ژنانی کۆیە: دوژمنان چاویان بە ئارامی کوردستان هەڵنایەت

لەماوەی جەنگی نیوان ئێران- ئەمریکاو ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی هێرشەکان و بە سەدان درۆن و موشەک زیانی گیانی و ماددی هەبووە، ژنانی شارۆچکەی کۆیە دەڵێن: ئەم جانگە کاریگەری نەرێنی دروست کردووەو دوژمنان چاویان بە ئارامی کوردستان هەڵنایەت.

شیا کۆیی

 

کۆیە- شەڕی وڵاتانی ئێران- ئەمریکاو ئیسرائیل کە هەرێمی کوردستانیان تێوەگلاندووە، ڕۆژانە بەدرۆن و موشەک هێرش دەکرێتە سەر شارەکانی باشووری کوردستان بەدەر لە زیانە گیانی و ماددیەکان، بووەتە جێی نیگەرانی لای هاونیشتمانیان بەتایبەت ژنان، چونکە هەمیشە لە جەنگەکاندا ئەگەر کاریگەری راستەوخۆو ناڕاستەخۆشی هەبێت هەمیشە ژنان باجەکەی دەدەن و دەکرێنە ئامانج، هەربۆیە لە شارۆچکەی کۆیە کە دەیان جار لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج، ژنان نیگەرانن و ئاماژە بەوەدەکەن گەلی کورد زۆر هۆشیارەو هەمیشە بەرگری لە خاکی خۆی دەکات.

 

"دوژمان دەیانەوێت ئارامی و ئاسایشی وڵاتمان بخەنە مەترسییەوە"

.سەمیرە یاسین، پیشەی مامۆستایەو چالاکوانە لەسنووری کۆیە، پێشتر ساڵانە بەشێوەی تایبەت ئاگری نەورۆزی دەکردەوە، بۆیە زۆر دڵگرانە کە ئەمساڵ یچ چالاکیەکیان ئەنجام نەداوەو وتی:  ئەمساڵ نەمانتوانت ئاگری نەورۆز بکەینەوەو گەشت و سەیران بکەین، بەهۆی ئەو شەڕە نەگریس و نەخوازراوەی بەسەر ئێمەیان سەپاندووە کە ئێمە بەشێک نین لەو شەڕە، دوژمنان چاویان بە ئارامی هەرێمی کوردستان هەڵنایە ودەیانەوێت ئارامی و ئاسایشی وڵاتمان بخەنە ژێر مەترسی و ڕۆژانە هێرشی درۆنی و موشەک دەکرێتە سەرمان، بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی ئێمەی تێدابێت.

 

"وەک کورد هەمیشە بەرگری لە خاکی خۆمان دەکەین"

ئاماژەی بەوەشکرد کە دوژمنان ناتوانن ئارامی کوردستان تێکبدەن وتی: کورد زۆر لەوە هۆشیارترە، هەرێمی کوردستان دەبێت خۆی بپارێزێت لەو شەڕە خۆیان تێوەنەگلێنن، ئێمە وەک گەلی کورد هەمیشە بەرگری لەخاکی خۆمان دەکەین لەهەرچوار پارچەی کوردستان، ئەو ڕووداوانە کاریگەری هەیە لەسەرناخی هەر تاکێکی کوردو من زۆر حەزم لەیادی نەورۆرەو هەموو ساڵ ئاگردەکەمەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ نەمتوانی،  پابەندی ڕێنمایەکانی لایەنی پەیوەندیدار بووم کە بۆ پارێزراوی هەمووان ئاگر نەکرێتەوە، تاخەڵک کۆنەبێتەوە، هەرچەندە ئێمە مانگێگ پێش هاتنی یادی نەورۆز ئامادەکاری دەکەین و جلی کوردی دەدوورین بۆ ماڵ و منداڵمان خۆمان ئامادە دەکەین، بەڵام نەمانتوانی ئەو بۆنەیە بەرز ڕاگرین وهەمیشە منداڵەکانمان بە پەرۆشەوە دەپرسن کە بۆچی نەورۆزی ئەمساڵ نەکراو ئێمەش ڕونکرنەوەیان پێدەدەین کە کەوتووینە ناو بارودۆخێک ڕێگرە لەوەی ژیان ئاسایی بەڕێ بکەین، چونکە جاران بەفرو بارانیش بوایە هەردەبوو ئاگر بکەینەوە بەداخەوە ئێستا هەمووشت وەستاوە تەنانەت ئێستا خوێندنگەش داخراون و خەڵکی لەدڵە ڕاوکێ دان، عێراق بێدەنگە کە بەبەرچاوی هەمووان ئێران کورڕستانی کردۆتە ئامانج و بەر موشەک و درۆنی داوە، هیوادارم بەزووترین کات چارەسەرێک بۆباشکردنی ئەو باروووۆخە بدۆزرێتەوە.

 

"هیوادارین سەروەری خاک بپارێزرێت"

نیگار حەمەدەمین، دانیشتووی شاری کۆیەیە، نیگەرانە لەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوەو وتی: ئێمەی کورد ساڵانە زۆر بەجۆش وخرۆشەوە چاوەڕێی ئەو یادە نەتەوەییە دەکەین و ئاگردەکەینەوە چونکە نەورۆز جەژنی کوردە بڵام بەداخەوە ئەمساڵ یادی ئەو بۆنەیە نەکرایەوەو بەهۆی ئەو بارودۆخە ناخۆشە خەڵکەکە نازانێت چی بکات، هیوادارین عێراق سەروەری خاکی عێراق و هەرێم بپارێزێت، ئەو شەرە دووربێت لەکوردستان چونکە بارودۆخەکە زۆر ناخۆش بووە.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا نیگار حەمەدەمین وتی: ئەوشەڕە هی ئێمە نییە بەڵام بەسەر ئێمەیان چەسپاندووە، بۆیە دووبارە داوادەکەم عێراق هەوڵبدات سەوەری وڵات بپارێزێت، چونک هەمووکات دڵمان لەناو مستمانە و مەترسی لەسەرمانە، کاریگەری نەرێنی لەسەرمان درووست کردووە.