەییەکان دەگۆڕێن، هەروەها سروشتی ئەو ئاڵەنگارییانەی کە لە هەر وڵاتێکدا ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە جیاوازن.

 

ژنان لە باکووری ئەفریقا بە هەمان شێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی جیاواز دەبنەوە کە تێیاندا شێوازەکانی جیاکاریی کۆمەڵایەتی، ئابووری، یاسایی و سیاسی بە یەک دەگەن، لە بەردەوامبوونی توندوتیژیی دژ بە ژنان، لەگەڵ توندوتیژیی خێزانی، سێکسی و دیجیتاڵی، تا دەگاتە ناهاوسەنگی ئابووری، فراوانبوونی کاری ڕێکنەخراو و بەرتەسککردنەوەی بەشدارییان لە ژیانی گشتی و سیاسی، هاوڕێ لەگەڵ لاوازیی پاراستنی کۆمەڵایەتی و سەختیی دەستڕاگەیشتن بە مافەکانی کارکردن، لە سایەی بەردەوامیی گتوگۆکان لەسەر چاکسازی لە یاسای خێزان و پەککەوتنی پەسەندکردنی ئەو گۆڕانکارییە یاساییەی وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی بزووتنەوەی ژنانن، لە ناوەڕۆکی ئەمانەشدا داواکاریی ژنان تەنها لە پاراستن لە پێشێلکارییەکان کورت نەبووەتەوە، بەڵکو بەرەو لێپرسینەوە لەو سیاسەتە گشتییە، یاسا و ڕەفتارانە هەنگاوی ناوە کە جیاکاری بەرهەم دەهێننەوە و چەسپاوتری دەکەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شێوازی جیاوزی بەرەنگاربوونەوەی ژنان کە لە ناڕەزایەتیی نەریتی تێدەپەڕێت بۆ چاودێریکردن، بەڵگەدارکردن، ڕێکخستن و داواکاریکردن لە پێناو گۆڕینی ڕاستی ماف و ئازادییەکاندا.

 

ئەزموونی ژنان لە مەغریب، جەزائیر و تونس دەری دەخات کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و جیاکاری ئیتر لە یەک ڕێڕەودا بەرەوپێش ناچێت، بەڵکو شێوازی جیاوازی وەرگرتووە کە لە ناڕەزایەتی و داوای گۆڕینی یاساکان تێدەپەڕێت.

 

لە مەغریب، مەیدانەکانی ڕووبەڕووبوونەوە فراوان بوون تا کەشی دیجیتاڵی، شوێنەکانی کار، سەرچاوە ناوخۆییەکان و گفتوگۆ یاساییەکان بگرێتەوە، لە کاتێکدا لە جەزائیر ئاراستەیەک بەرەو بونیادنانی بیرەوەرییەکی بەکۆمەڵ بۆ پێشێلکارییەکان و گەشەپێدانی ئامرازی سەربەخۆ بۆ بەڵگەدارکردنی تاوانەکانی کوشتنی ژنان دەرکەوت، لە پەنای تۆڕەکانی هاوپشتی و دەستپێشخەرییەکانی پاراستنی مەدەنی، بەڵام لە تونس، بەردەوامبوونی تێکۆشان لە پێناو یەکسانیدا تێکەڵ بە ململانێی بەرگریکردن لە دەستکەوتە یاساییەکان و کەشی مەدەنی بووەتەوە کە دەرفەتی بە بزووتنەوەی ژنان داوە بەشێکی گرنگ لە ئامرازەکانی کاری خۆی بونیاد بنێت.

 

مەغریب... لە بەڵگەدارکردنی پێشێلکارییەکانەوە بۆ فراوانکردنی مەیدانەکانی بەرەنگاربوونەوە

شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی ژنان لە مەغریب جیاواز بوون، لە چاودێریکردنی توندوتیژیی دیجیتاڵی، ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ دەستکەوتنی مافەکانی کار و سەرچاوە ناوخۆییەکان، تا دەگاتە داواکاریکردن بۆ چاکسازی لە یاساکاندا، ڕووبەڕووبوونەوە ئیتر تەنها لە شەرمەزارکردنی پێشێلکارییەکان دوای ڕوودانیان کورت نەبووەتەوە، بەڵکو ڕێکخراوەکانی ژنان بەرەو گەشەپێدانی میکانیزمی چاودێریکردن و بەڵگەدارکردن، هەوڵدان بۆ کاریگەریدانان لەسەر ئەو سیاسەت و یاسایانەی ژیانی ژنان ڕێکدەخەن، هەنگاویان ناوە.

