ژنێک وەک بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە هەڵبژێردرا

خێڵان عەبدولڕەحمان میرزا ئەمڕۆ بە بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە دەستنیشان کرا، لە هەڵەبجەشدا چەندین پۆستی دیکە هەیە کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێن.

هەڵەبجە

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە و نوخشە ناسیح قەئیمقامی مەرکەزی هەڵەبجە، خێڵان عەبدولڕەحمان میرزا وەک بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە دەستبەکاربوو.

کوێستان اکرم فەرەج، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە ژنهای ڕاگەیاند: "خێڵان ئەندازیاری لێهاتوو بوو لە بەشی ئەندازەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە، لە پاش خانەنشین بوونی بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان. ئەندازیار خێڵانمان بە شایستە زانی بۆ ئەو پۆستە و لە ئیستادا فەرمانە وەزارییەکانی دەرچوون و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستبەکار دەبێت".

 

خێڵان عەبدولڕحمان میرزا لە پێشتردا ئەندازیاری بەشی ئەندازەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە بووە، لە ئیستاشدا وەک بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان دەستنیشان کراوە.

سنوری کارکردنی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ناوچەکانی خورماڵ، بیارە، تەویڵە و ناحیەی سیروان دەگرێتەوە،  لە پارێزگای هەڵەبجەدا خێڵان یەکەم ژن نییە کە پۆستێکی باڵا وەربگرێت، بەڵکو هەریەک لە پۆستەکانی سەرۆکی شارەوانی و قایمقامی هەڵەبجە ژنن و چەندین بەڕێوەبەر و بەرپرسی سەنتەر و ڕێکخراوەکان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

ت.پ