کۆمەڵگە چۆن دەڕوانێتە ڕۆژەکانی تایبەت بە ژنان؟

دانانی ڕۆژی تایبەت بە مافەکانی ژنان و ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە لە دژی ئەو توندوتیژیانەی لەسەریان هەیە ئامانج لێی ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەیە بۆ باشترکردنی دۆخەکە، بەڵام لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دەبینین لە لایەن عەقڵیەتی پیاوسالارەوە بێڕێزی بەو ڕۆژانە دەکرێ

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی عەقڵیەتی دەسەڵاتدار و پیاوسالار، دژی نادادی و کۆیلەکردنی ژنان، بە کەم بینینی ژنان و توندوتیژییەکانی سەریان پەنا براوەتەبەر دیاریکردنی ڕۆژە جیهانییەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ئاشناکردنی ژنان بە مافەکانیان، تا ژنان بەهێز بن و بتوانن لە کۆمەڵگەدا خۆیان بسەلمێنن.

 

ڕۆژە جیهانییەکانی ژنان تەنها ڕۆژێک نییە بۆ پیرۆزبایی کردن لە ژن و پێدانی چەند دیارییەک، بەڵکو ئامانج لێی گۆڕینی ئەو عەقڵیەتە درێژەپێدراوەی مێژووە کە هەمیشە بە چاوێکی کاڵا کڕین و ئیشکەری ماڵەوە و بەخێوکەری ماڵەوە سەیری ژنی کردووە، ھێشتا دەبێت ھەنگاوی جدی بنرێت کە بە چاوی یەکسان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر سەیر بکرێت، هەرچەندە ژنان هەنگاوی باشیان ناوە و قوربانی زۆریان داوە، بەڵام دەبینین ڕۆژانە و لە ڕۆژانی تایبەتکراو بە ژنان لە ڕێگەی زارەکی و فیزیکییەوە بێڕیزی بە ژنان دەکرێت، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەمیشە خەبات و تێکۆشان لەلایەن ژنانەوە پێویستە بۆ ئەوەی بەرەنگاری کۆمەڵگە و هەر جۆرە سیستمێکی سەرکوتکەر ببنەوە.

 

ژنانی ناو كۆمە‌ڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت ژنانی کورد بەراورد بە وڵاتانی ئەوروپا لە‌ زۆر لە‌ مافە‌كانیان بێبە‌شكراون و ھە‌میشە‌ وە‌ك پلە‌ دوو ھە‌ژمار دە‌كرێن، بە‌ گشتی ژنی كورد لە‌ ناو خێزانی خۆیدا و لە‌ كاروباری دە‌رە‌وە‌شدا وە‌ك ژنێكی سە‌ربە‌خۆ و ئازاد دە‌رناكە‌ون، ھە‌میشە‌ پیاو لە‌و ڕووانە‌وە‌ باڵادە‌ستتر دە‌بینرێت، ڕۆژانە‌ توندوتیژی بە‌رامبە‌ر ژن دە‌بینین، ژن دە‌كوژرێن، ژن خۆی دە‌سوتێنێت و دەسوتێندرێت، هان دەدرێن بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانیان، ژنان لە‌ كاتی كاركردن لە‌ فرۆشگاكاندا مافیان پێشێلدە‌كرێت و پارە‌یە‌كی كە‌میان لە‌ بری كارێكی زۆر پێدە‌درێت و گێجە‌ڵی سێكسییان پێدەكرێت، ئەمانە بوونەتە دیاردە‌یە‌كی زۆر مە‌ترسیدار و ڕاستە‌وخۆ ھە‌موو مافێكیان پێشێل دە‌كرێت و داھاتوویەکی ناڕون لەڕێیە.

 

لە ڕۆژە تایبەتەکانی ژنان، شەڕی چەسپاندن پێویستە

لە ڕۆژی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان و ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە تایبەت کراون بە مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوە دژی توندوتیژی، یادکردنەوەیان لەم سەردەمەدا و لە‌ زۆر لە‌ وڵاتان، گرنگی و پیرۆزی خۆی هەیە، لەو ڕۆژەدا ژنان دەتوانن ئازایانە‌ بێنە‌ مە‌یدان و بەربەستەکان تيكبشكێنن و ئاهەنگی سە‌ركە‌وتن بگێڕن، تەواوی ژنان هۆشیار دەکرێنەوە بۆ داواکردن و بە‌دە‌ستھێنانی مافەکانیان، گرنگی ئە‌م بۆنەیە لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ پیرۆزکردنی تێكۆشانە‌كانی ژنان و تواناسازی و چنینە‌وە‌ی دەستکەوتە‌كانیان و مسۆگەرکردنی مافی یەکسانی جێندە‌رییە، هەربۆیە ڕێکخراوەکانی جیهانی لەو وڵاتانەی کە یەکسانی جیندەری تێیدا بەدەستدێت، لە هەموو بوارەکاندا گرنگییەکی زۆر بە دەستکەوتەکانی ژنان دەدەن.

