مامۆستایەک بە چەند تۆمەتێک لە کارەکەی دوورخرایەوە

دەستەی چاودێری سەرپێچییە کارگێڕییەکان لە سنە، بە تۆمەتی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیاریدا بە دەرکردنی مامۆستایەک بەناوی سومەیە ئەختەرشومار.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٦ـی ئەیولوولی ساڵی ٢٠٢٢ کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە، کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و لەسەرەتا ناڕەزایەتیی تەواوی ئێرانی گرتەوە، دوای چەند ڕۆژێک بە دروشمی "ژن-ژیان-ئازادیی" ناڕەزایەتییەکان بەرفراوان بوون و تەواوی گەلانی ئێرانی گرتەوە، ئەمەش وایکرد چەندین هاوڵاتی دەستگیربکرێن.

 

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە بارەی دوورخستنەوەی مامۆستایەک لە سنە، بە تۆمەتی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ زانیاری خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە، دەستەی چاودێری سەرپێچییە کارگێڕییەکانی پارێزگای سنە بڕیاری داوە بە دەرکردنی سومەیە ئەختەر شومار، مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی رواری سەر بە سەوڵاوای مەریوان.

 

ئەو مامۆستایە تۆمەتبارکراوە بە پشتیوانی لە گرووپە بەرهەڵستکارەکان، بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ دژی کۆماری ئیسلامی، ئەندامبوون لە گرووپ و ڕێکخراوە پیشەییە نایاساییەکانی مامۆستایان و هاوسۆزی بۆ خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو مامۆستایە، ئەزموونی ١٧ ساڵ وانەوتنەوەی هەیە لە زمانی ئینگلیزییدا.

 

ئەو مامۆستایە لە تاقیکردنەوەکاندا چەند پرسیارێکی لە بارەی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادیی" هێناوەتەوە و هەروەها لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە خۆی، بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنە پشتیوانی خۆی بۆ حزب و گرووپە بەرهەڵستکارەکان دەربڕیوە.