مامۆستایانی وانەبێژ داوا لە کەسوکاری خوێندکاران دەکەن پشتگیریان بکەن لە ناڕەزایەتییەکاندا

ناڕەزایەتی مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامە و گوێ لە داواکارییەکانیان ناگیرێت، ئەوانیش داوا دەکەن دایک و باوکی خوێندکاران پشتگیریان بکەن تا وەڵامی داواکارییەکانیان بدرێتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- نەکرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان و نەڕۆشتنەوەی مامۆستایان بۆ پۆلەکانی خوێندن زیانی لە کەرتی پەروەردە و خوێندکار داوە، چونکە بەشی زۆری مامۆستایان وانەبێژن و ئەوانیش لەبەر دانەمەزراندنیان و پێنەدانی مووچەکانیان بایکۆتی خوێندنیان کردووە، لە ئێستادا زیاتر لە ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە و بە درێژایی ٩ ساڵە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام گوێ لە داواکارییەکانیان نەگیراوە، بڕیارە لە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکاندا، ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی و گەرمیانن، گەرمیان و هەڵەبجە گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی بەڕێوە بچێت، مامۆستایانی وانەبێژ سوورن لەسەر بەردەوامییان لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان.

 

"حکومەت گوێ لە داواکاری وانەبێژان ناگرێت"

سۆنیا خالید، مامۆستای وانەبێژە و ماوەی ٤ ساڵە وانەبێژە، لە ناو شار و دەرەوەی شاریش وانەی وتووەتەوە، دەڵێت: ئێمە گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕین بۆ سەرەتایترین مافی خۆمان کە دامەزراندنە، لە ٢٠١٥ەوە خوێندنم تەواو کردووە، هەرچەندە وەکو وانەبێژ وانە دەڵێینەوە، بەڵام حکومەت دوای ساڵێک مامۆستای میلاک دەهێنێتە جێگەمان و دەبێت چەندین قوتابخانە بگەڕێین تا وەرمانبگرن وەکو وانەبێژ، دەبێت هەموو ساڵێک ترسی ئەوەمان هەبێت بەڕێوبەری قوتابخانەکان پێمان نەڵێن بڕۆنەوە ماڵەوە، ماوەی چەندین ساڵە ئێمە ناڕەزایەتی دەردەبڕین، بەڵام وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێم وەڵامی داواکارییەکانمان ناداتەوە و هیچ شتێک بۆ وانەبێژان نەکراوە.

 

"ئەم دۆخەی ئێستا بارگرانی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دروست کردووە"

سۆنیا خالید ڕوونی کردەوە، کە دەبوو مامۆستایانی میلاکیش وەکو پشتگیریەک لەگەڵیاندا بوونایە، بەڵام لەبەر هەڕەشەی لابردنیان لە قوتابخانەکان پشتگیرییان ناکەن، وتیشی: ئەم دۆخە بارگرانیەکی زۆری بۆ مامۆستایان دروستکردووە، مامۆستای وەها هەیە خۆی و هاوژینەکەشی وانەبێژن و کرێچین، کەوایە چۆن بتوانێت ژیان بەڕێبکات، هیوادارم ئەم دۆخە خوێندکاران سارد نەکاتەوە لە خوێندن و لەگەڵ ئەوەشدا خوێندکار و کەسوکاری خوێندکار پشتگیری ئـێمە بکەن، بۆ ئەوەی بەیەکەوە بتوانین پرۆسەی خوێندن ببەینە سەر.

 

وتیشی: لە زۆربەی وەزارەتەکاندا دامەزراندن هەیە، بەڵام وازارەتی پەروەردە ماوەی ٩ ساڵە دامەزراندنی ڕاگرتووە، ئێمە ماوەی مانگێکە دەوام ناکەین و ئەگەر ببێت بە مانگ و نیوێک یان دوو مانگ خوێندنی ئەمساڵ بە تەواوی پەکی دەکەوێت، حکومەت تا ئێستا وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوە، بۆیە ئێمەش بەردەوام دەبین لە بایکۆت تا نوسراوی ڕەسمی وەزارەتمان پێ دەگات و مافەکانمان بۆ دەگەڕێنێتەوە."

