دروشمە جیهانییەکان بۆ ژنانی کورد بێ دروشمن

له‌ کاتێکدا ساڵانە یادی ڕۆژی نێودەوڵەتی نەهێشتنی توندوتیژیی سێکسی لە جەنگدا دەکاتەوە مێژووی عێراق شایەتی تراجیدیایەکی دڕندانەیە کاتێک ڕێکخراوی داعش لە ناو جەرگەی مووسڵدا ١٩ ژنی گەنجی ئێزدییان بە زیندوویی سووتان، تا ئیستاش جیهان بێدەنگە.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_لە ساڵی ٢٠١٥ کاتێک کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆدەنگی تەواوی ئەندامەکانی بڕیارێکی مێژوویی دەرکرد و تێیدا ڕۆژی ١٩ حوزەیرانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی توندوتیژیی سێکسی وەک چەکێکی جەنگ دیاری کرد کە ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوە دروستکردنی فشارێکی جیهانی بوو بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی جەستەی ژنان و منداڵان، وەک ئامرازێک بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگەکان و تۆقاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کاتی شەڕەکاندا بەڵام تەنها یەک ساڵ دوای ئەم بڕیارە مێژووییە و لە ساڵی ٢٠١٦ کاتێک جیهان خەریکی ئامادەکاری بوو بۆ یادکردنەوەی یەکەمین ساڵیادی ئەم بڕیارە چەتەکانی داعش لە ناو شاری موسڵدا بە کردەوە پیشانی تەواوی مرۆڤایەتی دا کە یاسا نێودەوڵەتییەکان ناتوانن پارێزگاری لە ژنانی بێپەنا بکەن ئەگەر ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی سەربازی و سیاسی بۆ جێبەجێکردنیان بوونی نەبێت.

 

بازاڕی کۆیلایەتی و تێکشکانی بەها مرۆییەکان لە مووسڵ

لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر یەکێک لە تاریکترین و دڵڕەقترین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی لە سەدەی ٢١دا کاتێک چەتەکانی داعش دوای داگیرکردنی ناوچەکانی شنگال و دەوروبەری هەزاران ژن و منداڵی کجی ئێزدییان وەک دەستکەوتی جەنگ ڕفاندو گواستیاننەوە بۆ ناوەڕاستی شاری موسڵ کە لەو سەردەمەدا ببووە پایتەختی سەرەکی و ناوەندی بڕیاردانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە و لەوێدا بازاڕی فەرمییان بۆ کڕین و فرۆشتنی مرۆڤەکان دروستکردبوو کە تێیدا ژنای گەنج وەک کۆیلەی سێکسی مامەڵەیان پێوە دەکرا و لەژێر ناوی فەتوا ئاینییە چەواشەکارەکاندا ڕەوایەتی بە دەستدرێژیکردنە سەر جەستەیان دەدرا بەڵام چیرۆکی ئەم  ١٩ ژنە گەنجە ئێزدییە تەواو جیاواز بوو چونکە ئەوان بڕیاریاندا لە بەرامبەر دڕندەیی چەکدارەکاندا سەر دانەنەوێنن و کەرامەتی پێکهاتە و ئاینی خۆیان بپارێزن.

 

خۆڕاگری ژنانی ئێزدی لە بەرامبەر ئەشکەنجە و دادگای شەرعی داعش

بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی ناو شاری موسڵ لەو سەردەمەدا ئەم ١٩ ژنە گەنجە کە تەمەنیان لە نێوان ١٤ بۆ ٢٥ ساڵیدا بوو دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە گرتوخانە و کەمپە تایبەتەکانی داعشدا لەژێر توندترین ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا هێڵدرانەوە و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە سووکایەتییەک بوونەوە ئامادە نەبوون تەسلیمی داواکارییەکانی ئەمیرەکانی داعش ببن و ئاینی خۆیان بگۆڕن یان وەک ئامرازێکی سێکسی بەردەوام لە نێوان چەکدارەکاندا دەستاودەست پێبکرێن کە ئەم خۆڕاگرییە گەورەیەی کچە گەنجەکان بووە هۆی تووڕەبوونی توندی سەرکردەکانی داعش و لەبەر ئەوەی نەیانتوانی ئیرادەیان تێکبشکێنن دادگای شەرعیی ڕێکخراوەکە لە موسڵ بڕیاری لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بۆ دەرکردن تا ببێتە پەند بۆ هەموو ئەو ژنە دیلانەی تری کە لەژێر دەستیاندا بوون.