 

ئەم جوڵانە لە زەمینەیەکدا دێن کە هێشتا سکاڵاکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان ژمارەی بەرز تۆمار دەکەن، دادگا گشتییەکان لە مەغریب بە نزیکەی ٧٩ هەزار و ٥٩ سکاڵای پەیوەندیدار بە توندوتیژیی دژ بە ژنانیان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا تۆمار کردووە، هاوکات لەگەڵ سزادانی ٢٥ هەزار و ٨٨٥ کەس و کردنەوەی ٢٤ هەزار و ٨٠٦ پەڕاوی دادوەری، ئەم ژمارانە بەپێویست تەواوی قەبارەی توندوتیژییەکە نیشان نادەن، بەڵکو تەنها ئەو حاڵەتانەن کە گەیشتوونەتە ئامێرەکانی دادپەروەری، بەڵام ئاماژەیەک دەدەن بە فراوانیی ئەو دیاردەیەی کە ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەجووڵێنەوە.

 

لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵیدا، کۆمەڵەی "ئاڵەنگاری بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون"، لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دامەزراندنی "چاودێریی نیشتمانی بۆ پاراستن لە توندوتیژیی دیجیتاڵی" ڕاگەیاند، وەک میکانیزمێکی مەدەنی کە هەوڵەکانی کۆمەڵەکانی ژنان لە حەوت پارێزگا کۆدەکاتەوە و کار لەسەر چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان، بەڵگەدارکردنیان، بەشداریکردن لە چاودێریکردنی زیانپێکەوتووان و داواکاریکردن بۆ بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی و دامەزراوەیی دەکات، ڕاگەیاندنی چاودێرییەکە هاوكات بوو لەگەڵ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەکە کە ٥٣٥ حاڵەتی تۆمار کردبوو کە لەلایەن ناوەندەکانی گوێگرتنی سەر بە کۆمەڵەکە و یەکە گەڕۆکەکەیەوە لە ماوەی ئەو مانگانەی پێش دەرچوونی ڕاپۆرتەکە پێشوازییان لێکرابوو، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ قەبارەی ئەو پێشێلکارییانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە و ئەو سەختییانەی هێشتا ڕێگرن لە دەستڕاگەیشتنی زیانپێکەوتووان بە میکانیزمەکانی دادپەروەری.

کاری چاودێرییەکە لە چاودێریکردنی دەستدرێژییە دیجیتاڵییەکان لە زەمینە گشتییەکەیدا نانوەستێت، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ بەدواداچوونی بەئامانجگرتنی ئەو ژنانەی بەشداری لە ژیانی سیاسییدا دەکەن، لە ماوەی کەمپەینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئەیلوولی ٢٠٢٦، چاودێرییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی "ئاڵەنگاری بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون"، توێژینەوەیەکی لەسەر توندوتیژیی دیجیتاڵی ئاڕاستەکراو دژی ژنانی سەرۆکی لیستە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئەنجام دا.

 

توێژینەوەکە ٤٢ کاندیدی گرتەوە، بە بەشداریی ٢١ چاودێر و چاودێرکار، ٦٢٨ حاڵەتی بەئامانجگرتنی دیجیتاڵی بەڵگەدار کرد، هەروەها ٤٨١ حاڵەتی ناوزڕاندن، ٤٣٦ حاڵەت کە وتاری ڕقبوونەوەی بەهۆی ڕەگەزەوە لەخۆگرتبوو و ٤٠٥ حاڵەتی بڵاوکردنەوەی زانیاریی پشتڕاستنەکراوەی تۆمار کرد، ئەم ژمارانە وێنەی ژمارەی ئەو ژنانە ناگرنەوە کە کراونەتە ئامانج، بەڵکو کۆی ئەو حاڵەتانەن کە لەلایەن گروپی چاودێرییەوە بەڵگەدار کراون، هەروەها شێوازەکانی دەستدرێژی ڕەنگە لە ناو یەک حاڵەتدا تێکەڵ ببڕدرێن.

 

بە هاوتەریب لەگەڵ ئەم دەستپێشخەرییە مەدەنییانەدا، ئەنجومەنی نیشتمانیی مافەکانی مرۆڤ، لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، کەمپەینێکی نیشتمانیی بە دروشمی "لە ئاست توندوتیژیدا بێدەنگ نابین" دەستپێکرد، کە خوولی ئەو ساڵەی تایبەت کرابوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵی دژ بە ژنان.

 

لە بواری کاردا، کارمەندانی کۆمپانیای "سیکۆم ـ سیکۆمیک" لە مەکناس، لە ڕێڕەوێکدا کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێشوو و مانگرتنی کراوە لەخۆدەگرێت، درێژەیان بە خۆپیشاندانەکانیان دا بۆ داواکردنی مافەکانیان دوای دوورخستنەوەیان لە کار.

