پانۆڕاما، ٢٠٢٢ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرەتایەک بوو بۆ کۆتایی پێهێنان

لە ساڵی ٢٠٢٢دا زۆر ڕووداو لە ئێران ڕوویاندا کە بوونە هەوێنی دەستپێکردنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و بەڵێنی کۆتایی هاتنی دیکتاتۆریەتی دا.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- ساڵی ٢٠٢٢ بۆ خەڵکی ئێران و بەتایبەت ژنان ساڵی ڕووداوی زۆر بوو، شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگایەتی ژنان هەڵگیرسا و تا ئێستاش بەردەوامە، هەڵاواردن لە دژی ژنان ئەمساڵ گەیشتە لوتکە، سەرەڕای سەرکوتکردنی زیاتر لە ٤٠ ساڵ لەلایەن حکومەتەوە کە بەسەریاندا سەپێندرا، بەڵام پەتی کۆیلایەتییان پچڕاند و هاواریان بۆ ئازادی بەرز کردەوە، ئەو ژنانەی کە لەگەڵ دەستپێکردنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە هەموو مافەکانیان زەوت کران، ئەوانەبوون کە شۆڕشیان هەڵگیرساند و بەڵێنی کۆتایی هاتنی دیکتاتۆریەتیان دا.

 

دادگاییکردن ئامانجی سەرەکی ئازادیخوازان بوو

١١ی کانوونی دووەم هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵیادی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرە ئۆکرانییەکە بە مووشەکەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بە ١٧٦ سەرنشینەوە، بنەماڵەی قوربانییەکان و چالاکوانان هەڵمەتی "منیش مۆمێک داگیرسێنم"یان دەستپێکرد و داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتییان لە ڕووداوەکە کرد، ئێرانییەکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی قوربانییەکان و تۆمارە ڤیدیۆییەکان پشتیوانییان لە کەسوکاری قوربانیانی "PS762" کرد.

 

دادگایی کردنی حامید نوری دادوەری ئێران و تۆمەتبارکردنی بەهاوکاریکردنی سێدارەی بە کۆمەڵی هەزاران چالاکوانی سیاسی ئێران لە ساڵی ١٩٨٨یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکان بوو کە ئەمساڵ ڕوویدا، کە ئومێدی لە دڵی بنەماڵەی لەسێدارەدراواندا دروستکرد بەوەی سزای تاوانباران نزیکە.

 

دوای ٩٣ دانیشتن و ٤٦ شایەتی، دادگای ستۆکهۆڵمی سوید لە ١٤ی تەمموزی ٢٠٢٢دا حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەر حەمید نوریدا سەپاند.

 

زیندانیانی سیاسی

سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ زەهرا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی کۆمەڵەی کولتووری کۆمەڵایەتیی نوژین، بە تۆمەتی "دروستکردنی گروپێک بۆ ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی نەتەوەیی" و فێرکردنی زمانی دایک، بە ٥ ساڵ زیندانی سزادرا و کارکردن لە بواری زمان و ڕۆشنبیریدا لێ قەدەغە کرا.

 

لە ٢١ی شوباتدا هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی گوزەل حاجی زادە، دایکی زەینەب جەلالیانی زیندانی سیاسیی، هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و گواسترایەوە بۆ ئیتلاعاتی ماکۆ و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، پاشان ئازادکرا. ئەو دەستگیرکردنە دوای دەرکەوتنی دایکی زەینەب جەلالیان، تاکە زیندانی سیاسی کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، دێت لە کلیپێکی ڤیدیۆیدا داوای لە دامودەزگاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات داوای ئازادکردنی کچەکەی بکەن.

 

زەینەب جەلالیان بۆ زیندانەکانی ئێران دوورخرایەوە و بەردەوام لەلایەن لێکۆڵەرە ئەمنییەکانەوە گوشاری لێدەکرێت، وەک زیندانییەک لە هەموو مافە سروشتییەکانی بێبەش دەکرێت، تەنیا مافی ئەوەی هەیە لە کاتی خۆیدا بە تەلەفۆن پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوکی بکات، بەڵام بە زمانی فارسی بۆ ماوەیەکی زۆر کورت دەبێت قسە بکات، هەروەها دۆخی تەندروستی ناجێگیرە بەهۆی ڕەتکردنەوەی خزمەتگوزارییە پزیشکی و چارەسەرییەکان.

