هاوڵاتیان نا ئومێدن لە ئاشتی لەم هەرێمەدا

ڕۆژی جیهانی ئاشتییە، بەڵام هێشتا جەنگ بە چەندین شێوەی جیاواز بەردەوامە، هاوڵاتیان پێناسەی جیاوازییان بۆ ئاشتی هەیە، پێیان وایە "ئاشتی" تەنها دروشمێکی وڵاتە زلهێزەکانە، ئەگەر سیستمی پەروەردەش نەگۆڕێت تاکێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگای کوردی هیچ کات بەرهەم نایەت.

 

تەرزە تەها

ئاشتی چییە؟

بەپێی پێناسە جۆربەجۆرەکان، ئاشتی ئامڕازێکە بۆ بەدیهێنان و ڕێکەوتن و نەهێشتنی ڕۆحی ڕقەبەرایەتی و جەنگ، پاراستنی سنوری ئازادی و زاڵنەکردنی دەسەڵاتە بەسەر بەرامبەردا، ئاسایش و دڵنیای ژیانە.

ئاشتی تەواو پێچەوانەی جەنگە، ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی جەنگ و لێکەوتە کارەساتبارەکانی.

 

 

مێژووی ڕۆژی جیهانی ئاشتی

لە ڕۆژی یەکی ئەیلول لە ساڵی ١٩٣٩ جەنگی جیهانی دووەم هەڵگیرسا، لەم جەنگەدا نزیکەی ٦١ ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی و سەرباز بوونە قوربانی، ماوەی شەش ساڵ بەردەوام بوو.

بوونە قوربانی ئەو ملیۆنان مرۆڤە و ئاوارەبوونی سەدان ملیۆنی دیکە، زیانی گەورەی بە مرۆڤایەتی گەیاند، بەهۆی ئەوەی نزیکەی ٪٢ کۆی دانیشتوانی سەر زەوی گیانیان لەدەستدا، ئەمەش کارەساتێکی گەورەبوو بەسەر مرۆڤایەتیدا، لەبەر ئەوەش ئێستا ڕۆژی یەکی ئەیلول لەبری جەنگ کراوەتە ڕۆژی جیهانی ئاشتی.

ئاشتی لە جیهاندا

ئەگەرچی حکومەت، ڕێکخراوە نێودەڵەتیی و ناوخۆییەکان بەردەوام بانگەشەی ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، بەڵام هێشتا جەنگ ژیانی بەشێک لە وڵاتانی جیهانی وێران کردووە، سەدان ملیۆن هاوڵاتی بەدەست کارەسات و قوربانییەکانی جەنگەوە دەناڵێن، نوێترین نمونەش ئەفغانستانە.

لە هەمان کاتتدا وڵاتانی زلهێز بەردەوام بانگەشەی ئاشتی لە جیهاندا دەکەن، بەڵام هەر خۆیانن بەرهەمهێنەری نوێترین و پێشکەوتووترین جۆری چەکن، هەر خۆیان چەکی ئەتۆمی و سیستمی مووشەکی بەرهەم دەهێنن، دەیفرۆشنە وڵاتان تا شەڕی پێبکەن، بە تایبەت ئەمریکا، ئەڵمانیا و ڕوسیا.

 

جەنگ، شەڕی هەژموونگەرایی و سەپاندنی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیایە

هاوکات ئەو زلهێزانە دوور لە وڵاتەکانی خۆیان و لە وڵاتی سێیەمدا جەنگەکان هەڵدەگیرسێنن و ململانێکانیان ئەنجام دەدەن، سەرباری ئەوەی بەشێک لە جەنگەکان شەڕی ساردی ئابووری و میدیان، شەڕی هەژموونگەرایی و سەپاندنی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیان.

هەموو ئەم جەنگانە، بە سەرجەم شێوەکانیەوە ئاشتی کردووەتە خەونێکی بەدی نەهاتووی مرۆڤایەتی، لەبری ئەوەی ئاشتی ڕێگایەک بێت بۆ چارەسەری کێشەکان، ئێستا ئاشتی بووەتە خودی ئامانجەکە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئاشتی تەنها بانگەشەیەکی چەواشەکاری دەوڵەتە زلهێزەکانە بۆ جیهان، لە پشتی پەردەکانەوە کار بۆ بەردەوامی جەنگ دەکەن.

