ژنانی ئاوارەی عەفرین بە بەرخۆدان ژیانێکی نوێ بنیاد دەنێن

شەڕ ئازاری ئاوارە عەفرینییەکانی شەهبا زیاد دەکات، هەروەها نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان کاریگەری دەروونی لەسەر ئاوارەکان هەیە و بە تایبەت لەسەر منداڵان قوڵ دەبێتەوە، کە لە کامپەکاندا ڕووبەڕووی سەرمای زستان و گەرمای هاوین دەبنەوە.

ڕووبارین بەکر

 

شەهبا- بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین لە کامپەکاندا ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامە، سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخە سەخت و ئازارانەی کە تووشی دەبن، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئازار هێز و ئیرادە و خۆڕاگرییان پێدەبەخشێت.

 

هیهان عەلی، توێژەی دەروونی لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بارەی کاریگەری شەڕ و هێرشی داگیرکاری تورکیا و گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشق وتی: ژن و منداڵان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت لە کاتی شەڕ و قەیرانەکاندا، ئاوارەبوون دەبێتە هۆی دیاردەی کۆمەڵایەتی و پشێوی دەروونی بۆ زۆرینە، ناوچەی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان، کە کە کامپن یان ماڵی وێرانبوون، گونجاو نین بۆ ژیان، ئەمەش کێشەیەکە کە فشاری دەروونی و کۆمەڵایەتی دروستدەکات، بە تایبەتی ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ ئاوارەکان تیایدا بمێننەوە، کە چەند خێزانێک لە یەک خانوودا یان لە چادرێکدا بژین و نەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیژیان دابین بکەن.

 

"منداڵان یارییەکانیان بووەتە یاری مەترسیدار"

ڕوونیشیکردەوە، "لە ئەگەری ڕوودانی شەڕدا، هەندێک لە ژنان بژێوی ژیانیان نییە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخیان دەبێت، دەبێتە هۆی تێکچوونی دەروونی و ڕەفتارییان، هەروەها ئەو هەلومەرجەی کە منداڵان تێیدا دەژین کاریگەری لەسەر ژیانیان هەیە، هەندێک جار کە دەچینە کامپەکان تێبینی ئەوە دەکەین، کە منداڵان لەکاتی یاریکردندا هەندێک یاری دەکەن، دەبێتە مەترسی بۆ سەریان، وەک گۆڕینی دارێک بۆ چەک، ئەمەش هۆکارەکەی ئەو ژینگە و دۆخەیە تیایدا دەژی، درێژەدان بە گەمارۆ و نەبوونی خوێندن، وایکردووە منداڵان ڕوو لە کار کردن بکەن، تا دۆخی ئابووری توندیان تێبپەڕێنن.

 

ئەسما محەمەد، یەکێکە لە ئاوارەکانی عەفرین کە لە کامپی بەرخۆدان دەژی، باسی لە دۆخی کامپەکان کرد، کە گونجاو نییە بۆ ژیان و چادرەکان لە یەکدییەوە نزیکن، ئەو دۆخەی پێیدا تێدەپەڕن کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونیان کردووە و لەم ماوەیەی دواییدا حاڵەتە نەخۆشەکان زیادیکردووە، بەتایبەتی لەناو ژناندا.

 

وتیشی: کاتێک سەیری منداڵەکانمان دەکەین و ناتوانین هەموو شتێکیان بۆ دابین بکەین کە پێویستیانە یان هەموو پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکەین، بەتایبەتی کەلوپەلی قوتابخانەکانیان، تووشی تێکچوونی دەروونیی دەبین، بەڵام سەرەڕای ئەو ئازار و هەلومەرجەی کە بەرکەوتووی بووین، دەستبەرداری بەرخۆدانمان نابین و پلانەکانی دوژمن پووچەڵ دەکەینەوە، هەرچەندە ئەم بارودۆخانە کاریگەرییان لەسەر دەروونمان هەبێت، داگیرکەر ناتوانێت ئیرادەی ئێمە و ئیرادەی منداڵەکانمان بشکێنێت و ئەوانیش بەردەوام دەبن لە خوێندن، ئەمەش دەبێتە چەکێک دژی سیاسەتەکەیان.

 

"بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان"

زەینەب خاڵۆ، خوێندکار دەڵێت: قوتابی ناو کامپەکە ئازارێکی زۆر دەچێژن، جا لەناو کۆمەڵگە، خێزان، یاخود قوتابخانە بێت، هۆکارەکەشی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانە، بەڵام پێنج ساڵ ئاوارەبوون فێری کردووین کە ئازارەکان هێز و ئیرادەمان پێدەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێگایەی کە لە ئاوارەبووندا هەڵمانبژاردووە، ئەوە ڕێگای بەرخۆدانییە، داگیرکاری بە پلەی یەکەم زمان دەکاتە ئامانج و لەسەر ئەم بنەمایەش ئێمە گرێدراویمان بە زمانمانەوە زیاد دەکەین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا زەینەب خاڵۆ بەرخۆدانەکەیان لە شەهبا بە زیندووکردنەوەی ژیانێکی نوێ پێناسە کرد و وتی: دەڵێن بەرخۆدان ژیانە، بەڵام لە شەهبادا ژیان بووەتە بەرخۆدان، لە کۆتاییدا بەرخۆدانەکەمان لە دژی دوژمن سەردەکەوێت.