زۆرینەی زیانبەرکەوتووانی هەژاری لە ئێران ژنانن

زەهرا مەولودی دەڵێت: ژن بوون قورسە و سەرەڕای ئەوەی هاوژینت هەیە، دەبێت هەموو بەرپرسیارێتیەکان خۆت هەڵی بگریت و ناشتوانیت خۆراک و ئەو شتانەی منداڵەکان پێویستیان پێیەتی، دابین بکەیت.

ژونا ئەردەلان

 

سنە- هێڵی هەژاری ٣٠ ملیۆن تمەنە و داهاتی کەمتر لە دە ملیۆن تمەن بۆ هەر خێزانێک کە هەم کرێچین و هەم هەلی کارێکی ناسەقامگیریان هەیە ژیانێکی سەختی پێ تێدەپەڕێنن، ئەرکەکە بۆ ژنانی بەڕێوەبەری خێزان قورسترە، چونکە بەشێکی زۆریان هەلی کار و خوێندەوارییان نییە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕووی جەستەییەوە ماندوو بن.

 

زەهرا یەکێکە لەو ژنانەی کە بەهۆی ئالوودەبوونی هاوژینەکەیەوە، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی لە پەنجا ساڵ زیاترە، ناچارە کار بۆ خەڵک بکات و بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین بکات، دەربارەی دۆخی خۆی زەهرا دەڵێت: ژن بوون قورسە، چونکە سەرەڕای ئەوەی هاوژینت هەیە، بەڵام دەبێت هەموو بەرپرسیارێتیەکان خۆت هەڵیبگریت و چەندە کاریش بکەیت، ناتوانیت خۆراک و ئەو شتانە دابین بکەیت کە منداڵەکان پێویستیان پێیەتی.

 

هەرچەندە زەهرا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سنە دەژی، بەڵام توانای کرێ و ڕەهنی ئەو خانووە بچووکەی کە تێیدا دەژی، نەبوو، وتی: خاوەن ماڵەکە پەنجا ملیۆنی بۆ ڕەهن دەویست، منیش چوومە کێڵگەی نۆک و بیست ڕۆژ هەموو نۆکەکانم بەتەنها دروێنە کرد، داهاتەکەم پێنج ملیۆن بوو، کە نەمدەتوانی پارەی خواردنەکەم بدەم، زۆرجار خوێنی لووتم بەردەبوو بەهۆی سووتانی توندی خۆرەوە، کاتێک دانیشتم بۆ پشوودان، بینیم هەموو دەستەکانم خوێناوی بوون و نەمدەزانی بەهۆی چییەوەیە، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت کارەکەم تەواو کرد.

 

زەهرا دەڵێت: هەندێکجار داهاتی کەمم دەبێت، بەڵام چی بکەم، ئەگەر بتوانم کێشەکانی ژیانم بنووسمەوە، ١٠ یان ١٥ پەرتوک دەبوو، بەڵام سوپاسی خودا دەکەم، دەزانم کە من تاکە کەس نیم و خەڵکی زۆر خراپتریش هەیە.

 

ئەم دۆخە تەنیا تایبەت نییە بە ژیانی زەهرا، بەڵکو ژیانی ملیۆنان خەڵکی ئێرانیشە، لە کاتێکدا هێڵی هەژاری گەیشتووەتە ٣٠ ملیۆن تمەن، بەو داهاتە کەمەی کە مرۆڤەکان هەیانە، تەنیا توانای دابینکردنی بەشێکی پێداویستییەکانی ژیانیان هەیە.