 

ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانە هەن کە لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێکی دیکە دوورخراونەتەوە، لەوانە سێپیدە قولیان کە چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی زیندان، زۆربەی زیندانییەکان بە هۆکاری سیاسی ساڵانێک لە زیندانە ترسناکەکاندا بە بێ ئەوەی بەڵگەنامەیان پێشکەش بکەن، لەناو ئەو چالاکوانانەی کە دەستبەسەرکراون و حوکمی درێژخایەنی زیندانیان بەسەردا سەپاوە، چالاکی مافی مرۆڤ، فەریدە مورادخانی، توێژەری فەرەنسی- ئێرانی فەریبە عادلخا، سارا عەسکەری، عالیە مەتلەبزادە، فەریبە ئەسەدی، لەیلا حوسێن زادە، مریەم سادقی، نیگار مەسعوودی، ئەفشەنا عەزیم زادە، شادی گیلاک هەن.

 

جیاوازی ڕەگەزی

هەڵاواردنی جێندەری لە فەرمانگە حکومییەکان، پەروەردە، بانکەکان و تەنانەت کارە ناحکومییەکان لەو پرسانەن کە ژنانی ئێران هەمیشە لە دژی خەباتیان کردووە، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زۆر حوکم و بڕیار لە دژی ژنان دەرکران و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ئێراندا کەلێنێکی گەورەتری هەبێت.

 

بەدامەزراوەییکردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی لەلایەن حکومەتەوە نەک هەر بووە هۆی ئەوەی ژنان بکرێتە ئامێری منداڵبوون، بەڵکو زۆربەی ئەو وەرزشانەی کە ژنان دەتوانن بەشدارییان تێدا بکەن، قەدەغە کران، هەروەها وەرزشوانانی ژنیش لە وەرزشەکانی وەک بۆکسێن و لەشجوانی قەدەغە کران. ئەم وەرزشانە لە زۆربەی شارەکانی ئێران قەدەغە کران و هۆڵەکانی وەرزشیش داخران.

 

بەرخۆدانی ژنان لە ٨ی ئاداردا گەیشتە لوتکە

ڕۆژی جیهانی ژنان لە ٨ی ئادار هەموو ساڵێک لە هەموو وڵاتانی جیهان لەلایەن ژنانی ئازادیخوازەوە بەڕێوەدەچێت. سەرەڕای سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و قەدەغەکردنی هەر چالاکیەک لەم ڕۆژەدا، ژنانی کورد و ئێرانی بەرخۆدان دەکەن و لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژناندا، چالاکیی ناوازە ئەنجام دەدەن، لە ساڵی ڕابردوودا ژنانی کورد و ژنانی ئێرانی جارێکی دیکە پەیامی بەرخۆدان و خەباتیان لە گوێی حکومەتدا چرپاند. لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوانە سنە، دیواندەرە، نەغەدە، مەریوان و شنۆ ژنان بە خوێندنەوەی بەیاننامە، دابەشکردنی گوڵ و شیرینی و نامیلکە ئەو ڕۆژەیان بەڕێوەبرد، سەرەڕای هەموو سنووردارکردنەکان، ڕێوڕەسمی ٨ی  ئادارلە شارەکانی ئێران لەوانە تاران، گیلان و یەزد بەڕێوەچوو. دامودەزگا ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر گردبوونەوەی ئازادیخوازان و ژمارەیەک بەشداربوویان دەستگیرکرد.

 

قەیرانی ژینگەیی و کارەساتی ژینگەیی

کارەساتی ژینگەیی هەمیشە هەڕەشە بووە بۆ سەر مرۆڤایەتی، لەم ساڵانەی دواییدا ئێران تووشی کارەساتی ژینگەیی گەورە بووە، گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان هۆکاری سەرەکی کارەساتەکانی ژینگەن لە جیهاندا، بەڵام لە دۆخی ئێراندا خراپ بەڕێوەبردن و دارستان بڕین لە هۆکارە سەرەکییەکانی کارەساتی ژینگەییە، کە دەبێتە هۆی کارەساتی گەورەی وەک لافاو، وشکەساڵی، وشکبوونی دەریاچە و کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی، ئاگرکەوتنەوە و هتد.

 

هەر بەو هۆیەشەوە یەکەم ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢ بە کارەساتی سروشتی بۆ خەڵکی ئێران بە تایبەت لە پارێزگاکانی باشوور دەستیپێکرد، لە کاتی بارانبارینی بەخوڕدا کە لە پارێزگاکانی باشوور لەوانە فارس، کرمان، سیستان و بەلووچستان و هورمزگان ڕوویدا، هەزاران هاوڵاتی ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بەشێکی زۆریان گیانیان لەدەستدا. هەروەها زۆرێک لە زەلکاو، دەریاچە و ڕووبارەکان و سەرچاوە ئاوییەکان بە گشتی وشک بوون، لەوانە ڕووباری زەیاندەهرود، زەلکاوەکانی گاوخونی، هامۆن، هوری گەورە و دەریاچەی ورمێ.

