''زیاتر لە ساڵێکە دانیشتنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە هەڵپەسێندراوی ماوەتەوە''
شنۆ هیرانی، ڕۆژنامەنووس، وتی: پەرلەمان چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی یاساکان و چاودێریشە بەسەر حزب و لایەنەکانەوە تا بتوانن داواکاری و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان لە ڕێگەی یاساوە جێبەجێ بکەن، بەڵام هەڵپەساردنی وایکردووە کێشە و داواکارییەکانی هاوڵاتیان بمێنێتەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- ماوەی یاسایی بۆ کۆنەبوونەوەی پەرلەمانێکی نیشتمانی بەپێی وڵاتان جیاوازە، بەڵام بۆ زۆرێک لە سیستمە پەرلەمانییەکان زۆرترین ماوەی نێوان دانیشتنەکان شەش مانگە، کە ئەوەش نیشان دەدات بە لایەنی کەمەوە ساڵی دوو جار کۆدەبێتەوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و ڕێکخستنی یاساکان، بەڵام زیاتر لە ساڵیکە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆنەبۆتەوە، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، دوای مانگێک و ١٤ ڕۆژ لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، دانیشتنی یهكهمى خولی پایزهى ساڵی یهكهم له خولی ههڵبژاردنی شهشهمی پهرلهمانى كوردستان بەڕێوەچوو، پاش تهواوبوونی ڕێوڕهسمی سوێند خواردنهكه، سهرۆكی دانیشتنهكه بهپێی حوكمه یاساییهكانی مادهی (١٤)ی پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمان دهرگای خۆپاڵاوتنى بۆ ههرسێ پۆستهكانی ''سهرۆكی پهرلهمان، جێگرى سهرۆكى پهرلهمان، سكرتێری پهرلهمان''كردهوه و لهلایهن فراكسیۆنهكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یهكێتیی نیشتیمانی كوردستان و جوڵانهوهى نهوهی نوێ، ژمارهیهك كاندید بۆ ئهم پۆستانه بهربژێركران، هەروەها بهر له ئهنجامدانى ڕێككاره یاساییهكانی پرۆسهی ههڵبژاردن بۆ دهستهی سهرۆكایهتی، بههۆی ئامادهنهبوونی ڕێژهی یاسایی ئهندامانی پهرلهمانی لهناو هۆڵى دانیشتن، سهرۆكی دانیشتنهكه بڕیاریدا به وهرگرتنی پشوویهك تاوهكو ڕێژهی یاسایی ئامادهبووان دروست دهبێت، دوای وهرگرتنی پشووهكه، دانیشتنهكه دهستیپێكردهوه، بهڵام بههۆی ئامادهنهبوونی ڕێژهی یاسایی ئهندامانى پهرلهمان دانیشتنهكه بۆ كاتێكی نادیار ههڵگیرا، بەڵام لە دوای ئەوەوە کە وادەکاتە ٤٢٣ ڕۆژ دانیشتنی پەرلەمان هەڵپەسێندراوە.
