کۆمەڵکوژی هەولێر، تاوانێک لە مێژووی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا

لە شاری هەولێر ٨٣ ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و هونەرمەند و بریندار لە چەند ناوەندێکدا، هەموو پێکەوە کۆمەڵکوژکران، ئەم ڕووداوە لە مێژووی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندا لەکەیەکی ڕەشە و تا ئێستا تەرمەکانیشیان نەدراوەتەوە بە کەسوکاریان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٤ی ئایار/٥ی ١٩٩٧دا دەوڵەتی تورکیا هێرشی بەرفراوانی کردە سەر ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان بە بیانووی هێرش کردنە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە هێرشەکەدا پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە، بەشداری کرد، ئەم بەشدارییە تەنها لە ناوچە شاخاوییەکاندا نەبوو، بەڵکوو دوو رۆژ دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و لە ١٦ی ئایاردا، هێزەکانی پەدەکە لەناو شاردا هێرشیان کردە سەر ناوەندەکانی یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان، یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامیا، ڕۆژنامەی وڵات و ڕۆژنامەی ڕۆژی وڵات، نەخۆشخانەی گەریلا و بریندارەکانی مانگی سووری کورد.

 

ئەو هێرشە کە بە کۆمەڵکوژی هەولێر ناسراوە، بەپێی بەڵگەکان ٨٣ کەس لە بریندار، چالاکوان، هونەرمەند، ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار شەهیدکران، هەتا ئێستاش تەرمەکانیان نەدراوەتەوە بە کەسوکاریان و نازانرێت بەشێک لەوانەی بێسەروشوێن کراون لە ژیاندان یاخود شەهیدکراون.

 

لەو کۆمەڵکوژییەدا ٢٠ ڕۆژنامەنووس شەهیدکران

کۆمەڵکوژی هەولێر کە لە شاری هەولێردا ئەنجامدرا، تێیدا ٨٣ کەس کۆمەڵکوژ کران، لەو ژمارەیەش ٢٠ کەسیان ڕۆژنامەنووس بوون، لە ڕۆژنامەکانی ڕۆژ، وڵات، وڵاتی ڕۆژ و تەلەفزیۆنی مەد تیڤیی کاریان دەکرد، نزیکەی ٧ ڕۆژنامەنووسیش ژن بوون، ناوەکانیان بەم شێوەیە:

١- محەمەد نادر گەزنەیی ناسراو بە خۆگر، ساڵی ١٩٧٠ لە هەولێر لەدایکبووە.

٢- ئازاد محەمەد ناسراو بە کەمال، ساڵی ١٩٧١ لە ڕواندوز لەدایکبووە.

٣- شوانە حەمەلاو ناسراو بە ڕێباز، ساڵی ١٩٧١ لە سلێمانی لەدایکبووە.

٤- ئیدریس عەلی محەمەد ناسراو بە ئازاد، ساڵی ١٩٧٣ لە پێنجوێن لەدایکبووە.

٥- ڕەجەب محەمەد ساڵح ناسراو بە گۆران، ساڵی ١٩٧١ لە کەلار لەدایکبووە.

٦- گەلاوێژ کەمال حەسەن ناسراو بە ڕەوشەن، ساڵی ١٩٧١ لە سلێمانی لەدایکبووە.

٧- یوسف خالید نەجیب ناسراو بە موراد، ساڵی ١٩٧٣ لە سلێمانی دایکبووە.

٨- حامید بەرزنجی ناسراو بە کاوە، ساڵی ١٩٧٣ لە کەرکوک لەدایکبووە.

٩- ئیسماعیل عەبدوڵا کوردە ناسراو بە ئارام شەقڵاوە، ساڵی ١٩٧٢ لە شەقڵاوە لەدایکبووە.

١٠- گەلاوێژ عارف مەحمود ناسراو بە بەرخۆدان، ساڵی ١٩٧٥ لە سلێمانی لەدایکبووە.

١١- شێخ کامەران هیرانی ساڵی ١٩٦٨ لە هیران لەدایکبووە.

١٢- پەری عوسمان محەمەد ناسراو بە پەیام، ساڵی ١٩٧٣ لە سلێمانی لەدایکبووە.

١٣- ناهیدە حەمەساڵح ناسراو بە ڕوکەن، ساڵی ١٩٧١ لە سلێمانی لەدایکبووە.

١٤- گونای گەلچلمەز ناسراو بە ڕوناهی، ساڵی ١٩٧١ لە پازارچک لەدایکبووە.

١٥- مێرخاس سەرێکانی ساڵی ١٩٧٠ لە سەرێکانی لەدایکبووە.

١٦- ڕۆنی مەڵازگرد ساڵی ١٩٧٨ لە مەڵازگرد لەدایکبووە.

١٧- ڕۆزا یوسف ناسراو بە ڕۆزا جودی ساڵی ١٩٦٩ لە درباسییە لەدایکبووە.

١٨- جوان شێخۆ ناسراو بە هونەر ساڵی ١٩٦٥ لە دێرک لەدایکبووە.

١٩- سەرکەوت خانەقینی ساڵی ١٩٧٢ لە خانەقین لەدایکبووە.

٢٠- بەکر دۆغان ناسراو بە نومان ساڵی ١٩٦٨ لە ڕوحا لەدایکبووە.

 

حکومەتی هەرێم زانیاری لەسەر بێسەروشوێن کراوان نادات

حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار، بە بەرپرسیارانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کەیسی کۆمەڵکوژکراوانی هەولێردا نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین داواکاری لەلایەن ڕێکخراو و کەسوکاری شەهیدانەوە ئاڕاستەی حکومەت کراوە، لە ساڵی ٢٠١١دا لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە یاداشتێک داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد چارەنوسی بێسەروشوێن کراوان ڕوونبکاتەوە، لەدوای ساڵێک تاکە وەڵامی وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئەوەبوو کە "هەمووان کۆمەڵکوژ کراون" بێ ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕەکانیان.

 

پاش ٢٤ ساڵ لەو تاوانە، ئەو شوێنانەی کۆمەڵکوژییەکەیان تێدا ئەنجامدراوە خاپوور کراون و بینا و باڵەخانە لە شوێنەکانیان دروستکراوە، لەکاتێکدا گومان هەیە هێشتا ئێسک و پروسکی شەهیدانی ئەو تاوانە لەو شوێنەدا هەبن.

 

وێنەی بەشێک لە کۆمەڵکوژکراوان:

 

ت.پ