 

لە نوێنەنی فیکیکدا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بزووتنەوەی ناوخۆییدا هەبوو کە داکۆکی لە مافی ئاو و بەڕێوەبردنی دروستی سەرچاوەکانی ئاو دەکرد، ئەم بزووتنەوەیە لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە ناڕەزایەتیی بنەڕەتییەوە بۆ داکۆکیکردنی دامەزراوەیی گواسترایەوە.

 

سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردنی یاسایی لەناو خێزان، کۆمەڵەکانی ژنان و ئۆرگانەکانی هەماهەنگکار بەردەوام بوون لە داواکردنی یەکسانی و پاراستنی مافەکانی ژنان لە چاکسازی پێشبینیکراوی یاسای خێزان.

دەیان ساڵ کارکردنی مافەکانی مرۆڤ و کۆکردنەوەی ژنان بەشدارییان کردووە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئاورای نهێنی و هەستیارییەی کە لە مێژە یاساکانی باری کەسی دەورە داوە، ئەم یاسایانە پێگەی کەسییان لە بابەتێکی تایبەتەوە گۆڕیوە، یان بابەتێک کە سەختە ببێتە گفتوگۆی گشتی، بۆ پرسێکی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵایەتی کە کراوە بێت بۆ لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە، بەم پێیە کاریگەری بەرخۆدانی ژنان چیتر تەنها لە داواکردنی گۆڕانکاری لە دەقە یاساییەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو فراوانکردنی سنوورەکانی ئەو شتانەش دەگرێتەوە کە دەتوانرێت لە کۆمەڵگەدا باسی لێوە بکرێت و دەستەبەرکردنی مافی ژنان بۆ بەشداریکردن لە پێناسەکردنی ئەو ڕێسایانەی کە ژیانی خێزانییان بەڕێوەدەبەن.

 

ئەزموونی مەغریب مەیدانە فرەلایەنەکانی بەرخۆدانی ژنان ئاشکرا دەکات، لە کایەی دیجیتاڵییەوە تا شوێنی کار و سەرچاوە ناوخۆییەکان و گفتوگۆی یاسادانان، لە کاتێکدا چاودێریکردن داتای بەرهەمهێنا کە شێوازەکانی توندوتیژی ئاشکرا دەکرد، ناڕەزایەتییەکان داواکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی لە کایەی گشتیدا پاراست و داکۆکیکردن پێشنیارەکانیان پێشکەش بە دامەزراوەکان کرد، ئەم بزووتنەوەیانە هەروەها نیشانیان دا کە بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری تەنها بە داوای گۆڕانکاری یاسایی سنووردار نییە، بەڵکو ئاڵەنگاری ئەو پراکتیک و وتارانەیە کە بەردەوامی دەکەن و فراوانکردنی ئەو کەشانەش دەگرێتەوە کە ژنان دەتوانن تێیدا داواکارییەکانی خۆیان دەرببڕن و بەرگری لە مافەکانیان بکەن.

 

جەزائیر... لە بەڵگەنامەکردنی توندوتیژیەوە تا لێپرسینەوە لە دامەزراوەکان

لە درێژەی ئەم دینامیزمەی ژنان لە ناوچەی مەغریب، ژنان لە جەزائیر ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵەنگاری یاسایی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و دامەزراوەیی بوونەتەوە، ئەم سەختییانە تەنها پەیوەندییان بە توندوتیژیەوە نەبوو، بەڵکو جیاکاری بەردەوام لە یاسادانان، پاراستنی لاواز، بەشداریکردنی سنووردار لە ژیانی گشتی و سنووردارکردنەکانیش کە ڕووبەڕووی کۆمەڵەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان بووەوە.

 

لە بەرامبەردا بەشێک لە بزووتنەوەی خۆڕاگری ژنان، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، سەرنجیان خستە سەر پەرەپێدانی ئامرازی بەکۆمەڵ بۆ بەڵگەنامەکردنی توندوتیژی و بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن، لە هەمان کاتدا بانگەشەکردن بۆ سیاسەتی گشتی دادپەروەرانەتر فراوانتر کرد، ئەم هەوڵانە چیتر تەنها لە چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان دوای ڕوودانییان سنووردار نەبوون، بەڵکو درێژبووەوە بۆ پرسیارکردن لە وەڵامە دادوەری و میدیاییەکان بۆیان، داوای میکانیزمی دامەزراوەیی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بنەمای یەکسانی لە بڕیارەکان و بودجەی گشتیدا ڕەنگدەداتەوە.