 

داڕمانی باڵەخانەی میترۆپۆلی ئابادان یەکێک لەو ڕووداوانەی دیکە بوو کە گەندەڵی بەربڵاوی ئەمساڵی ئێرانی بە تەواوی ئاشکرا کرد. هەرچەندە هێشتا بیناکە تەواو نەبووە، بەڵام داڕما و زیاتر لە ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٣٥ کەسیش برینداربوون. لەم ڕووداوەدا شارەوانی و ژمارەیەک دەستە و وەزارەتى دیکە بە تاوانبار زانران و زیاتر لە ١٣ کەس لە ئەنجامدەرانی ئەم ڕووداوە دەستگیرکران، بەڵام پڕۆسەی دادگای ئەو کەسانە ڕوون نەبووەتەوە و هەریەکەیان بە ماوەیەکی کورت زیندانیکردن تۆمەتبارکراون یان بە سەرپێچی دارایی کەیسەکانیان کۆتایی پێهات.

 

گردبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەندیکاکان

مامۆستایان، خانەنشینان، کرێکاران، پەرستاران و سەندیکاکانی دیکەی کرێکاری ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتییەکانیان و زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕۆژانە شاهیدی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بوون.

 

لە مانگەکانی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ و لە درێژەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و چالاکوانانی ڕۆشنبیریدام زیاتر لە ٢٣٠ مامۆستا و چالاکوان لە شارەکانی سنە، ڕەشت و شیراز دەستبەسەر یان بانگهێشت کران بۆ ئیتلاعاتی شارەکەیان، لەناو ئەو مامۆستا ژنە دەستبەسەرکراوانەدا کەوکەب بەداغی، فەریبە موعینی، حەمیدە زارع، سیوان سلیمانی، موژگان باقری، فەریبە نیزامزادە، زەهرا ئەسفەندیاری، سورەیا ئاغایی، خەدیجە موبارەکی، مەعسومە دەهقان، مەنسوورە عیرفانییان، فاتمە بەهمەنی، مەرزیە تەڵایی، ژاڵە روحزادە و چەندانی دیکە هەن.

 

کوشتن بە ناوی شەرەف و پەسەندکردنی لەلایەن حکومەتەوە

کوشتنی ژن بە بیانووی شەرەف یەکێکە لە توندوتیژییە باوەکانی دیکەی دژ بە ژنان، کە یاساکانی کۆماری ئیسلامی هانی دەدەن، چونکە لەم یاسایانەدا ژن وەک کاڵایەک پێناسە دەکرێت کە خاوەندارێتی پیاوێکە. کوشتنی قێزەونی غەزالە-مونا حەیدەری یەکێک بوو لەو کوشتارە شۆککەرانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی هەبوو، مونا ەیدەری ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵ و قوربانیی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا بوو، کە بەهۆی توندوتیژیی توندی خێزانییەوە لە ماڵەوە هەڵاتووە و بەرەو تورکیا هەڵهات، باوک و مامی مونا بە بەڵێنی پاراستنی گەڕاندیانەوە بۆ ئێران، هاوسەرەکەی مونا کە ئامۆزاشی بوو، سەری بڕی و لە شەقامەکاندا وەک نیشانەی شەرەف نمایشی کردم لە بەرامبەر ئەم کوشتنە قێزەونەدا، دەزگا ئەمنییەکان ئەو دەزگا هەواڵ و میدیایانەیان داخست کە ئەو هەواڵەیان بڵاودەکردەوە و فشاریان خستەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە هەواڵی کوشتنەکەیان ڕووماڵ دەکرد. هەروەها بنەماڵەی مونا داوای تۆڵەسەندنەوەیان نەکردووە و بکوژەکە تەنها بەهۆی لایەنی گشتی تاوانەکەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢دا نەک هەر کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف بەردەوام بوو، بەڵکو کوشتنی ژنان ئەمجارە لەلایەن دەستدرێژکارانەوە زیادیکرد و بکوژانیش ئەندامی حکومەت بوون و لە سزا ڕزگاریان بوو، شلێر ڕەسوڵی بە مەبەستی ڕزگاربوون لە دەستدرێژی سێکسی، لە شاری مەریوان لە پەنجەرەی ماڵی دەستدرێژیکارەکە خۆی فڕێدا و گیانی لەدەستدا. ژنانی مەریوان و شارەکانی دیکەش جگە لە داوای سزادانی تاوانباری دەستدرێژی سێکسی، کە کەسێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێران بوو، داوای پاراستنی ئاسایشی ژنانیان کرد.

