لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا... ئێستا کاتی گۆڕانکارییە (٤)

ژنان لە ئەردەن و لوبنان بەهۆی سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و یاسایی و خێڵەکی و هەروەها کاردانەوەی شەڕ ڕووبەڕووی توندوتیژی و جیاکاری دەبنەوە، لە نێوان پاراستنی ناتەواودا، بەرخۆدانیان لە ڕێگەی هاوپشتی و ڕێکخستن و خەباتی یاساییەوە گەشە دەکات.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا... ئێستا کاتی گۆڕانکارییە (٤)

ژنان لە ئەردەن و لوبنان... لە نێوان سیستمی توندوتیژی و جەنگی سەندنەوەی مافەکاندا

 

ناوەندی هەواڵ

 

یەکەم تۆوی ژیانی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ ژنان چێندرا، کۆمەڵگە یەکەم هەنگاوی خۆی لە پاڵ ئەوانەوە ناوە، ژیانی کۆمەڵایەتی وەک فەلسەفەیەک لە باوەش گرت، کە لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕەنگ دەداتەوە، بۆ ماوەی هەزاران ساڵ، ئەزموونی هاوبەشی و ڕۆحی بەکۆمەڵ، پاراستنی ناسنامەی تاک، پایە سەرەکییەکانی پێکهێنا کە ناسنامەی مێژوویی ئەم ناوچەیەیان لە قاڵب دا، ژنان جێگای خۆیان لە مێژووی ئەم خاکەدا دامەزراند وەک هێزی بزوێنەر کە بناغەکانی ژیانی سەرەتایی دانا و پەرەی بە کشتوکاڵ دا و یەکەم شوێنی نیشتەجێبوون و شارەکانی مرۆڤی دامەزراند، جگە لە ڕۆڵی سەرەکییان لە داڕشتنی کولتووری پێکەوەژیان و بیروباوەڕەکان، بەم شێوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی دانەبڕاو بە ژنانەوە سەریهەڵدا و بوونی ژنانیش بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەست بوو بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

 

بەڵام هەر ئەم جوگرافیایە کە بوونەکەی بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە ژنانەوە، شایەتحاڵی یەکەمین نیشانەکانی پارچەبوونی مێژوویی و داڕمانی کۆمەڵایەتی بووە لە ڕێگەی توندوتیژییەکەوە کە ئاراستەیان کراوە، کاردانەوەکانی ئەم توندوتیژییە تەنها لە ژیانی ژناندا قەتیس نەبوو، بەڵکو درێژبووەوە بۆ گۆڕینی قووڵی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێڕەوی مێژوویی و خودی پەیکەری ژیان، لەگەڵ بەرهەمهێنانەوەی ئەم سیستەمە توندوتیژییە بە شێوە جیاوازەکانی، دابەشبوونی چینایەتی توندتر بوو، شەڕەکان پەرەیان سەند و جینۆسایدەکان ڕوویاندا و هەژاری و وێرانکاری کۆمەڵایەتی بڵاوبووەوە، ئەگەر بابەتەکان بگەڕێنینەوە بۆ سەرچاوەکانیان، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە یەکەم شێوازەکانی توندوتیژی کە لە ڕێکخستنی سروشتی لایاندا، لە هەژموونی مرۆڤ و دەستێوەردان لە دژی هەردوو سروشت و ژنان بەرجەستە بوون.

 

بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخماندا، توندوتیژی دژی ژن تێکەڵ بە کرۆکی نەریتەکان، کولتووری کۆمەڵگە، سیستمەکانی حوکمڕانی کراوە، تا بە تێپەڕبوونی کات ئاسایی بکرێتەوە و وەک ڕەفتارێکی ئاسایی لە وردەکارییەکانی ژیاندا قبووڵ بکرێت، جەوهەری ئەو سیستمانەی لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە لە ناوچەکەدا پێکهاتوون، پشت بە چەسپاندنی توندوتیژی دژی ژن و کۆمەڵگە وەک عەقڵییەتێکی باو دەبەستێت، چوارچێوەبەندکردنی نەریتەکانی ژیانی پەیوەست پێیەوە لە ناو قاڵبێکی ئایینیی توندڕەودا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەردوو قۆناغی ڕێنیسانس و ڕۆشنگەریی ئەزموون نەکردووە، یەکێک لە قووڵترین شکانەکانی وەرچەرخانی مێژوویی تێیدا لە کەسایەتیی ژن و پێگەکەیدا دەرکەوتووە، لەم ڕوانگەیەوە، مێژووی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێتە ئاوێنەیەکی ڕاستەقینە بۆ مێژووی ئەو توندوتیژییەی ئاڕاستەی ژن کراوە.

