ژنانی گەنجی شەنگال فێری شۆفێری دەبن
لە گوندی بۆرک لە شەنگال خولی فێربوونی شۆفێری بۆ ژنانی گەنج دەستیپێکردووە و ١٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە هەموو گوندەکانی شەنگال، خولی شۆفێری بە ژنانی گەنج بکرێتەوە.
ڤیان سەعید
شەنگال- ماوەیەکە لەلایەن هاتوچۆی ئیزیدخانەوە خولی فێربوونی شۆفیری بۆ ژنانی گەنجی شەنگال کراوەتەوە و ماوەی ١٥ ڕۆژ دەخایەنێت بڕیاریشە هەرجارە و لە گوندێکدا خولەکە بکرێتەوە، گوندی بۆرک یەکێکە لە گوندەکان و ژنانی گەنجی گوندەکە فێری شۆفێری ئۆتۆمبێل دەبن، چونکە لە پێش فەرمانی ٢٠١٤ەوە دەرفەتی شۆفێری بۆ ژنان نەبوو یان زۆر کەم بوو، دوای فەرمانیش ژنان لە هەموو بوارێکدا خۆیان پەروەردە کرد و لە ئێستاشدا فێری شۆفێری دەبن.
ئەهرام سمایل یەکێکە لەو گەنجانەی تازە فێری شۆفێری دەبێت، ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی دوو ڕۆژە دەستیان بە خولەکە کردووە و زۆر بە ئاسانی فێردەبن، وتی: دەبێت کچانی ئێزدی فێری شۆفێری ببن چونکە بۆ هەموومان پێویستە، چونکە ڕۆژێک پێویستمان بە ئۆتۆمبێل دەبێت بۆ ئەوەی کارەکانی خۆمانی بەڕێبکەین.
ئەهرام باسی لەوەشکرد: داواکارم لە کچانی ئێزدی بێنەوە سەر خاکی خۆیان و بۆ دووبارە نوێکردنەوەی شەنگال هەوڵ بدەن، من خۆم فێری شۆفێری دەکەم و بڕوام بە تواناکانم هەیە.
ت.پ