 

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە داتای فەرمی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان بە ناتەواوی ماوەتەوە و ئەو ئامارانەش گوزارشت لە تەواوی ئەو دیاردەیە ناکەن، لە ژێر ڕۆشنایی ئەم بۆشاییانەدا، دەستپێشخەریی ژنکوژی جەزائیر لە ئەیلوولی ٢٠٢٦ سەریهەڵدا، بە ئامانجی دروستکردنی بنکەیەکی زانیاری لەسەر ژنکوژییەکان، میتۆدۆلۆژیای ئەو لەسەر بنەمای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان و بەڵگەنامەکردنی کەیسەکان و چاودێریکردنی گەشەکردنیان دامەزراوە، ئەم دەستپێشخەرییە نوێنەرایەتی سەرەتای بەڵگەنامەکردنی ژنان بۆ  کوشتنی ژنان لە جەزائیردا نییە، گروپی "Féminicides Algérie" ساڵانێکە چاودێری ئەم تاوانانە دەکات و بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٣٧ کوشتنی ژنانیان بەڵگەدار کردووە، دەستپێشخەرییە نوێیەکە لەسەر ئەم کارە بونیاد دەنرێت و میکانیزمەکانی پەرەپێدەدات، هەوڵدەدات داتای سەربەخۆ پێشکەش بکات کە یارمەتیدەرە بۆ ئاشکراکردنی شێوازەکانی تاوان کە لە ئامارە فەرمییە بەردەستەکاندا ڕەنگدانەوەی نییە.

 

فاتمە زەهرا شەرەفی، چالاکوانی جەزائیری، وتی: ئاڵەنگارییەکە تەنها بە کەمی داتاکان سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ شێوازی پێناسەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ژن کوشتن بە شێوەیەکی یاسایی و لە میدیاکاندا، هەروەها زۆرێک لەو تاوانانە وەک ڕووداوی گۆشەگیری کوشتن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەبێ ئەوەی تیشک بخرێتە سەر توندوتیژییە ڕەگەزییە بنەڕەتییەکان یان بەدواداچوون هیچ هێرشێکی پێشوویان هەبێت، هەروەها هەندێک لە ڕووماڵە میدیاییەکان لەسەر لایەنی سۆزداری یان گێڕانەوەی تاوانبارەکە جەخت دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا هەندێکجار کەمتەرخەمن لە لێپرسینەوە لە دامەزراوەکان و لێکۆڵینەوە لە میکانیزمەکانی پاراستن کە دەکرا ڕێگری لە تاوانەکە بکەن.

ئاماژە بە نایەکسانی دەکات لە ڕووماڵکردنی میدیایی نێوان ڕۆژنامە عەرەبی و فەرەنسییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی زاراوەی "ژنکوژی"، هەروەها ویستی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان بۆ لێکدانەوەی تاوانەکە لە ڕێگەی باری دەروونی تاوانبارەکەوە، کە ڕەنگە هۆکارە کۆمەڵایەتی و جیاکارییەکانی دەوروبەری ئالۆز بکات.

 

لەم ڕوانگەیەوە دەستپێشخەرییەکانی بەڵگەنامەسازی ژنان گرنگییەک بەدەست دەهێنن کە لە تەنها ژماردنی زایانبەرکەوتووان تێدەپەڕێت، ئامانجیان بەرهەمهێنانی شیکارییەکی سەربەخۆیە کە تاوانەکان بە چوارچێوەی توندوتیژی و کۆنترۆڵکردن و جیاکارییەوە ببەستێتەوە و بەرپرسیارێتی دامەزراوەکان لە خۆپاراستن و پاراستن و لێپرسینەوەدا بچێتەوە.

 

ڕووبەڕووبوونەوەکە درێژبووەوە بۆ کایەی دیجیتاڵی، کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٦دا جەزائیر شایەتحاڵی کەمپەینێکی ناوزڕاندن و هەڕەشە و هاندان بوو کە کارمەند و چالاکوانانی ژنی کردە ئامانج لە گۆڤارەکانی ژنانی جەزائیر، کە دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی قازانج نەویستە و کاردەکات بۆ بەرگریکردن لە ماف و یەکسانی ژنان، ئەم کەمپەینە شەپۆلێکی هاودەنگی لە لایەن کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنانەوە لێکەوتەوە، کە ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە و هێرشەکان و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی هەڕەشە و بێڕێزیکردنیان بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە کایەی گشتی شەرمەزارکرد، وەڵامەکە لەوە زیاتر بوو کە تەنها شەرمەزارکردنی مامەڵەی کارمەندەکان بوو، هەروەها پرسی توندوتیژی دیجیتاڵی وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی ژنانی بەشداربوو لە وتاری گشتی و بەرگریکردن لە مافەکانیانی هێنایەوە بەرچاو.