 

جەستەی ژن و ژیانی لە زۆرێک لە کاتەکاندا مەیدانی ئەو ململانێیانە و باجەکەی بووە، سیستمە ئایینییەکان شەرعییەتی خۆیان لە سەپاندنی سەرپەرشتی و چاودێری بەسەر ژندا بە بیانووەکانی گوناح، کەرامەت، قەدەغەکراوەکاندا وەرگرتووە، لە کاتێکدا ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتە نەتەوەییەکان پشتیان بە پایەکانی جیاکاریی ڕەگەزی، دەمارگیریی ئایینی، مەیلی نەتەوەپەرستی بەستووە، بەم جۆرە ژن بە درێژایی سەردەمەکان کەوتۆتە ناو سەردەمێکەوە تا لە یەک کاتدا ببێتە ئامانجی ململانێکانی دەسەڵات و بوونەوەرێکی تەوەری کە دەخوازرێت ملکەچی باڵادەستی بکرێت.

 

لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەماندا تیشک دەخەینە سەر هەریەک لە لوبنان و ئەردەن، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەردەمی سەرمایەداریدا بۆ دووبارە گونجاندنەوەی ئامرازەکانی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی قۆناغی ئێستا و دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەخشەکانی دووبارە ئەندازەکردنەوەی ناوچەکە چوونەتە بواری جێبەجێکردنی کردەییەوە، ئەم نەخشانەش، کە ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا سەرکردایەتییان دەکەن، هەوڵ دەدەن سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دیاریکراو بسەپێنن بە پشتبەستن بە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە وەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنیان.

 

لە بەرامبەردا، ڕاستی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی هەندێک لەو وڵاتانەی کە ئەرکی بریکاری جێبەجێکاری ئەم سیاسەتانەیان لە ئەستۆیە، بە پەردەیەک لە داخران بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا دەورە دراوە، ئەردەن وەک نموونەیەکی ڕوون لەم چوارچێوەیەدا دەردەکەوێت، کە وەک وڵاتێکی کشاوە بەسەر خۆیدا دەردەکەوێت سەبارەت بە پێکهاتە سۆسیۆلۆژییەکەی، ئاستی خوێندن، دۆخی ئابووری، پەیوەندییە خێزانییەکان، سەرەڕای ئامادەبوونی کۆمەڵایەتیی ناسنامەی ژن، دەکرێت ئەم داخرانە پێکهاتەییە وەک ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەوخۆی پێگەی سیاسیی بخوێنرێتەوە کە لەگەڵ پڕۆژەکانی دووبارە کێشانەوەی نەخشەکانی ناوچەکەدا یەکدەگرێتەوە، لە لایەکی دیکەوە، دەبینین لوبنان کە لە ڕووی جوگرافییەوە هاوسنووری ئەردەن، لە دۆخێکی گەمارۆدانی دوولایەنەدا دەژی، چونکە لە ناوەوە ناکۆکییە توندە خێڵەکیەکان ڕای دەکێشن، لە دەرەوەش دەستوەردانەکانی ئیسرائیل و فشارەکانی ئێران گەمارۆی دەدەن، ئەم دەستوەردانە تێکەڵاوانە و ململانێ ناوخۆییانە سێبەری قورسیان خستووەتە سەر ڕاستی لوبنانی، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیرانی کۆمەڵایەتی و پرسی ژن لە وڵاتەکەدا ئاڵۆزتر دەکات.

 

بە پشتبەستن بە هەردوو ئەزموونی لوبنان و ئەردەن، لەم ڕاپۆرتەدا ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساییەکانی ئەو توندوتیژییە دەخەینە ڕوو کە ئاڕاستەی ژنان دەکرێت، لە هەمان کاتدا تیشک دەخەینە سەر ڕێڕەوەکانی خەبات و شێوەکانی هاوپشتی کە ژنان دایاندەهێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم توندوتیژییە و ڕووبەڕووبوونەوەی.

