"ئەگەرچی پارە وەردەگیرێت بەڵام پارکەکە بێ خزمەتگوزارییە"

خەڵکی شاری کۆیە ناڕازین لە میکانیزمی وەرگرتی بڕێک پارە بۆ چوونە ژوورەوەی پارکێکی شارەکە و ژنێکیش دەڵێت: ئەگەرچی پارە وەردەگیرێت، بەڵام باخچەکە بێ خزمەتگوزارییە.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، بەهۆی وەرگرتنی بڕە پارەیەک لە هاوڵاتیان بۆ چوونە ژوورەوە بۆ پارکی فاتیح ڕەسوڵ هاوڵاتیان ناڕازین و ئاماژە بەوە دەکەن، تەنانەت بۆ منداڵی بچوکیش پارە وەردەگیرێت و هیچ خزمەتگوزارییەکی پێویستیشی نییە.

 

کوێستان جەلال، دانیشتووی شاری کۆیەیە، باس لەوە دەکات، کە خێزانێک لە چەند کەس پێکهاتبن، دەبێت بەپێی ئەندامەکان پارە بدەن، لەکاتێکدا ئەگەر منداڵی بچوکیش بێت و هێشتا پێی نەگرتبێت، ئەوا دەبێت پارەی ئەویش بدرێت.

 

کوێستان جەلال دەشڵێت: زۆرجار خێزانەکان پارەیان پێ نییە بچنە شارە گەورەکان و کاتێکی خۆش بەسەربەرن، ناچار ڕوو لە پارک و شوێنە گشتیەکان دەکەن، یاخود دوو هاوڕێ دەچن جەوێک دەگۆڕن، زۆرجار خۆم  وەک ژنێک حەزم کردووە بچم جەوێک بگۆڕم، بەڵام کە بیرم کردووەتەوە دانیشتنی پارکەکەش بێ بەرامبەر نییە، پەشیمان بوومەتەوە، هەر کەسێک هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بەڵام سەیر دەکەین هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە و تەنها یەک دوو یاری منداڵانی لێیە، لەگەڵ چەند کورسیەک بۆ دانیشتن، هیچ خزمەتگوزاریەکی لێنیە و زۆرجار بە کرێ دەدرێت بۆ بۆنە تایبەتەکان، بەڵام دەبێت ئەو کەسەی بە کرێی دەگرێت هەموو پێداویستیەکان لەگەڵ خۆی بەرێت.

 

لە کۆتاییدا کوێستان جەلال ئاماژەی بەوەشدا، "تاکو ئێستا نازانرێت ئایا کەرتی تایبەت پارکەکە بەڕێوە دەبات، یاخود شارەوانی، زۆرجاریش گوێبیستی ئەوە دەبین کە شارەوانی بەڕێوەی دەبات، داواکارم لەو کەسەی بەڕێوەی دەبات، تەنها بیر لە بەرژەوەندی و گیرفانی خۆی نەکاتەوە، بیرێکیش لەو خەڵکە هەژار و کەم دەرامەتە بکاتەوە، لە زۆربەی شارەکان دانیشتن لە پارکەکان بێبەرامبەرە، تەنها لە پارکی فاتیح ڕەسوڵ نەبێت بۆ چوونە ژوورەوە پارە دەدەین".