 

دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە بەلوچستان لەلایەن فەرماندەی هێزی پۆلیسی چابەهار، عەقید ئیبراهیم کۆچزای، یەکێک بوو لە حاڵەتەکانی تری دەستدرێژی سێکسی کە کاردانەوەی لێکەوتەوە، عەقید ئیبراهیم کۆچزایی لەکاتی لێپرسینەوەدا دەستدرێژی کردبووە سەر ئەم منداڵە کە گومانی کوشتنی لێدەکرا. دواتر تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەم پێشێلکارییە یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەرانی زاهیدان کە لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی هاتنە سەر شەقامەکان.

 

کوشتنی ژینا ئەمینی سەرەتای شۆڕشێک بوو

سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و پرسانەی کە لە ئێراندا هەبوون، ژنان زیاتر لە کۆمەڵگە دوورخرانەوە، کاراکردنەوەی پۆلیسی ئەخلاق، کە لە حکومەتی حەسەن ڕۆحانیدا چالاکییەکانی ڕاگیرابوو، هێندەی تر مەیدانەکەی بۆ ژنان بەرتەسک کردەوە، ژنان لە فەرمانگە و ناوەندە حکومییەکان و شوێنە گشتییەکان و تەنانەت لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا سەلامەت نەبوون، ژنانی جلوبەرگ کراوە چوونە ناو ئۆفیس و بانک و تەنانەت میترۆکانیشیان لێ قەدەغەکرا، ڕۆژانە هەواڵ و ڤیدیۆی توندوتیژیەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە میدیاکان بڵاودەکرانەوە، بەڵام کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتەوە بوو بە خاڵی وەرچەرخان بۆ دەستپێکی شۆڕشی ژنان و بۆ یەکەمجار داواکاری ژنان بناغەی ناڕەزایەتی و مانگرتن و ڕاپەڕینی جەماوەری دانا.

 

ژینا ئەمینی، ژنێکی گەنجی خەڵکی شاری سەقز کە بۆ گەشت لە تاران بوو، پێش ١٥ی ئەیلول لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەرکرا و بە ئەشکەنجە پاش چەند ڕۆژێک مانەوەی لە کۆمادا، لە نەخۆشخانەی کەسرەی تاران گیانی لەدەستدا، هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا تەرمی ژینا شەو بەبێ ئامادەبوونی هاوڵاتیان بنێژن، بەڵام بنەماڵەی ژینا خۆڕاگرییەکی بێهاوتایان نیشاندا و بە ڕۆژ و بە دروشمی ژن، ژیان ئازادی و ئامادەبوونی هەزاران کەس تەرمەکەیان بەخاک سپارد، دوای ئەوە شۆڕشی گەلانی ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد و ژنانی سنە بانگەوازی خەڵکی ئێرانیان کرد کە پشتیوانی لە  ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، لە ماوەیەکی کورتیشدا ناڕەزایەتییەکان بە هەموو ئێراندا بڵاوبووەوە و داواکاری گۆڕانکاریی بنچینەییان لەو ڕژێمەدا بەرز کردەوە.

 

خەڵکی بەلووچ لە سیستان و بەلوچستانیش بە هاوسۆزی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی بەلووچ لەلایەن فەرماندەی سوپای پاسداران هاتنە سەر شەقامەکان و هەینییە خوێناوییەکانی ئەم شارە بوونە هێمای شۆڕش.

 

شۆڕشی ژنان نزیکەی ٤ مانگە بەردەوامە و بووەتە هیوای ژنانی جیهان. ژنانی وڵاتانی جیهان بە هاوسۆزی لەگەڵ ژنانی ئێران و ژنانی کورد هاتنە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕازیانی ئێرانییان گەیاندە جیهان، پشتیوانی سیاسی و کەسایەتییە سیاسی و هونەرییەکانی جیهان بۆ ئەم ناڕەزایەتیانە ناوازە بوو، هاوڵاتییانی کورد و بەتایبەت ژنانی چوار پارچەی کوردستان پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکان کرد و چەندین بەرهەمی هونەرییان پێشکەش بە شۆڕشی ژنان لە ئێران کرد.