ئەردەن... ژنان بەدوای پاراستنێکدا دەگەڕێن کە نەبێتە زیندان

کۆمەڵگەی ئەردەنی تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە پێکهاتەیەک دەبەستێت کە لەسەر خێڵەکی بونیاد نراوە، زۆرجار ئەم ڕاستیە کۆمەڵایەتییە پێش یاسا دەکەوێت، بەم شێوەیە یاساکان لە سایەی نەریتەکان و باوەڕە باوەکان، دابونەریتەکان، فشارە خێزانییەکاندا دەمێننەوە، بۆشایی نێوان یاساکان و ڕاستی کۆمەڵایەتی لە ڕاستیدا زۆر قووڵ دەردەکەوێت، سەرەڕای بوونی دەقە یاساییەکان لە ئەردەن کە دەکرێت وەک نموونە لەسەر کاغەز ئاماژەیان پێبکرێت، بەڵام کێشەی ڕاستەقینە لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە، لە ڕێکارە پەیڕەوکراوەکان، لەو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییانەدایە کە یاسا پێیان ناگات، هەروەها پێکهاتەی دەوڵەتی نەتەوەیی کە لە ئەردەن دامەزراوە، تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێڵەکیانەوە شێوە دەگرێت.

 

لەبەر ئەم هۆکارە، گەڕان بەدوای سەرچاوەی ئەو توندوتیژییەی ئاڕاستەی ژنان دەکرێت تەنها لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکاندا بەس نییە، چونکە خودی دەوڵەت و میکانیزمە دامەزراوەییەکانی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم توندوتیژییەدا، کەموکوڕییەکانی کارکردنی میکانیزمە یاساییەکان ڕێگا خۆش دەکەن بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی سیستماتیک.

 

لە ئەنجامە گرنگەکانی ئەم پێکهاتەیەش میکانیزمی لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتییە، ئەم میکانیزمە کە بووەتە ئامرازێکی فشاری بێدەنگ، ژنان ناچار دەکات دەستبەرداری مافەکانیان ببن لە ترسی "هەڵوەشانەوەی" پێکهاتەی خێزانی، لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتی وەک یەکێک لە مەترسیدارترین شێوەکانی توندوتیژیی نەبینراو دەردەکەوێت کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، چونکە لێرەدا بابەتەکە پەیوەستە بە توندوتیژییەکی دوولایەنەوە: کە تێیدا ژن سەرەتا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، پاشان کۆمەڵگە پەراوێزی دەخات کاتێک باسی ئەوە دەکات کە بەسەریدا هاتووە، بەم جۆرە ئەو پاساوانە دادەمەزرێن کە شەرعییەت دەدەن بە توندوتیژی، لە کاتێکدا ژن خۆی زیاتر و زیاتر لە نێوان دادگا، خێزان، میکانیزمەکانی فشاری کۆمەڵایەتیدا گەمارۆ دەدرێت، لەناو جەرگەی ئەم پرۆسەیەدا، ناسنامە و ئیرادەی ژن دەسڕدرێتەوە، لە کاتێکدا توندوتیژی بە کاریگەریی دەوڵەت و ئەو عەقڵییەتە عەشایەرییەی کە پەروەردەی دەکات، دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە.

 

لانا ئەبو سنەینە، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە کۆمەڵەی "مەیدانی ئاشتی بۆ گەشەپێدان و مافەکانی مرۆڤ"، لە چاوپێکەوتنێکی پێشووتردا کە لەگەڵ ئاژانسەکەمان ئەنجامی دابوو، ئاماژەی بە شاردنەوەی ئەو توندوتیژییە دابوو کە ئاڕاستەی ژنان دەکرێت لە کۆمەڵگەی ئەردەنیدا، ئەم هەڵسەنگاندنەی خوارەوەی خستە ڕوو، وتی: چەمکی لە کۆمەڵگەی ئەردەنیدا پیرۆز کراوە، بووەتە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی ژن، بەردەوام بە ژن دەوترێت: لەبەر منداڵەکانت بەرگە بگرە، بێگومان تۆ تووڕەت کردووە، ژن لە کاتێکدا لەژێر قورسایی ئەم ڕوانینەدا دەبێت، لە ترسی (ئابڕووچوون) دەژی، سەرەڕای ئەوەش، هیچ پاساوێک بۆ توندوتیژی بوونی نییە و شکاندنی بێدەنگی گەورەترین شێوەی خەباتە، بانگەوازی لانا ئەبو سنەینە بۆ ژنان سەبارەت بەوەی شکاندنی بێدەنگییان گرنگییەکی زۆری هەیە، نەک تەنها بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندی جەستەیی توندوتیژی لە ئەردەن، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لەو میکانیزمە کۆمەڵایەتییانەش کە وا دەکەن نەبینراو بێت.