ئاشتی لە هەرێمی کوردستان

مێژووی کوردستان پێمان دەڵێت، کە کوردەکان بەردەوام لە جەنگدا بوون، هەوڵی داگیرکردنیان دراوە، هەرێمی کوردستان کراوەتە شوێنی یەکلایکردنەوەی جەنگەکان، ئەمەش واتە تاکی کورد زۆرینەی کاتەکانی لە ترس و دڵەڕەوکێی و مەترسی جەنگدا بەسەربردووە.

 

جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق، ڕاپەڕین و مێژوویەک لە شۆڕش لە سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا، شەڕی ناوخۆ، کۆڕەو و نوێترینیش شەڕی داعش، داگیرکارییەکانی وڵاتانی دروسێ و بۆردومانکردنی سنورەکان دەروونێکی نائارام و هەمیشە ترساوی بۆ تاکی کورد بەرهەم هێناوە، بەجۆرێک ئێستا دەترسن ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوویدا لە هەرێمی کوردستانیش دووبارە ببێتەوە، بووەتە ڕۆژەڤێکی گەرمی میدیای کوردی و هاوڵاتیان.

هاوڵاتیان چی دەڵێن لەبارەی ئاشتییەوە

هاوڵاتیان لەبارەی ئاشتییەوە ڕای جیاوازیان هەیە، پەروەردەیەکی دروست بە بنەمای بوونی ئاشتی دەزانن، پێیان وایە بەهۆی ئەوەی مێژووی کورد پڕە لە شەڕ دەروونی تاکی کوردیش بەردەوام لە ترسدا دەژی.

ئەسرا حەبیب، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢١ ساڵە، قوتابی زانکۆیە، لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئاشتی ئێستا تەنها دروشمێکی ڕووکەشیە، هەمان ئەو وڵاتانەی کە دروشمی ئاشتی بەرزدەکەنەوە، چەکیش بۆ جەنگەکان بەرهەم دەهێنن.

ئەو لەبارەی ئاشتی لە هەرێمی کوردستاندا ئەرێنی نییە، "پێویستە تاک زیاتر یەکتر پەسەند بکەن، لە واتای ڕاستەقینەی ئاشتی تێبگات و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بدرێت".

تابلۆ سەلام، پارێزەر و تەمەنی ٣٢ ساڵە، پێی وایە کاتێک ئاشتی دەبێت کە ئازادی هەبێت، بەڵام ئازادی لەسنوری تاکدا، کە نەبێتە هۆی بەزاندنی ئازادی بەرامبەر.ئەوەش دەخاتەڕوو کە بوونی ئاشتی تاکێکی تەندروست و بەسوود بۆ کۆمەڵگا دروست دەکات، کە دەتوانێت کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکات.

لەبارەی ئاشتی لە هەرێمی کوردستانیش، پێی وایە قەیران و کێشە یەک لە دوا یەکەکان هۆکارن بۆ ترس و دڵەڕاوێکی لە دڵی هاوڵاتیاندا، بەمەش ئاشتی بەرجەستە نابێت.

کاسیا بەختیار، تەمەنی ١٨ ساڵە و قوتابییە، ئەو پێی وایە کە ئاشتی دەبێت مرۆڤ خۆی دروستی بکات، دروستکردنی ئاشتیش دەکەوێتە سەر تاکەکان، بەڵام ئێستا تاکی کورد ترساوە، بەهۆی ئەوەی کورد بەردەوام لەناو جەنگدا بووە، تەنانەت ئێستا کۆمەڵگا دەترسێت ئەوەی لە ئەفغانستان ڕووی داوە لە هەرێمی کوردستانیش ڕووبداتەوە.

لە کۆتایشدا جەخت لەوەدەکاتەوە، کە ئاشتی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پەروەردەوە هەیە، پێی وایە ئەگەر سیستمی پەروەردە بەم جۆرە بەردەوام بێت و نەگۆڕێت، ئەوا ئاشتەوەیی هیچ کات نابێت.

ت.پ