 

لەم چوارچێوەیەدا، فاتمە زەهرا شەرەفی ئاماژەی بەوەدا، کە دەستپێشخەرییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە توندوتیژییە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بەڵام دەست دەکەن بە وەرگرتنی شێوازی ڕێکخراوتر، لە ڕێگەی وۆرک شۆپەکانی هۆشیاری پارێزراوی دیجیتاڵی، بەڵگەنامەکردنی کەیسەکانی ناوزڕاندنی ئۆنلاین، هەراسانکردن و پشتگیریکردنی زیانبەرکەوتووان لە تۆمارکردنی سکاڵا، بەڵام ئەم هەوڵانە بەهۆی کێشەکانی بەدەستهێنانی وەڵامی دادوەری خێرا و پێویستی پەرەپێدانی شارەزایی دامەزراوەیی تایبەتمەندتر و میکانیزمەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی دیجیتاڵی لەسەر بنەمای ڕەگەزیی ئاستەنگیان بۆ دروستکراوە.

 

لە بواری پاراستنی ڕاستەوخۆ بۆ ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژی، کۆمەڵەی ژنان بەردەوامن لە پڕکردنەوەی بەشێک لەو بۆشاییەی کە بەهۆی ژمارەیەکی سنوورداری داڵدەدانی فەرمییەوە ئاشکرا بووە، ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە، دەریخست کە تەنها سێ پەناگەی کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێت لە جەزائیر بە فەرمی کراونەتەوە، دەکەوێتە شاری تیبازە، موستغانم و عەناببە، کە توانای کۆی گشتی تەنها نزیکەی ٢٢٠ ژنیان هەیە، لەبەرامبەردا ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕێکخراوەکانی ژنان لە ساڵی ٢٠١٠ەوە لانیکەم پێنج دامەزراوەی پشتیوانییان دامەزراندووە لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی کەمیی خزمەتگوزارییەکانی پاراستن.

 

فاتمە زەهرا شەرەفی ڕوونیکردەوە، کە کۆمەڵەی ژنان تەنها لە توانای خۆیاندا پشتیوانی ناکەن، بەڵکو زۆرجار بارگرانی زیاتر لە ئەسیتۆ دەگرن، ئەوان لە ڕێگەی تۆڕەکانی هاودەنگییەوە ئەم کارە دەکەن کە گواستنەوە و پەناگەی کاتی و یاوەریکردن بۆ دادگا و نەخۆشخانەکان پێشکەش دەکەن، جگە لە پشتیوانی دەروونی و یاسایی، ئەم ڕۆڵە گرنگی دەستپێشخەرییە مەدەنییەکان لە وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ژنان ئاشکرا دەکات، بەڵام پرسیاری بەردەوامیی ئەم خزمەتگوزارییانە و تا چەند کۆمەڵەکان دەتوانن بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەرچاوە سنووردارانەی کە ڕووبەڕووی کارەکانیان دەبنەوە.

ئەم دەستپێشخەرییانە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری نایەکسانی لە نێوان ئەو پێشکەوتنانەی ژنان لە بواری پەروەردەدا بەدەستیان هێناوە و کاریگەرییە سنووردارەکانی لەسەر بەشداری ئابووری و سیاسییان جیاناکرێتەوە.

 

فاطمة زەهرا شەرەفی ئەم دژبەرییە بە هاودژیی ژنانی زانکۆ و پیاوسالاری ئابووری پێناسە دەکات، وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەییی ڕوو لە زیادبوونی ژنان لە خوێندنی باڵا و هەندێک لە کەرتە پیشەیییەکاندا، لە بەرامبەر بەردەوامبوونی لاوازیی بەشدارییان لە کەرتە بەرهەمهێنەرەکان و شوێنەکانی بەرپرسیارێتیدا.

 

وتیشی: ئەم ناهاوسەنگییە پەیوەستە بە بەردەوامبوونی نوێنەرایەتییە نەریتییەکان و سەختییەکانی هاوسەنگکردنی کار و بەرپرسیارێتی خێزانیی و بڵاوبوونەوەی کاری نافەرمی، ئەمەش وایکردووە کە بەهێزکردنی پەروەردەیی بە تەنها بەس نەبێت بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ڕاستەقینە.

 

ئەم بۆشاییە لە بەشداریی سنوورداری ژنان لە ژیانی سیاسی و پۆستە بڕیاردەرەکانیشدا دیارە، سەرەڕای دەستکەوتی یاسایی و دامەزراوەیی پێشوو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا، پێکهاتە بەرچاوەکان لەم بوارەدا سەریان هەڵدا، لەوانە هەڵبژاردنی خالیدە بوفەدش وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی گەل لە ٢٨ی تەمموزدا، بووە یەکەم ژن کە سەرۆکایەتی ئەم دامەزراوە یاساییە بکات، هەروەها ئاماژەی بە دانانی لیوا قەنونی ڕەزیقا لە خانەی پەیوەندییەکانی سوپای نیشتمانیی گەل کرد، هەروەها ئاماژەی بە دانانی نەسیرە دحو وەک سەرۆکی دادگای ململانێکان لە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٦ کرد.