 

حاڵەتەکانی هاوسەرگیریی خزمایەتی و پەیوەندییە بەهێزە خێڵەکییەکان ئەم دیمەنە زیاتر ئاڵۆز دەکەن، چونکە کاتێک ژن بڕیار دەدات بێدەنگییەکەی بشکێنێت و سکاڵا تۆمار بکات، بابەتەکە وەک کێشەیەکی تێپەڕی لەگەڵ هاوژینەکەیدا سەیر ناکرێت، بەڵکو زۆرجار وەک یاخیبوونێک لێکدەدرێتەوە کە ئاڕاستەی تەواوی خێڵەکە کرابێت، ئەم تێڕوانینە قورسایی ترس لە فشار و پەراوێزخستنی هاتوو لە دەوروبەری خێزان و خێڵەوە دووقات دەکات، کە وا دەکات زۆرێک لە ژنان لە سکاڵاکانیان پاشگەز ببنەوە و دەستبەرداری داواکردنی مافەکانیان ببن.

 

سەبارەت بەو پەناگانەی کە بۆ ژنان لە ئەردەن دامەزراون، زۆرجار لەوە زیاتر تێپەڕ ناکەن کە تەنها چارەسەرێکی کاتی بن، چونکە ئەم دامەزراوانە کە لە بنەڕەتدا ئامانجیان پاراستنی ژنان و دوورخستنەوەیانە لە توندوتیژیکاران، لە ڕاستی کردەییدا دەگۆڕێن بۆ میکانیزمێکی دیکە کە ئازادییەکانیان سنووردار دەکات و لە ژیانی کۆمەڵایەتی دایاندەبڕێت، لە کاتێکدا سزای بەرپەرچدەرەوە بەسەر تاوانباردا ناسەپێنرێت، ناردنی ژنانی توندوتیژیلێکراو بۆ پەناگەکان و دوورخستنەوەیان لە خێزان و دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەکەیان، تەواوی چەمکی "پاراستن" دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لە ڕابردوودا، ژنان بە بیانووی پاراستنیان دەنێردرانە زیندانەکان، سەرەڕای بەدیهاتنی هەندێک پێشکەوتن لەم بوارەدا ئەمڕۆ، بەڵام ئەو ڕێبازەی کە لەسەر پاراستنی ژن لە ڕێگەی دابڕاندنییەوە بونیاد نراوە هێشتا بەردەوامە.

 

ئامارەکان لەم بارەیەوە ئەوە دەردەخەن کە نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە سکاڵا تۆمار ناکەن، یان لە ترسی لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتی یان بەهۆی نەبوونی میکانیزمی پاراستنی پێویستەوە، لە نموونە بەرچاوەکانی ئەمەش ئەوەیە ک وەفا ئەبو سەمرە، زیانبەرکەوتوو بەسەریدا هاتووە، کە لەلایەن هاوژین و خێزانەکەیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڕەشەی کوشتن بووەتەوە، بەڵام ڤە ناوی "پاراستن" و بە بیانووی دابینکردنی پزرێزراوییەکەی خرایە زیندانەوە.

 

ژنان بەدوای ئاسایشێکدا دەگەڕێن کە ئازادییان لێ داگیر نەکات، شەیما ئەبوو سەمرە، خوشکەکەی و چالاکوانی ئەردەنی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکەمان ڕوونیکردەوە، کە وەفا زیانبەرکەوتووی توندوتیژییەک بووە کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بەرامبەری کراوە، ئاماژەی بەوە دا، کە کاتێک بڕیاری داوە کار بکات بە مەبەستی بەدیهێنانی سەربەخۆیی ئابووریی خۆی، لەلایەن هاوژینەکەی و براکانییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی توند و هەڕەشەی کوشتن بووەتەوە.