 

لە یادکردنەوەی ئەو ڕۆژانەدا گرنگە ژنان شەڕی چەسپاندنی مافەكانیان و ئامانجەكانیان و دروستكردنی ژینگەیەكی ئارام بکەن، لانیكەم كەمکردنەوەی توندوتیژی لە بازنەی دروشم و قسەی بێ كردار و چەند چالاكیەكی لاواز و كەم دەریکەن، گرنگە ژن یەكگرتوو و یەكدەنگ بێت، كاتێك ژنێك دەكوژرێت، توندوتیژی بەرامبەر دەكرێت، گرنگە بێ دەنگ نەبن و فشاری جدیان هەبێت و بەرەنگاری هەموو ئەو عەقڵیەتە ببنەوە کە هەموو ڕۆژێکی ساڵی کردووەتە دۆزەخ بۆ ژنان و تەنها ڕۆژێک بە کۆبوونەوە و چالاکی پیرۆز دەکەن، دەبێت ژنان لە دامەزراوەکان و تەواوی بوارەکانی ژیان تێکۆشان بکەن، کە ئەمە وەڵامێکە بۆ چەسپاندنی ماف و بۆ دەسەڵات کە تەنها لەو دوو ڕۆژە جیهانییەدا بە پیرۆزباییەکانی ژن بەبیردەهێنێتەوە.

 

لە باشووری کوردستان خەباتی ژنان لاواز کراوە

لە باشووری کوردستان ساڵانە لە ڕۆژە جیهانییەکانی تایبەت بە ژنان، دەبینین کە یادکردنەوە و پیرۆزبایی هەیە، بۆنە و چالاکی ڕێکدەخرێت و پیاوان تەنها بە قسە باس لە یەکسانی دەکەن و هەموو کۆبوونەوەکان پڕدەکەن لە پیاو، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام دروشمی بریقەدار هەیە بەوەی ژنان بە مافەکانیان گەیشتوون، بەڵام لە ڕۆژەکانی دیکەی ساڵدا بێڕێزی بەرامبەر ژنان هەر لەناو خێزانەوە تا شوێنە گشتییەکان و شوێنەکانی کارکردن بوونی هەیە، هەر لە کەم بینینی ژنان بۆ پۆستەکان و تایبەت کردنی ژن بەکاری ناوماڵ و پاککردنەوە و خزمەتکردنی ئەندامانی خێزان جۆرێکە لە توندوتیژی، بۆیە دەبێت ئیتر ژن ئەو ڕاستیە بزانێت، کە ئەقڵی کونەپەرستی و سەرمایەداریش بۆ ژن هەمان شتن، لەژێر ناوی نامووس و ئاین ژنیان کردووە بە کۆیلە و تاموچێژی ژیان تەنها بۆ پیاوە، حزبە بنەماڵەییەکانیش ژن بەکاردێنن بۆ مەرامی سیاسی و گەورەکردنی پارتەکانیان، لەکاتی بڕیاردان و پۆستەکاندا ژن نییە، ئەگەر ژنێکیش هەبێت، دەبێت تەنها بەڵێ بۆ بڕیار و کارەکانی ئەوان بکات، نەک وەکو ژنێک بتوانێت ڕۆڵی هەبێت.

 

لەسەر ژنان پێویستە مێژووی خۆیان بزانن کە چۆن خەباتیان کردووە، بەڵام بەردەوام چەوسێندراونەتەوە، چۆن لەناو کۆمەڵگەدا ڕۆژەکانیان بێبەها کراوە، هۆشیاربن بەرامبەر ئەو سیستم و عەقڵیەتەی بەردەوام فشار دەکاتە سەر مافەکانیان و ئەو دەنگەی بەردەوام بە گوێی کۆمەڵگەدا دەچرپێنێت بۆ سەرکوتکردنی ژنان، بۆ بێبەهاکردنی کارەکانیان، ژنان بوەستنەوە بەڕووی هەموو بەکەم بینینێک، بە تایبەت لە ڕۆژەکانی ژناندا کە پیاوانی کۆمەڵگە و ناو خێزانەکانیان ئەو ڕۆژە بێنرخ دەکەن و هەر لەو ڕۆژەدا بە ژنان دەوترێت تۆ مافت بۆ چیە یاخود هەموو ڕۆژێکت داگیرکردووە و ڕۆژی تایبەتت بۆ چییە؟ ئەم وتانە بەرامبەر ژنان بە تایبەتی لە باشووری کوردستان گەڕانەوەیە بۆ ئەو مێژووەی ژنی پێ قبوڵ نەبووە و مافی ژنی هەرگیز نەناسیووە.

 

دەسەڵات بەرپرسی تێڕوانینی تاک و کۆمەڵگەیە

دەسەڵات و دەوڵەت ئەرکی پاراستن و جێگیرکردنی مافەکانی مرۆڤە و لە ئەستۆیدایە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار بونیادبنێت، بەڵام کاتێک دەسەڵات بەو ئاڕاستەیە کاردەکات ناهۆشیاری باڵبکێشێت بەسەر تاکدا، ئەوا کۆمەڵگەیەکی ناهۆشیار لە تەواوی بوارەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، لەو جۆرە کۆمەڵگە و دەسەڵاتدارییەدا ژن بەئامانج دەگیرێت، ئەمەش هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی و فشارەکانی سەر ژنە لە هەر ئاستێکدابێت ئەو ژنە.

 

هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەوەیە کە دەسەڵات هەموو توندوتیژییە تاکەکەسییەکانیش قەدەغە بکات، بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەوڵەت ئەرکییەتی هەموو کارێکی پێویست بکات بۆ بەرگرتن، لێکۆڵینەوە و سزادانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، جا چ دەسەڵات و سیستم ئەو توندوتیژییەی ئەنجامدابێت، چ تاکەکان.