 

ئەم دامەزراندنانە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی بوونی ژنانە لە پۆستە باڵاکانی دامەزراوەییدا، بەڵام بە تەنها بەس نین بۆ ئەوەی بڕیار بدەن کە ئایا یەکسانی لە بەشداریکردندا بەدەست هاتووە یان ژنان چوونەتە پۆستی کاریگەری ڕاستەقینە لە بڕیاردان، ئاڵەنگاریەکە تەنها لەسەر لابردنی بەربەستەکانی بەردەم دەستڕاگەیشتن بە ژنان بۆ ئەو پۆستانە نییە، بەڵکو دڵنیابوونە لەوەی کە ئەم ئامادەبوونە لە سیاسەتە گشتییەکاندا ڕەنگدەداتەوە و لە چارەسەرکردنی ئەو جیاوازییە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە بەردەوامن لە سنووردارکردنی دەرفەتەکانیان.

 

هەر لەم پێوەندییەدا کەمپەینێکی داکۆکیکاری ژنان لە ساڵی ٢٠٢٦ سەریهەڵدا بۆ دامەزراندنی ڕوانگەیەکی نیشتمانی بۆ یەکسانی ڕەگەزی، وتی: ئەم پێشنیازە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی ئاڵوگۆڕ و ڕاهێناندا بوو سەبارەت بە دەستکەوتەکان، ئاڵەنگارییەکان و ئاسۆکانی کاری ژنان، کە بە سیمپۆزیۆمێکی نیشتمانی گەیشتە لوتکە کە لە ٢٠ تا ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦ لە جەزائیر بەڕێوەچوو، بە بەشداری ئەکتەرانی دامەزراوەیی، ئەکادیمی و کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها پسپۆڕان.

 

ئەم بزووتنەوەیانە ئاشکرای دەکەن کە بەرخۆدانی ژنان لە جەزائیر ڕێگای یەکگرتوو دەگرێتە بەر: بەرهەمهێنانی داتای سەربەخۆ لەسەر پێشێلکارییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی هەراسانکردنی دیجیتاڵی، دابینکردنی جێگرەوەکانی مەدەنی بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستن، داکۆکیکردن لە میکانیزمە دامەزراوەییەکان بۆ چاودێریکردنی ڕادەی بەدیهێنانی یەکسانی لە سیاسەت و بودجەدا، هەروەها نیشانی دەدەن کە خەبات تەنها لەسەر بوونی یاساگەلێک نییە کە دان بە مافەکانی ژناندا بنێت، بەڵکو پەیوەندی بە جێبەجێکردنیانەوە هەیە، هەروەها توانای کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە دامەزراوەکان، پاراستنی ئەو کەشانەی کە ڕێگە بە ژنان دەدات ڕێکخەربن وئەو بڕیارانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی خۆیان هەیە.

 

تونس... لە بەدەستهێنانی دەستکەوتەوە بۆ بەرگریکردن لێیان

لە تونس بەرخۆدانی ژنان جیاوازە لە ئەزموونی مەغریب و جەزائیر، بزووتنەوەی ژنان کە لە ماوەی دەیان ساڵدا سوودی لە دەستکەوتی یاسایی و دامەزراوەیی وەرگرتووە، لەم دواییانەدا خۆی لە بەردەم ئاڵەنگاریی دووانەیدا بینیەوە، ئەویش بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی ئامرازەکان بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، بەرگریکردن لەو کەشە مەدەنییەی کە ڕێگە بە کۆمەڵەی ژنان دەدات کاربکەن و خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن.

 

ئەم ئەزموونە لەسەر بنەمای میراسێکی یاساییە کە مێژووەکەی بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەنێویاندا یاسای باری کەسی کە لە ١٣ی ئابی ١٩٥٦ دەرچووە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٧ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

پاشان چوارچێوەی یاسایی بۆ لەباربردنی منداڵ لە ساڵی ١٩٧٣ فراوانکرا بۆ ئەوەی ژنان بگرێتەوە بەبێ گوێدانە باری هاوسەرگیری یان ژمارەی منداڵەکانیان، لە ژێر بارودۆخی پزیشکی و یاساییدا، جگە لەوەش، یاسای بنەڕەتی ژمارە ٥٨ی ساڵی ٢٠١٧، سەبارەت بە نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، بڕگەیەکی بەرچاوی لە دانپێدانانی یاسایی شێوازەکانی توندوتیژی و میکانیزمەکانی خۆپاراستن و پاراستن دیاریکرد.