شەیما ئەبو سەمرە جەختی لەوە کردەوە، کە لە جیاتی پاراستنی خوشکەکەی، لە شوێنێکدا دەستبەسەر کراوە کە بە هەڵە ناوی لێنراوە "ماڵی پاراستن"، تێیدا ژنانی توندوتیژیلێکراو دەستبەسەر دەکرێن و پرسیار سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ژنە زیانبەرکەوتووانەی دیکەی توندوتیژی کرد کە لەوێ دەستبەسەر کراون. وتی: خوشکەکەم لەم دواییانەدا دوای واژۆکردنی چەندین بەڵێننامەی جیاوازی ماڵی پاراستنی بەجێهێشتووە، ئەم قەیرانە بوونی کەلێنی قووڵی لەو یاسایانەدا ئاشکرا کردووە کە پەیوەستن بە مافەکانی ژن و مافی بژاردەی ئازادانەی لە ئەردەن، و بە شێوەیەکی گشتی لە وڵاتانی عەرەبیدا، چارەسەری ڕاستەقینە تەنها لە زیادکردنی ژمارەی پەناگەکاندا نییە، بەڵکو لە بونیدنانی سیستمێکی تەواوکاریدایە کە ڕێگری بکات لە دەربازبوونی تاوانباران لە سزا، بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی دەروونی و ئابوورییەوە پەرە پێبدات، ماف و ئازادییەکانیان مسۆگەر بکات.

 

ئامارە فەرمییەکانی ساڵی ٢٠٢٥ ئەوە دەردەخەن کە ٧٩٪ی قوربانییانی توندوتیژی ژنن، لە بەرامبەر ٢١٪ی پیاوان. و لە کاتێکدا ژمارەی سکاڵا تۆمارکراوەکانی ساڵانە دەیان هەزار تێدەپەڕێنێت، ژنان زۆرترین ڕێژەی قوربانییەکان پێکدەهێنن.

 

ژنان لە ئەردەن لە ڕێگەی شێخەکانی عەشیرەت و سەرکردەکانی بیروڕاوە کار دەکەن بۆ بەهێزکردنی خەبات دژی توندوتیژی و پێدانی چوارچێوەیەکی یاسایی پێی، ئەم شێوازەش بەشدارە لە کەمکردنەوەی ئەو زۆرلێکردن و فشار بە ناوی خێڵەکییەوە دژی ژن ئەنجام دەدرێن، خەبات لەپێناو گۆڕین و وەرچەرخانی ئەو عەقڵییەتەی کە بە سەرچاوەی توندوتیژیی ئاڕاستەکراو دژی ژن دادەنرێت، لە پێشەنگی کارە لەپێشینەکانی ژنانی ئەردەنیدا دێت، نموونەی بەرچاویش لەسەر ئەمە هەن، چونکە ئەو فشارە مەیدانییەی خەباتی ژنان دروستی کرد بووە هۆی ئەنجامدانی هەموارکردنەوە لە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا، هەروەها بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ٣٠٨، کە ئەمەش بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ژنان هەژمار کرا.

 

ژنانی ئەردەنی هەوڵ دەدەن چوارچێوەیەکی بەرخۆدانی تایبەت بە خۆیان دابڕێژن کە پێکدادانی لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەڵگەی پارێزگاردا نەبێت، هەروەها ئامانجیان داڕشتنی یاساکانە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ژن بکات، کلینیک بۆ ڕاوێژکاریی یاسایی و تۆڕگەلێک دادەمەزرێنن کە پارێزەرانی ژن و پیاو و خۆبەخشان لەخۆدەگرن، بۆ یاوەریکردنی ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی، ئاسانکاری بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی پاراستنی دادوەری، پاراستنیان لە تاوانەکانی کوشتن و توندوتیژیی خێزانی.

 

لە نێوان شێوەکانی بەرخۆداندا، ڕێکخراوە ئەردەنییەکان کار لەسەر دامەزراندنی کۆمەڵە و هەرەوەزیی بەرهەمهێنانی ژنان لە پارێزگا و گوندەکاندا دەکەن بە مەبەستی بەدیهێنانی سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنان، سەربەخۆیی ئابووری وەک هەنگاوێکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ لەناوبردنی پاشکۆیەتیی ئابووری، کە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامبوونی مانەوەی ژنان لە ژینگە توندوتیژ و دژبەرەکاندا دادەنرێت، لە پاڵ ئەمەشدا، هەوڵ دەدرێت بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو توندوتیژییەی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە ئاسانکاریی بۆ دەکرێت، هۆشیارکردنەوەی ژنان، ڕووخاندنی دیواری ترس و بێدەنگی، کارکردن لەسەر ئاسایینەکردنەوەی توندوتیژی یان قبووڵنەکردنی لە هەر سەرچاوەیەکەوە بێت، بەپێی ڕێکخراوە ئەردەنییەکان، ئەم شێوازانە کاریگەریی خۆیان دەسەلمێنن، چونکە سەرکەوتنێکی بەرچاو لەسەر ئاستی بەڵگەنامەکردنی توندوتیژیی ئاڕاستەکراو دژی ژنان، کردنەوەی کەناڵگەلێک بەدیدێت کە ڕێگە بە ژنان دەدات قسە بکەن و ڕێنمایی و ئاڕاستەکردن وەربگرن.