 

"تەنها لە هەرێمی کوردستان دوای خوێندن بەرهەممان نییە"

پەنا خدر ماوەی ٧ ساڵە وەکو مامۆستای وانەبێژ وانە دەڵێتەوە لە یەکێک لە قوتابخانەکان و ئاماژەی بەوەکرد، "من بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر ٧ ساڵی تر بکرێم بە گرێبەست و دواتر بە هەمیشەیی. ئیتر چی خۆشیەک لەو دامەزراندنە دەبینم، حکومەت خۆشیەکانیشی لێ زەوت کردووین، زۆر کەس پێمان دەڵێت بۆچی بەو بڕە پارە کەمە وانەبێژی دەکەی، بەڵام من چەندین ساڵ خوێندومە، لە هەموو دنیادا دوای خوێندن بەرهەمێکت دەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو شتانە نییە، لەو کاتەوەی وانەبێژم ناڕەزایەتی دەردەبڕم، چونکە مافەکانم پی نادرێت".

 

وتیشی: پێنەدانی مووچە و دانەمەزراندنمان بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردووین، چونکە ئەو بڕە پارەیەی حکومەت پێمان دەدات، تەنها ٥٠ هەزار دیناری دەمێنێتەوە بۆم، کە دوو مانگ جارێک پێمان دەدات و پێی دەڵێت شایستەی دارایی، کە هیچ شایستەی ئەو هەوڵ و ماندوبوونەی ئێمە نییە، بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتی تا داواکانمان جێبەجێ دەکرێت، ئێمە دەزانین ئەم دۆخە زیانی بۆ خوێندکار هەیە، بەڵام دایک و باوکی خوێندکاریش سێ مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، بە چی منداڵەکەی بنێرێتە قوتابخانە.

 

"دامەزراندن کێشەی وانەبێژان چارەسەر دەکات"

چیمەن محەمەد ماوەی سێ ساڵە وانەبێژە و دەڵێت: مامۆستای وا هەیە ماوەی ١١ ساڵە وانەبێژە، ئامانجمان ئەوەیە بە شێوەیەکی هەمیشەیی دابمەزرێین و هیچ مافێکمان پێ نەدراوە و هەرچەندە ماندوبوونێکی زۆرمان هەیە و ئەرکێکی زۆر ئەنجام دەدەین، ئێمە ئەگەر چەندین ساڵ وانەبێژ بین حکومەت ئەگەر مامۆستایەکی تر بهێنێتە جێگەمان ناتوانین هیچ بڵێین، تەنانەت لە قوتابخانەکانیش بە چاوێکی ترەوە لە ئـێمە دەڕوانن، تاکە چارەسەرییەک بۆ کێشەکانمان دامەزراندنە، ئێمە ویژدانمان ئاسودە نییە کە دەرگای قوتابخانەکان داخراوە، بەڵام ناچارین، چونکە کرێی هاتوچۆکردنمان پێ نییە، بەڵام بەداخەوە کەرتی پەروەردە پشتگوێخراوە.

 

وتیشی: زۆربەی مامۆستایانی ناڕازی ناتوانن بێن داوای مافی خۆیان بکەن، چونکە هەڕەشەی فەسڵ کردنیان لێ دەکرێت و مامۆستای دیکە لە جێگەیان دادەنرێن، لە کاتێکدا دەبوو بە بەڕێوبەری قوتابخانەکان و دایک و باوکی منداڵان پشتیوانیان لە ئێمە بکردایە و ئێستا ئەوانیش هاوشانی ئێمە لەسەر شەقام بوونایە، بەڵام بەداخەوە ئەوە نابینین.