 

لەگەڵ تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، سەرکوتکردن توندتر بوو و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویانکردووەتەوە، ١٥ی ئەیلول تا ٢٢ی کانوونی یەکەم، ٥٠٧ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، لانیکەم ٦٩یان منداڵ بوون، زیاتر لە ١٨ هەزار و ٥٠٠ کەس دەستگیرکراون، مەزەندە دەکرێت کە ٦٥٤ کەسیان خوێندکار بوون، هەزار و ١٩٦ گردبوونەوەی شار و زانکۆکان بەڕێوەچووە، ١٦١ شار و ١٤٤ ناوەندی زانکۆ بەشداری گردبوونەوەکان بوون.

 

ڕێکخراو و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ پێیان وایە ئەو ئامارانە یەکلاکەرەوە نین و ئەو زانیارییانەی بەدەست هاتوون سنووردار بوون و بەهۆی نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ئازاد، مەحاڵە ئاماری یەکلاکەرەوە ڕابگەیەنرێت و ئەو ئامارانە تەنیا لەو زانیارییانەی کە لەژێر لێکۆڵینەوەدان ئامادە کراون.

 

هونەرمەندان، ڕۆژنامەنوسان، زیندانیانی سیاسیی پێشوو، چالاکوانی مەدەنی و سیاسی لە ڕیزی دەستگیرکراوەکانن، لەوانە نیلوفەر حەمیدی و ئیلاهە محەمەدی، کە تۆمەتی سیخوڕییان دراوەتەپاڵ و مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە، ئەم پەیامنێرانە بە سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان و ڕێکخراوەکان کە دژی کۆماری ئیسلامین تۆمەتبار کراون و زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوان ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و پەیامنێرانی بێ سنوور هۆشدارییان داوە لە مەترسی لەسێدارەدانی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە.

 

هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرکوتکردن لە زیندانەکاندا بەربڵاوتر بوو و زۆربەی زیندانەکانی ئێران بوونە مەیدانی حکومەت بۆ تۆڵەسەندنەوە لە شۆڕشگێڕان، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە میدیای بەلووچ بڵاویان کردووەتەوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی بەلووچ، لە ماوەی ٢٠ی ئاب تا ١٩ی کانوونی دووەم زیاتر لە ٨١ زیندانی بەلوچ لە زیندانەکانی بەلوچستان بە بیانووی درۆی وەک کوشتن و مادەی هۆشبەر لە سێدارەدراون.

 

لەسێدارەدانی تێکۆشەران و ئازادیخوازان یەکێک لەو تاوانانەی ترە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی شۆڕش و تۆڵەسەندنەوەی خۆی لە شۆڕشگێڕان دەدات. مەجید ڕەزا ڕەهنەوارد و موحسین شیکاری لەو گەنجانە بوون کە بە بێ مافی هەڵبژاردنی پارێزەر لە دادگا نادادپەروەرەکان لە ماوەی چەند خولەکێکدا وەک ساڵانی شەستەکان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و حوکمی لەسێدارەدانیان لە ماوەیەکی کورتدا جێبەجێکرا و چەندانی دیکە لە چاوەڕوانی لەسێدارەداندان.

 

ئەکتەرانی ئێران پشتیوانیان لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کرد، لەوانە، ئاناهیتا هیمەتی، بە بڕینی قژی کاردانەوەی دژی ستەمکارییەکانی سەر ژنان نیشاندا، کەتایۆن ڕیاحی وێنەیەکی خۆی بەبێ باڵاپۆشی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە، هەوڵیدا دەنگی ژنانی ئێرانی بێت و ئەمەش سەرەتای ناڕەزایەتی هونەرمەندان و هاوسۆزییان لەگەڵ شۆڕشی ژینا بوو، کە کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە.

 

تەرانە عەلیدوستی یەکێکە لە لایەنگرانی دیکەی ناسراوی شۆڕش کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و ئێستا بەهۆی هەڵوێستە توندەکانی بۆ پشتیوانی لە شۆڕش لە زیندانی ئەڤیندایە، دوورخستنەوەی کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێگەی ژنان لە ڕووداوە گرنگەکانی دیکە بوو کە دەکرێی ئاماژەیان پێبکرێت و گوشاری ئازادیخوازان لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە بووە هۆی دوورخستنەوەی ئێران لەم کۆمیسیۆنەدا، هەروەها بە فشار لیژنەیەکی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە پرسەکانی ئێران و بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێکهێنرا، کە بەشێكن لە دەستکەوتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی ژنان.