 

لە ژینگەیەکی پڕ لە بەربەست و زاڵ بەسەر دیدگایەکی پیاوسالاری کە ژنان وەک تاوانبار دەڕوانێت نەک زیانبەرکەوتوو، ستەمکار وەک "زیانبەرکەوتوو" وێنا دەکات، هەوڵەکانی ژنانی ئەردەن بۆ دروستکردنی ڕاستیەکی باشتر دەردەکەون، خەبات بۆ داننان بە بوون و تواناکانیان دەکەن، لە نێوان ئەم خەباتەدا کە ڕەنگە بە هۆی سیاسەتی سیستماتیکی وەدەرنانی و پەراوێزخستن و بێدەنگکردنەوە بە "نەبینراو" بمێنێتەوە، ژنان بەردەوامن لە بەرزڕاگرتنی مافی ژیانیان لە کەشی پارێزراو و ئازاد و دیموکراتیکدا.

لوبنان... لە تۆڕەکانی هاوپشتییەوە بەرەو خەبات لەپێناو گۆڕینی یاسا خێڵەکییەکان

لە لوبنان کە لە ڕووی ڕووبەر و هەندێک لایەنی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە زۆر لە ئەردەنەوە دوور نییە، ڕێڕەوێک دەگوزەرێت کە ڕەنگە ئاڵۆزتر بێت، ڕێڕەوێک کە سیماکانی بەهۆی جەنگ و سیاسەتەکانی تۆقاندن و ترساندنەوە شێوە دەگرن، لەناو جەرگەی هەڵکشانی هەڕەشەکان و توندوتیژی و ئاوارەبوونی زۆرەملێدا، ژنانی لوبنانی لەژێر باری قورسی دوولایەنەی توندوتیژیی یاسایی و خێڵەکی و خێزانی لە لایەکەوە، توندوتیژیی سەرچاوەگرتوو لە جەنگەوە لە لایەکی دیکەوە دەناڵێنن  ژنان نەک تەنها قورسترین باج لە ڕووی ڕووبەڕووبوونەوەی مامەڵەی خراپەوە دەدەن، بەڵکو لە ڕووی "هەڵگرتنی ترسەکان" و ڕووبەڕووبوونەوەیانیشەوەیە.

 

هەر شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون و هەر بۆردومانێک لە لوبنان لاوازی دۆخی ژنان زیاتر دەکات، چونکە ترس تەنها لە دڵەڕاوکێی مەرگ بە تەنهادا قەتیس نابێت، بەڵکو ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانەش قووڵتر دەبنەوە کە پەیوەستن بە نادیارەوە، لە کاتێکدا چادرەکانی ئاوارەبوون یان شوێنە نیشتەجێبوونە کاتییەکان کە ژنان لەخۆدەگرن دەلەرزن، ئەم شوێنانە لە سەرەتاییترین بنەماکانی ژیانێکی شکۆمەندانە بێبەشن، تا ئەو ژینگانە بگۆڕێن بۆ زەمینەیەکی بەپیت بۆ توندوتیژیی بونیادنراو لەسەر جۆری کۆمەڵایەتی و بۆ هەموو شێوەکانی گێچەڵپێکردن.

 

توێژینەوە نیشتمانییەکان لە لوبنان ئەوە دەردەخەن کە نزیکەی نیوەی ژنان (لە نێوان ٤٤٪ بۆ ٥٣٪) لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا ڕووبەڕووی جۆرێک لە توندوتیژی بوونەتەوە، لە کاتێکدا هێڵەکانی یارمەتیی سەر بە حکومەت ساڵانە دەیان هەزار پەیوەندی و سکاڵایان پێدەگات.

 

سەرەڕای هەموو ئەم هەڕەشانە، هەژاری، توندوتیژیی فرەئاست، ژنان لە پێگەی زیانبەرکەوتوویەکەوە خۆبەدەستەوەدەر و دەستەوەستاندا نەوەستان، بەڵکو لە سایەی هەلومەرجەکانی جەنگدا تۆڕ و ئامرازی ناوازەیان بۆ هاوپشتی و خەبات پەرەپێدا، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی لەسەر هەردوو ئاستی مەیدانی و یاسایی.

