"بەهۆی دەستوەردانی حزبەکان لە دادگا یاسای مافی ڕۆژنامەنووسی پێشێل دەکرێت"

ڕۆژنامەنووسێک لەبارەی دۆخی دادگا و ڕۆژنامەنووسان دەڵێت: بەهۆی حزبی بوونی دادگاکان یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی و ئازادی ڕۆژنامەنووسی پێشێل دەکرێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ڕاگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە و دەبێت هەواڵ و بابەتەکان بە ڕاستی لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە بخەنە پێشچاوی بینەر و هاوڵاتیان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەبوونی مافی ڕۆژنامەنووسی ئازادی ڕۆژنامەنووسان پیشێل دەکرێن و ناهێڵن پیشەییانە کار بکەن بە تۆمەت خستنە پاڵیان دادگاییان دەکەن، یان ئەگەر تۆمەتەکانیان کۆمەڵایەتی بێت و سزای نەبێت کێشەکە دەکەن بە سیاسی تەنها بە ئامانجی سزادانی ڕۆژنامەنووسان، ئەمەش کاری ڕۆژنامەگەری لە باشوری کوردستاندا سنوردار بووە.

 

"حزبەکان ئازادی ڕۆژنامەنووسیان سنوردار کردووە"

سۆما خالید، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبار نییە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی، وەک لە ڕابردووەوە تا ئێستا ڕۆژنامەنووسان تیرۆر کراون و مافەکانیان پێشێل کراوە، یان زیندانی کراون و بەربەستیان بۆ دروستکراوە لەبەر خستنەڕووی ڕاستییەکان، ئێمە باسی ئازادی ڕادەربڕین دەکەین، بەڵام بەهۆی حزبەکانەوە هەر یەکە لەلایەن خۆیەوە سنورێکی داناوە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی، زۆر جار کاتێک دەمانەوێت دەست ببەین بۆ بابەتێک یەکسەر بیر لەوە دەکەینەوە کە دواتر ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و زیندانی دەبینەوە، بۆیە کاتێک دەمانەوێت گەندەڵیەکانی دەسەڵات بخەینەڕوو، ئەوان ڕێگریمان لێدەکەن، چونکە نایانەوێت دیوی پشتەوەی خۆیان ببینن، لە ئێستادا دەزگای ڕاگەیاندنی زۆرمان هەیە، بەڵام بەشێکی زۆریان لە ژێر دەسەڵاتی حزبدا کار دەکەن، بۆیە ئەو حزبەش ئەوەنە ئازادی بەو دەزگایە دەدات کە گەندەڵیەکانی خۆی باس نەکات و هەر دەزگایەک بە پێی سیاسەتی خۆی کار بکات.

 

"ژنان لە بەشێکی دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"

سۆما خالید ڕوونی کردەوە، لە ئێستادا بەشداری ژنان لەناو ڕاگەیاندندا پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکرێت، کە لەلایەن حزب و دەزگاکانەوە دەکرێت، جیاوازن، وتیشی: بەڕێوەبەر کارمەندەکانی تری دەزگاکە بە قسەی ڕەق و توانج بێت یان گێچەڵی سێکسی بێت، توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدەن، هەندێک جاریش ژنان کاتێک بۆ بەجێگەیاندنی کارەکەیان پەیوەندی بە کەسێکەوە دەکەن. دواتر لەلایەن ئەو کەسەوە داوای پەیوەندی کەسی لێدەکرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنان هەرچەندە لە ڕاگەیاندا کار دەکەن، بەڵام هێشتا لە ئاست ویستی ئێمەدا نییە، چونکە زۆرجار لە دەزگاکاندا بە پێدانی پۆستێکی کەم توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، بە ئەستەم دەبینین پۆستی بەڕێوبەری دەزگایەک بدرێت بە ژن، هەرچەندە ژنان توانایەکی باشیان هەیە لە کاری ڕاگەیاندندا، هەندێ جاریش دەبینی لە دیدارەکاندا بە ڕێژەیەکی کەم یان هەر نایبینین ژنان بەشدارییان پێ بکرێت، ئەمەش سیاسەتی بچوکردنەوەی ژنە لەلایەن دەسەڵاتەوە.

 

"ڕۆژنامەنووسان دەبێت پیشەییانە کار بکەن"

سۆما خالید ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە ڕاگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە، بەڵام لە ئێستادا دەزگاکان سەر بە حزبێکن و کۆمەڵێک مەرج دادەنێن بۆ وەرگرتنی کەسێک، ئەمەش وا دەکات کارەکەی سنوردار بێت و مافی ڕۆژنامەنووسی پیشێل بکرێت، ئەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت کە بەشێک لە دامودەزگاکان لە هەندێک کاتدا ڕێگە بە هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان دەدەن و ڕێگری لە ئەوانیتر دەکەن، بۆ ڕوماڵکردنی بابەتێک، وە بەشەکەی تریشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژنامەنووسەکان کە دەبێت پیشەیانە کار بکەن، ڕەچاوی بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و نیشتیمانییەکان بکەن.

 

"یاسای مافی ڕۆژنامەنووسی جێبەجێ ناکرێت"

سۆما خالید باسی لەوەشکرد، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی دەزگا ڕاگەیاندنەکان ناوەستنەوە کاتێک توندوتیژییەکیان بەرامبەر دەکرێت، چونکە ئێستا کاری ڕۆژنامەنووسی وەکو پیشەیەکی لیهاتووە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان دەکرێت، بۆیە ناچارە ئەو کارەی پێی دراوە لەلایەن دەزگاکەیەوە بەجێی بگەیەنێت، یاسای مافی ڕۆژنامەنووسی هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت، هەرچەندە ڕۆژنامەنووسان بێتاوان بن، دواجار یاسای سزادانی عێراقی بەکاردەهێنن لە بەرامبەریدا، ئەمە یەکێکە لە پێشێلکارییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان کە یاسا سەروەر نابێت، چونکە یاسا لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بەڕێوەدەچێت و دادگا بەڕێوە دەبات، وە دەسەڵاتێکیش ئەگەر بە هەڵبژاردن و دیموکراتیانە هاتبێتە سەر دەسەڵات ئەوە لە کاری ڕۆژنامەگەری ناترسێت.

 

سۆما خالید لە کۆتایدا وتی: پێویستە هەرێمی کوردستان پابەندی یاساکانی مافی مرۆڤ و ئەو پەیماننامانە بێت کە لەلایەن نەتەوە یەگرتووەکانەوە دەردەچن، هەروەها یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی پێشێل نەکەن، بۆئەوەی چیتر دیوێکی ناشرینی پێشێلکردنی مافەکان لە هەرێمی کوردستان پێشانی جیهان نەدرێت.