 

بەڵام بوونی ئەم دەقانە نەیتوانیوە ئەو ئاڵەنگاریانەی پەیوەستن بە جێبەجێکردنیانەوە نەهێڵێت، هەروەها هەوڵەکانی سنووردارکردنی ئەو ڕێکخراوانەی کە کاردەکەن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان ڕانەگرتووە.

 

لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٢٦، ڕێوشوێنەکانی ڕاگرتنی دادوەری کاریگەرییان لەسەر ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی هەبوو، لەوانە کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس و کۆمەڵەی دەنگەکانی ژنان.

 

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ هەڵپەساردنی چالاکیی بە لانی کەم ٢٠ ڕێکخراوی مەدەنیی لە ماوەی دوو شەپۆل لە ڕێوشوێنەکاندا تۆمار کردووە، یەکەمیان لە نێوان تەمموز و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دووەمیان لە ماوەی نیسان و ئایاری ٢٠٢٦، پێی وایە کە ژمارەیەک لەم بڕیارانە کەموکوڕیی ڕێکارەکییان تێدا بووە و دەرفەتێکی ڕاستەقینەیان بە کۆمەڵەکان نەداوە بۆ چارەسەرکردنی سەرپێچییە بانگەشەبۆکراوەکان یان تانەدان لێیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

ئەم ڕێوشوێنانە بۆ کۆمەڵەی ژنان تەنها ڕێکاری کارگێڕیی تێپەڕ نەبوون، بەڵکو کاریگەرییەکانیان درێژ بوونەوە بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژی دەکەن، سەنتەری "ناجیە"ی سەر بە کۆمەڵەی دەنگی ژنان لە ماوەی هەڵپەساردنی چالاکیی کۆمەڵەکەدا لە تەمموز و ئابی ٢٠٢٥ وەستا لە چالاکی و خزمەتگوزاری، کە سەنتەرێکە خزمەتگوزارییەکانی گوێگرتن و ڕێنوێنی و یاوەریی یاسایی و کۆمەڵایەتی و دەروونی دابین دەکات، هەروەها کۆمەڵەی تونسی بۆ ژنانی دیموکرات ناچار بوو شوێنە ئارامەکانی تایبەت بە ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژی لە ماوەی هەڵپەساردنەکەدا دابخات، هەردوو کۆمەڵەکە دوای تەواوبوونی ماوەی هەڵپەساردنەکە چالاکییەکانیان دەست پێ کردەوە، بەڵام ڕووداوەکە ئەوەی دەرخست کە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکانی پاراستن چەندە بەستراوەتەوە بە ئازادیی کۆمەڵەکان و توانایان بۆ کارکردن بەبێ پەکخستن.

 

لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵەن٠گارییانەدا، ڕێکخراوەکانی ژنان بەردەوام بوون لە پەرەپێدانی ئامرازە پیشەیی و مەیدانییەکانیان، لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کۆمەڵەی دەنگی ژنان ڕێبەرێکی ژنانەی بۆ ڕێکارەکانی چاودێریکردنی ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژیی سێکسی پێشکەش کرد، کە پیشەییەکان و دەستێوەردەران و کاراکتەرە چالاکەکانی بواری یاوەریکردنی ڕزگاربووان دەکاتە ئامانج، ئامادەکردنی ڕێبەرەکە پشتی بە کارێکی مەیدانی لەگەڵ ١٣ کۆمەڵەی تونسیدا بەست، لە هەوڵێکدا بۆ یەکخستنی ڕێکارەکانی پێشوازیکردن و ڕێنوێنی و یاوەریکردن، باشترکردنی کوالێتیی دەستێوەردان و هەماهەنگیی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بۆ ژنانی زیانلێکەوتوو.

 

ئەم کارە ئاراستەیەک دەردەخات بەرەو گۆڕینی ئەو ئەزموونەی کە کۆمەڵەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکانی توندوتیژیدا سوودیانلێ وەرگرتووە بۆ ئامرازگەلێکی کردەییی شیاوی بەکارهێنان و پەرەپێدان، بە شێوەیەک کە لە وەڵامدانەوەی تاکەکەسی بۆ هەر حاڵەتێک تێپەڕێت.

 

کاری تۆمارکردن درێژ بووەوە بۆ تاوانەکانی کوشتنی ژنان و هەوڵەکانی کوشتنیان، لە ڕێگەی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنییەوە کە کۆمەڵەی دەنگی ژنان بۆ چاودێریکردن و تۆمارکردنی ئەم تاوانانە خستیە گەڕ، سەکۆکە ڕێگەی بە ڕاپۆرتدان دەربارەی حاڵەتەکان دەدات، لەگەڵ خستنەژێر پێداچوونەوەی زانیارییەکان پێش بڵاوکردنەوەیان، هەروەها کار دەکات بۆ پاراستنی ناوی زیانبەرکەوتووان و چیرۆکەکانیان لە بەرامبەر نەبوونی ئاماری فەرمیی گشتگیر و ستراتیژییەکی نیشتمانیی تایبەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی کوشتنی ژنان.