 

قەفەسی ئاسنین و جێبەجێکردنی دڕندەترین سزای سوتاندن بە زیندوویی

شێوازی جێبەجێکردنی ئەم سزادانە گەورەیە نیشاندەری بەرزترین ئاستی دڵڕەقی مرۆیی بوو کاتێک لە ڕۆژی ٢ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦دا و لە ناوەڕاستی شاری مووسڵدا لەبەرچاوی سەدان کەس لە دانیشتووانی شارەکە ١٩ ژنە ئێزدییەکە لە ناو قەفەسی گەورەی ئاسنیندا داخران و چەکدارانی داعش ماددەی شلی زوو گڕگریان بەسەردا ڕشتن و ئاگریان تێبەردا کە لەو ساتەدا دەنگی هاواری ژنەکان بۆ پاراستنی کەرامەتیان ئاسمانی شارەکەی تەنیبوو و ئەوان بە زیندوویی سوتێنران و بوونە خۆڵەمێش بەڵام ئامادە نەبوون شەرەف و ناسنامەی خۆیان پێشکەشی تێرکردنی ئارەزووە کاتییەکانی هێزێکی داگیرکەر بکەن کە ئەم ڕووداوە بووە هێمایەکی جیهانی بۆ بەرگریی ژنان لە بەرامبەر فاشیزمی ئاینی و سەربازیدا.

 

ململانێی دروشمە نێودەوڵەتییەکان و ڕاستی تاڵی قوربانیانی جەنگ

کاتێک ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیار دەکات ڕۆژی ١٩ حوزەیران وەک ڕۆژێکی جیهانی دیاری بکات ئامانجی ئەوە بوو کە توندوتیژیی سێکسی تەنها وەک دەرئەنجامێکی لاوەکیی شەڕ سەیر نەکرێت بەڵکو وەک تاوانێکی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی بناسرێت بەڵام ڕاستی تاڵی مووسڵ لەو ساڵەدا سەلماندی کە ململانێی نێوان دروشمە ڕازاوەکانی نیویۆرک و ڕاستی سەر زەوی زۆر گەورەیە چونکە کاتێک جەستەی ژنانی ئێزدی لە ئاگردا دەسووتا هیچ میکانیزمێکی نێودەوڵەتی خێرا بوونی نەبوو بۆ ئەوەی بچێتە ناو جەرگەی مووسڵ و قەفەسە ئاسنینەکان تێکبشکێنێت و ژیانی ئەو گەنجانە ڕزگار بکات کە ئەمەش نیشانەی شکستی گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو لە پاراستنی پێکهاتەو نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

توندوتیژیی سێکسی وەک ستراتیژیەتی جینۆساید دژی ناسنامەی ئێزدییەکان

ئەم تاوانە کەم وێنەیە بەپێی تەواوی پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامەکانی جنێف و بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەک بەشێکی سەرەکی لە پرۆسەی جینۆسایدی پێکهاتەی ئێزدی دەژمێردرێت چونکە ڕێکخراوی داعش توندوتیژیی سێکسی و لەسێدارەدانی ژنانی وەک ستراتیژیەتێکی داڕێژراو بەکاردەهێنا بۆ سڕینەوەی نەوەکانی داهاتووی ئەو پێکهاتەیە و تێکدانی بنەما کۆمەڵایەتییەکانیان کاتێک ژنێک لەبەر پاراستنی ناسنامەکەی دەسوتێنرێت ئەوە تەنها کوشتنی تاکێک نییە بەڵکو هەوڵدانە بۆ کوشتنی ڕۆحی تەواوی کۆمەڵگەیەک کە دەیەوێت بە ئازادی لەسەر خاکی داپیران و باپیرانی بژی.

 

برینە سارێژنەبووەکانی شنگال و ئەرکی ڕاگەیاندن لە پاراستنی مێژوودا

لە ئێستادا کە ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو کارەساتە دڵتەزێنەدا تێپەڕیوە هێشتا شوێنەوارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ڕووداوە لە سەرجەم ناوچەکانی شنگال و کەمپەکانی ئاوارەکاندا بە زیندوویی ماونەتەوە و ڕۆژی ١٩ حوزەیران بۆ گەلی کورد و بە تایبەت پێکهاتەی ئێزدی تەنها ڕۆژێکی یاسایی نییە بۆ کۆبوونەوە و قسەکردن بەڵکو ڕۆژێکی ماتەمینی نیشتمانی و جیهانییە کە تێیدا یادی قوربانیانی دڕندەیی داعش دەکرێتەوە و پێویستە مێژوونووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەردەوام بن لە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆڕاگری ئەو ١٩ ژنە گەنجە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بزانن کەرامەت و ئازادی بە چ نرخێکی گرانبەها بەدەست هاتووە.