٢٥ی تشرینی دووەم، تێکۆشانێکی مێژووی ژنان

سێ ژن بە ناوی "پاتریا، مینه‌رڤا و ماریا ترێزا میرابیل" لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری دۆمینیکا و حکومەتی ترۆژیلۆ، تا دوا دڵۆپ تێکۆشان دژی دیکتاتۆری و توندوتیژی سەر ژنان دەکەن.

سێ ژن بە ناوی "پاتریا، مینه‌رڤا و ماریا ترێزا میرابیل" لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری دۆمینیکا و حکومەتی ترۆژیلۆ، تا دوا دڵۆپ تێکۆشان دژی دیکتاتۆری و توندوتیژی سەر ژنان دەکەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ساڵی ١٩٣٠ لە دورگەی دۆمینیکا "رافائیل ترۆژیلۆ"ی دیکتاتۆر دەسەڵاتی گرتەدەست، هەرزوو دەستی بەسەر ئابووری وڵاتدا گرت، بەرهەمهێنان و داهاتی وڵاتەکەی بۆ قازانی خۆی و خێزانەکەی بەکاردەهێنا و ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکانی پێشێلدەکرد، بەشێکی کۆمەڵگای دۆمینیکا ناڕەزایەتیان دەربڕی دژی رافائیل و حکومەتەکەشی،.

 

رافائیل بە چەندین ڕێگا هەوڵیدەدا هێرش بکاتە سەر جەماوەرەکەی، دەیترساندن و دەستگیریدەکردن تا دەسەڵاتی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت.

 

لە پاش ٣٠ ساڵ لە حکومڕانی، تێکۆشانی سێ خوشک بە ناوەکانی "پاتریا، مینه‌رڤا و ماریا ترێزا میرابیل" کە بە خوشکانی میرابیل ناسراوبوون، لە هەرێمی جیپاسی کۆمارەکە دژی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەی رافائیل سەریهەڵدا.

 

مینه‌رڤا، بەشی یاسای لە کۆلێژی سانتۆ دۆمینگۆی پایتەخت دەخوێند، ئەمە وایکرد زیاتر ئاگاداری ئەو نایەکسانیانە بێت کە رافائیل لە کۆماری دۆمینیکا ئەنجامیدەدا، مینەرڤا و هاوژینەکەی بوونە پێشەنگی بەرخۆدانەکانی گەلی دۆمینیکا، دواتر هەریەک لە پاتریا و ماریا چوونە پاڵیان.

 

بزوتنه‌وه‌ی کلانده‌ستینا چۆن دامەزرا؟

مینەرڤا، ماریا و پاتریا پێکەوە بانگەوازیی کۆمەڵێک ناڕازییان کرد لە دژی ڕژێمی رافائیل و خۆیان بە بزووتنەوەی ١٤ی حوزەیران ناوبرد، وەک پشتگیرییەک لەو هاوڵاتیانەی لە ١٤ی حوزەیرانی ١٩٥٩ لەلایەن سەرۆکەکەوە ئەشکەنجەدرابوون، دوای ماوەیەک لە هەوڵ و تێکۆشانی ئەو سێ خوشکە، پاتریا بزوتنه‌وه‌ی کلانده‌ستینای دامەزراند و هەرسێ خوشکەکە بوونە تێکۆشەرانی ئەو بزوتنەوەیە کە بووە هۆی دروسبوونی بناغەی ئومێد لای هەموو تاکێکی کۆمەڵگای دۆمینیکا.

 

تێکۆشانی ئەو سێ خوشکە لە پێناو ئازادیدا بەناو گەلی دۆمینیکادا بڵاوبوویەوە، گەل ئامادەیان دەردەبڕی هاوکاریان بکەن و بچنە ئەو بزوتنەوەیەوە، هەربۆیە دیکتاتۆر رافائیل ترۆژیلۆ بەردەوام هێرشی دەکردە سەریان بەو ئامانجەی لەناویان ببات، لە کۆتا هەوڵیدا هاوژینی هەرسێ خوشکەکە دەستگیردەکات و وەک هەڕەشەیەک دژی ئەو سێ ژنە بەکاریدەهێنێت.

خوشکانی میرابیل، سیمبولی تێکۆشان دژی توندوتیژی سەر ژنان

خوشکانی میرابیل لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠ سەردانی هاوژینەکانیان دەکەن لە زیندان، لە گەڕانەوەیاندا دەستگیردەکرێن و دواتر دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەریان و دەکوژرێن، بۆ شاردنەوەی ئەم ڕووداوە بەمەبەستە تەرمەکانیان لەلایەن بکوژانەوە کرایە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیانەوە و بە شێوەیەک بڵاویانکردەوە بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدابێت.

 

کاردانەوەکان دژی کوشتنی ئەو سێ خوشکە گوڕی سەند، ساڵێک دواتر بزوتنه‌وه‌ی کلانده‌ستینا دیکتاتۆریه‌تی رافائیلی ڕوخاند و لە ٣٠ی ئایاری ١٩٦١ رافائیل ترۆژیلۆ تیرۆرکرا.

 

 

کوشتن خوشکانی میرابیل بووە مێژوویەکی لەبیرنەکراوی جیهان

لە ساڵی ١٩٨١ لە کۆبوونەوەی ژنان لە وڵاتی کۆڵۆمبیای ئەمریکای لاتین بۆ یادی تێکۆشانی خوشکانی میرابیل بەڕێوەچوو، ڕۆژی تیرۆرکردنیان واتە ٢٥ی تشرینی دووەمیان پێشنیارکرد تا بکرێتە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

 

لە ساڵی ١٩٩٩ نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیارەکەیان پەسەندکرد و ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمیان کردە ڕۆژی تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

 

 

دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، نەبووە هۆکارێک بۆ باشکردنی دۆخی ژنان

لەگەڵ ئەوەی ڕۆژێک لە جیهاندا تایبەتکرا بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەڵام ئەمە نەبووە هۆکارێک بۆ باشکردنی دۆخی ژنان، سێ ژن تێکۆشانیان ئەنجامدا بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان، بەڵام ڕۆژانە لە سێ ژن زیاتر توندوتیژی، دەستدرێژی سێکسیان بەرامبەر دەکرێت و دەکرێنە کەرەستەی بازرگانی لە جیهاندا.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی مافی مرۆڤ ساڵانە لە وڵاتانی ئەوروپا ٢٠٠ هەزار ژن بازرگانیان پێوەدەکرێت، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٤٦٣ هەزار و ٦٣٤ ژن لە تەمەنی ١٢ ساڵ بەرەو سەرەوە دەستدرێژیان دەکرێتە سەر.

 

لە هیندستان لە هەر ٣٣ خولەک جارێکدا ژنێک دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، لە عێراقدا لە ٪٨٠ی ژنان ڕووبەڕووی حاڵەتەکانی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە و لە ٪٤٣ی ژنان دەستدرێژی سێکسیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت.

 

لە زۆربەی وڵاتانیشدا بازرگانی بە ژنانەوە دەکرێت، تورکیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و هەوڵدەدرێت لە یاساکاندا ڕەنگبداتەوە، چونکە سەرۆک کۆماری تورکیا چاوپۆشی لە توندوتیژییەکانی سەر ژنان دەکات.

 

ت.پ