 

لە هاوتەریبیی ئەوەدا، پرسی یەکسانی لە میراسدا بە ئامادەیی مایەوە لە گفتوگۆی ژنانە و مافەوانیی تونسیدا، وەک یەکێک لەو کێشانەی کە دەستکەوتە یاسادانانەکانی پێشوو یەکلایییان نەکردووەتەوە؛ یاسای تونسی هێشتا لە هەندێک حاڵەتی میراسدا لە نێوان ژنان و پیاواندا جیاکاری دەکات، سەرەڕای ئەو داواکارییانەی کە ڕێکخراوەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ بەرزیان کردوونەتەوە بۆ پێداچوونەوە بەم بڕیارانە و چەسپاندنی یەکسانی.

 

بەردەوامیی ئەم داواکارییە ئەوە دەردەخات کە بزووتنەوەی ژنان تەنها بە بەرگریکردن لە یاسا بەردەستەکان واز ناهێنێت، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە پاڵنانی بەرەو بەدیهێنانی یەکسانی لەو بوارانەدا کە جیاکاری تێیاندا بەردەوام ماوەتەوە.

 

ئەزموونە تونسییەکە ئەوە دەردەخات کە خەباتی ژنان تەنها بە گۆڕینی دەقە یاساییەکان یان داواکردنی چەسپاندنی مافی نوێ نەبەستراوەتەوە، بەڵکو بەرگریکردن لەو دامەزراوە مەدەنییانەش دەگرێتەوە کە بوونەتە بەشێک لە سیستەمی پاراستن و پاڵپشتی، کاتێک کۆمەڵەی ژنان رووبەڕووی هەڵپەساردن یان بەدواداچوون دەبنەوە، بابەتەکە تەنها لە سنووردارکردنی چالاکییەکی ڕێکخراوەییدا ناوەستێت، بەڵکو درێژ ببێتەوە بۆ پەکخستنی خزمەتگوزارییەکانی گوێگرتن و داڵدەدان و یاوەریکردن و تۆمارکردن.

 

بەم شێوەیە بەرگریکردن لە ئازادیی کاری کۆمەڵەیی و سەربەخۆییی ڕێکخراوەکانی ژنان بووەتە بەشێک لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و جیاکاری، چونکە دەستکەوتە یاساییەکان بەشێک لە کاراییی خۆیان لەدەست دەدەن کاتێک ئەو مەودا مەدەنییە تەسک دەبێتەوە کە ڕێگە بە چاودێریکردنی جێبەجێکردنیان و بەرگریکردن لێیان و پەرەپێدانیان دەدات.

لە فراوانکردنی مەیدانەکانی بەرەنگاربوونەوەوە بۆ بەرگریکردن لە مەرجەکانی بەردەوامبوونی

سەرەڕای جیاوازیی ئەم ڕێڕەوانە، هەر سێ ئەزموونەکە ئەوە دەردەخەن کە توانای ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها بە بوونی یاساگەلێکەوە نەبەستراوەتەوە کە پێشێلکارییەکان بە تاوان بناسێنن، بەڵکو پێویستی بە ئامرازگەلێکیش هەیە بۆ چاودێریکردن و تۆمارکردنیان، دامەزراوەی مەدەنیی بەتوانا بۆ یاوەریکردنی ڕزگاربووان، شوێنی ئارام بۆ ڕێکخستن و دەربڕین و داکۆکیکردن، هەروەها ئەوە دەردەخات کە ئەو دەستکەوتانەی بزووتنەوەکانی ژنان کۆیانکردووە هەر لەبەردەم مەترسیی پاشەکشە یان پەکخستندا دەمێننەوە کاتێک میکانیزمەکانی پاراستن و لێپرسینەوە ئامادە نابن یان ئەو مەودایە بەرتەسک دەبێتەوە کە ڕێگە بە ژنان دەدات بەرگرییان لێ بکەن.

 

بەڵام ئەم ئامرازانە، هەرچەندە فرەچەشن بن، لە هەموو وڵاتاندا لە ژێر هەمان مەرجدا گەشە ناکەن، جا چی ڕوودەدات کاتێک ژنان ڕووبەڕووی بارودۆخگەلێکی لاوازتر دەبنەوە، کە تێیدا کۆتوبەندە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ بە ململانێ چەکدارییەکان و قەیرانە ئابوورییەکان و پاشەکشەی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبن؟ شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوە چۆن دەگۆڕێن کاتێک پاراستنی ژیان، دابینکردنی پارێزگاری،  بەردەوامیی خودی ڕێکخستنی ژنانە، دەبنە بەشێک لە جەنگی ڕۆژانە؟

 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.