"پەرلەمان چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەسیاسییەکان، نەک بۆ نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی"
شنۆ هیرانی، ڕۆژنامەنووس، وتی: ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ هەر وڵاتیکی دیموکراسی پڕۆسەیەکی هەستیارە، لە هەرێمی کوردستانیش پڕۆسەی هەڵبژاردن لەڕێگەی هاوڵاتیانەوە بە چوارساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت، کە هاوڵاتیان نوێنەری خۆیان بۆ بەرگریکردن لە مافەڕەواکانیان دەنێرنە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پاش هەڵبژاردن ئەو کاریگەرییە سیاسییانەی کە دێنە ئاراوە لەگەڵ ئەو ململانێ سیاسییانەی کە لە نێوان پەرلەمانتار و لایەنەکاندا ڕوودەدات، ڕێگە بە هەبوونی کار و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان نادات، هەروەها هەبوونی پەرلەمان بۆ پێکەوەی و کارکردنە بۆ پێویستییەکانی هاوڵاتیان، پەرلەمانیش چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی یاساکان و چاودێریشە بەسەر حزب و لایەنەکانەوە تا بتوانن داواکاری و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان لە ڕێگەی یاسا و هەمووارکردنەوەی یاساکانەوە جێبەجێ بکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە بە سیستمی کاربەڕێکەر بەڕێوە دەچێت، کە ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ تێکچوونی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی و سیستمی بەڕێوەبەری هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش وادەکات سەرلەبەری سیاسەت ڕوو لەهەڵوەشانەوە بکات، پاشان کاریگەرییە دەرەکییەکان ڕۆڵی گەورەیان لە تێکچوونی هاوسەنگی سیاسییدا هەیە، دەستە دەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کێشەی گەورەن لەبەردەم کارکردنی لایەنە سیاسییەکان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا، هەروەها بە دەگمەن ڕوودەدات پاش ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن دوای زیاتر لە ساڵێک پەرلەمان پێکنەهێنرابێت، چونکە بە هۆکاری سیاسی ودەستوەردانی دەوڵەتانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێنراوە، کە ئەمەش وایکردووە پەرلەمان لە ڕووی یاسای و شەرعیەوە خاڵی ببێتەوە لە سیاسەت و کارکردنی لە ناوچەکەدا.
"نەگونجانی لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەماندا بۆتە هۆکار بۆ پێکنەهێنانی پەرلەمان"
شنۆ هیرانی ئاماژەی بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان کرد، وتی: دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە نێوان دوو دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا یەکلای دەکرێتەوە، بەڕێژەیەکی کەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەتوانن کار لە پەرلەماندا بکەن، هەروەها بەربژێران لەسەرئایدیایەکی لاوازی سیاسی حیزبە سیاسییەکان پەروەردە دەکرێن، پاشان لەسەر دەسەڵات دوو لایەنی سیاسی دەکەونە ململانێ و گرفتی یەکلاکردنەوەی بڕیار لە لایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە دروست دەبێت، بۆیە نەگونجانی ئەو دوو دەسەڵاتە لە هەبوونی پەرلەمانێکی سەربەخۆدا گرفت بۆ هاوڵاتیان و دەسەڵات دروست دەکات، هەروەها نەبوونی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان و تەواوی جیهانیشدا لێکەوتەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، هەروەکو هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا، کە نەبوونی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و کارنەکردن بۆ یاساکە ژیانی ژنان و منداڵانی خستوەتە ژێر مەترسییەوە، هەروەها لە سەردەمی ژیانی مرۆڤایەتییەوە و بە گۆڕانی بارودۆخەکان و پێشکەوتن لە ناوچەکاندا یاساکان پێویستیان بە گۆڕانکاری هەبووە، لە ناو یاساکاندا هەموواری یاسای باری کەسێتی نومونەیەکە لە ئەنجامی بۆشای نەبوونی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستاندا کە ڕەنگدانەوەی لە ناوچەکەدا دروستکردووە، یاساکە سەرەڕای پاڵپستی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینی پێویستی بە پاڵپشتی پەرلەمان و هەمووارکردنەوەی لە پەرلەماندا هەیە، چالاکوانان و ژنان لە ناوچەکەدا سەرەڕای هەوڵدان و خەبات بۆ مافەکانی ژنان و منداڵان پاشان وەستانەوە لە دژی هەموواری یاسای باری کەسێتی، بەڵام نەبوونی پەرلەمان هۆکاربووە بۆ ڕێگریکردن لەبەدەستهێنانی مافە یاساییەکان.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: هاوڵاتیان دەنگ دەدەن بۆ سیستمێکی سیاسیی نوێ، بەڵام نەبوونی پەرلەمان و ڕێکنەخستنی یاساکان، هاوڵاتیان بێ هیوا لە دەنگدان و دەسەڵاتداران دەکات، بۆیە دەبێت فشاری مەدەنی لەلایەن هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکانەوە بۆ پێکهێنای پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، تا بتواندرێت بە زوترین کات دەنگدەران مافی ڕەوایان لە پەرلەماندا پێبدرێتەوە.