 

لە کاتێکدا، ژنانی ئەردەنی لە ڕووبەڕووبوونەوەی یاسای سزادان و یاسای باری کەسیی مەدەنیی فەرمیدا خەبات دەکەن، خەباتی ژنانی لوبنانی فراوانتر دەبێت و مەودایەکی بەرفراوانتر دەگرێتەوە، چونکە ژنان ڕووبەڕووی ١٥ یاسای خێڵەکی جیاوازی باری کەسی دەبنەوە کە لەژێر دەسەڵاتی دادگا ئایینییەکانی سەر بە خێڵەکیە جیاوازەکاندان. سەرەڕای دەرچوونی یاسای ژمارە ٢٩٣ی ساڵی ٢٠١٤ (یاسای پاراستنی ژنان و سەرجەم ئەندامانی خێزان لە توندوتیژیی خێزانی)، بەڵام جێبەجێکردنی بە سنوورداری ماوەتەوە، بەتایبەتی بەهۆی کەموکوڕیی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەهێزتربوونی دەسەڵاتی دادوەریی ئایینی و خێڵەکی بە بەراورد بە میکانیزمەکانی پاراستنی مەدەنی.

 

سەرەڕای ئەم چوارچێوە یاساییە تاریکە، داڕمانی دامەزراوەکانی حکومەت، قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی ئاوارەبوون و ململانێ، ژنانی لوبنانی کار لەسەر پەرەپێدانی شێوازەکانی خەباتیان دەکەن، لە چوارچێوەی ئەم خەباتەدا کە دەکرێت بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بە بوێرانە هەژمار بکرێت لە ڕووی تێپەڕاندنی چوارچێوە نەریتییەکان و داهێنانی میکانیزمگەلێک کە لەگەڵ هەلومەرجەکانی سەردەمدا بگونجێن، ژنان تۆڕەکانی هاوپشتی دادەمەزرێنن کە لەسەر پشتیوانی و هاوکاریی دوولایەنە لە کاتی جەنگ و قەیرانەکاندا بونیاد نراون، هەروەها گروپی خۆبەخشی ژنانە لە ناوەندەکانی داڵدەدان و ناوچەکانی ئاوارەبووندا پێکدەهێنن، پاڵپشتیی پزیشکی و دەروونی پێشکەش دەکەن، و هاوکارییەکان دابەش دەکەن، ڕووبەری ئارام بۆ ئەو ژنانە بەڕێوەدەبەن کە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی و جەنگن.

 

بەڵام لەسەر ئاستی مەیدانی و بەپێی تۆمارەکانی کۆمەڵەکان لە لوبنان، ئەو کەمپەینانە بەردەوامن کە ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکانی دادگا ئایینییەکان و پەسەندکردنی یاسایەکی باری کەسیی مەدەنیی یەکگرتووە کە دادپەروەری و یەکسانی بەبێ هیچ جیاکارییەکی خێڵەکی یان بونیادنراو لەسەر جۆری کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکات.

 

لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵەی "فی-مەیڵ" (Fe-Male)، بە هاوکاری لەگەڵ سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە لوبنان، لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کەمپەینێکی ڕاگەیاند کە داوای پەسەندکردنی یاسایەکی گشتگیر دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵی دژی ژنان، پشتیشی بە پڕۆژەیاسایەک بەست کە کۆمەڵەکە بە بەشداریی لیژنەیەکی یاسایی ئامادەی کردبوو، بە ئامانجی گواستنەوەی پرسی توندوتیژیی دیجیتاڵی لە چوارچێوەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتییەوە بۆ ئاستی داواکردنی هەموارکردنەوەی یاسادانان کە پاراستن و لێپرسینەوە مسۆگەر بکات.

 

