ئاشتی ڕەفیق: کۆیە  شاری هونەر و شۆڕشگێڕانە

ئاشتی ڕەفیق، بەڕێوبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە شاری کۆیە، دەربارەی شارەکە دەڵێت: شاری کۆیە خاوەنی دوو شۆڕشە شۆڕشێکی هونەری و شۆڕشێکی سیاسی.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- شاری کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێرە و یەکێکە لەو شارانەی لە مێژوودا بە شاری ئەدەب و هونەر و شۆڕشگێڕانی ناسراوە، لە مێژوودا چەندین هۆنەر هەن کە شوێندەستی خۆیان لە ئەدەبیاتی کوردیدا دیار کردووە، هەروەها ژنانی پێشەنگیان لە بواری سیاسیدا هەبووە، کە نمونە دیارەکانیان، دایە گوڵە و خوشکە فریشتە و دەیان ژنی دیکەیە.

 

لە بواری هونەریشدا کۆیە خاوەن ناوە و وەک ئاشتی ڕەفیق، بەڕێوبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە شاری کۆیە دەڵێت: شاری کۆیە خاوەنی دوو شۆڕشە شۆڕشێکی هونەری و شۆڕشێکی سیاسی.

 

ئاشتی ڕەفیق بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری کۆیەیە، باسی کاریگەری پەیمانگاکە دەکات و دەڵێت: پەیمانگای هونەرە جوانەکان سێ بەشی هەیە، ئەوانیش، شێوەکاری، میوزیک و شانۆ، هەر سێ بەشەکەی کار دەکات، لەناو بەشی شێوەکاریش چوار هۆبە هەیە کە خوێندکار تیایدا دەخوێنێت، ئەوەندەی من تێبینیم کردبێت لەناو پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستاندا، تەنها کۆیە هەموو بەشەکانی کار دەکات.

 

"ژنان لە بواری هونەردا ڕۆڵیان هەبووە"

ئاشتی ڕەفیق دەربارەی شاری کۆیە دەڵێت: هەموو جارێک وتوومە شاری کۆیە خاوەنی دوو شۆڕشە، شۆڕشێکی هونەری و شۆڕشێکی سیاسی، لەناو خێزان ئەگەر دوو مناڵ هەبوو یان زیاتر یەکیان هونەریە یەکیان سیاسیە، سروشتی کۆیە لە دێرزەمانەوە بەم شێوازە بووە، ژنانیش بەدەرنین لەمە و ژنی باشمان هەیە لەناو هونەردا، ژنیشمان هەیە مامۆستایی هونەرە و من خۆم هاتوومەتە ناو بواری هونەر، لێکدانەوەی من بۆ ژنان ئەوەیە لە بواری هونەریدا زۆر چالاکن و دەست و قەڵەمیان جوانە، خوێندکاری سەرکەوتووشیان فێر کردووە، لە نمونەی یەکێک لەو مامۆستایانە پەرژین جەلالە، کە پەرتووکێکی نووسی بۆ ئەو خوێندکارانەی لە پەیمانگا دەردەچن تا ببێتە ڕێبەریان.

 

ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەش کرد، ژنان ڕۆڵیان هەیە لە کردنەوەی هۆڵی هونەری لە کۆیە و دەرەوەی وڵاتیش، "ئەگەر بێینە سەر کوردستان دەبینین چەندان ژنی سەرکەوتوومان هەیە، کە لە فیلمەکان ڕۆڵی سەرکەوتووانە دەگێڕن، سەرەڕای ئەو کۆت و بەربەست و ڕێگریانەی کۆمەڵگە، توانیویانە کێشەوگرفت و نەهامەتی و نەبوونی کۆمەڵگە لە ڕێگەی هونەرەوە نیشان بدەن.

 

بەپێی قسەکانی ئاشتی ڕەفیق لە شاری کۆیە ناوەندێک هەبووە بە ناوی "ئۆمەر قوچان"، کە پایزان و بەهاران خەڵک سەردانیان کردووە، لە پایزان ساوەریان تیادا کوڵاندووە و داندۆکیان کردووە و فەرش و مافوریان شۆردووە، پیاوەکان گۆرانیان دەگوت، لەوانەش مام ئەسعەد و مامە سێوە، وتیشی: دایکم کە لە ژیان مابوو هەموو جارێک بۆی باس دەکردین، دەیوت چەند ئامێرێک بە هونەرمەندەکان بوو، دەنگیان خۆش و زرنگاوە بوو کە دەگەشتە ناو کۆیە.

 

لە کۆتایدا ئاشتی ڕەفیق باس لەوە دەکات کە هەندێک دایک و باوکان ڕێگرن لە منداڵەکان کە تێکەڵی بواری هونەری ببن، بەتایبەت لە شارۆچکە و گوندەکان، وتیشی: ئێمە خۆمان ئەو بەربەستەمان شکاند و منداڵەکانمان تۆمار کرد لە بەشە هونەریەکان، بۆیە هەمووکات دەڵێم هونەر ڕۆچووەتە ناو هەموو بوارەکانی ژیانەوە و لەناو هەموو ماڵێک دایە، ڕەنگە دایکان و باوکان هەست نەکەن بەڵام منداڵەکان ناوماڵ دەگۆڕن یان دیزاینی ماڵەکەیان دەگۆڕن، ئەمانەش هەمووی کاری هونەرین، یاخود بە شانۆییەکانیان ژیان نیشان دەدەن، چونکە تەختەی شانۆ شوێنە ڕاستەکەیە.