و لە ٢٥ی شوباتی ڕابردوودا، ئەم ڕێڕەوە گواسترایەوە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتری یاسادانان لەگەڵ پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای پاراستنی ژنان لە توندوتیژیی دیجیتاڵی بە پەرلەمانی لوبنان بە پاڵپشتیی کۆمەڵەی "فی-مەیڵ" و بەشداریی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، بەپێی دەستەی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە لوبنان، پڕۆژەیاساکە کردارگەلێکی وەک ڕاوەدوونانی ئەلیکترۆنی، هەراسانکردن، بەکارهێنانی ناسنامەی کەسانی دیکە، بڵاوکردنەوەی وێنە تایبەتەکان بەبێ ڕەزامەندی دەگرێتەوە، گرنگیی ئەم هەنگاوەش لە گۆڕانی داواکاریی بزووتنەوەی ژناندا خۆی دەبینێتەوە لە ئاستی کەمپەینەکانی هۆشیارکردنەوە و فشاری کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەستپێشخەری دروستکردنی گۆڕانکاری لە ناو دامەزراوەی یاساداناندا، بەم شێوەیەش بەرپرسیارێتیی پاراستن و لێپرسینەوە دەخرێتە ئەستۆی دەوڵەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لە جیاتی ئەوەی ژنان بە تەنها بەجێبهێڵرێن تا ڕووبەڕووی دەستدرێژیکاران ببنەوە.

 

لە پاڵ دەستپێشخەرییە ڕاستەوخۆکانی بزووتنەوەی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و جیاکاری، لوبنان لە ئابی ٢٠٢٦دا پێکهاتێکی یاسایی گرنگی بەخۆیەوە بینی، کە تێیدا پەسەندکردنی یاسای ژمارە ٦٨ تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە یاسا لوبنانییەکاندا، بووە سەرکەوتنی ساڵانێکی دوورودرێژ لە کارەکانی داکۆکیکردن و هەوڵەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ڕێکخراوە لوبنانی و نێودەوڵەتییەکان تێیدا بەشدار بوون.

 

سەرەڕای ئەوەی ئەم کەمپەینە دەستپێشخەرییەک نییە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەست بێت بە بزووتنەوەی ژنانەوە، بەڵام نموونەیەک پێکدەهێنێت کە ئەو گرنگییە دەردەخات، کە ڕێکخستنی مەدەنی و مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی درێژخایەن بەدەستی دەهێنێت لە کاریگەریکردنە سەر یاساکان، گۆڕینی داواکارییەکانی مافی مرۆڤ بۆ هەموارکردنەوەی یاسادانانی بەرجەستە.

 

هەروەها ناکرێت هەوڵەکانی ئەو دەستپێشخەرییەکانی مافی مرۆڤ پشتگوێ بخرێن کە ڕاوێژکاریی دەستبەجێ پێشکەش بە ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی دەکەن، هێڵی یارمەتیی بێبەرامبەر دابین دەکەن، ئاسانکاری دەکەن بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی پاراستنی دادوەری، ئەمەش سەرەڕای کەموکوڕییەکانی ناو دەزگای دادوەری.

هاوپشتیی ژنانە ڕێگایەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی نەبوونی ئامار و داتای ڕێکوپێک سەبارەت بە چالاکییەکانی ژنان و دەستپێشخەرییەکانیان هێشتا یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان کە بەدواداچوون بۆ لایەنێکی گرنگی ئەم خەباتە، دانپێدانانی، هەڵسەنگاندنی قورس دەکات، ئەم ڕاستیەش پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە لە بەڵگەنامەکردنی ئەو ئەزموونانە و دەرخستنی ئەنجامەکانیان بۆ بەرچاوی هەمووان، چونکە پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەم ئەزموونانەدا بکرێت نەک تەنها وەک کاردانەوەیەکی کاتی کە لە ماوەی قەیرانەکاندا قەتیس بێت، بەڵکو وەک شێوەگەلێک لە کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی کە توانای دروستکردنی گۆڕانکارییەکی بەردەوامیان هەیە.

 

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە هێزی خەباتی ژنان بە ژمارەی ئەو دەستپێشخەری و کەمپەین و بەرنامانە ناپێورێت کە ژنان جێبەجێی دەکەن، بەڵکو بە تواناکەی بۆ گۆڕینی ئەو هەلومەرجانەی توندوتیژی و جیاکاری بەرهەم دەهێنن، سەندنەوەی مافی شیاوی جێبەجێکردن، فراوانکردنی ڕووبەرەکانی بەشداریکردن و کاریگەری. ژنان لە فەڵەستین، یەمەن، لوبنان، ئەردەن، لە پاڵ خەباتەکەیان دژی توندوتیژی، بەرخۆدان دەکەن و خۆیان ڕێکدەخەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی سڕینەوەی ناسنامە، چەوساندنەوە،  پەراوێزخستندا، جەوهەری خەباتی ژنانیش خۆی دەبینێتەوە لە گۆڕینی ئەم سەدەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ "سەدەی ژن"، دروستکردنی "سەردەمی ژن".

 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.