بە مەراسیمێکی شایستە ماڵئاوایی لە دوو شەڕڤانی یەپەژە لە قامیشلۆ کرا

ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی جەماوەریدا لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سورخوێن جەلال و ئارین کۆبانێ، شەڕڤانانی یەپەژە، کە لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورک لە ٣ی نیساندا گیانیان لەدەستدا، بە خاک سپێردران.

قامیشلۆ

 

ڕۆژی ٣ی نیسان، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردوومانی شاری کۆبانێی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و لە ئەنجامدا سورخوێن جەلال و ئارین کۆبانێ، شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆش لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە شاری قامیشلۆ بە مەراسیمێکی جەماوەری ماڵئاواییان لێکرا.

 

"بە ئیرادەی خۆمان شەڕ دەکەین"

لە میانی مەراسیمەکەدا، شەمسیخان گوڵۆ بە ناوی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی شاری قامیشلۆ وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: دوژمن بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکات، بەڵام ئێمە ئەو ئیرادە و فەلسەفە و پڕۆژەیەمان هەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووین، ئێمە لەسەر ئەم ڕێگایە بەردەوام دەبین، ئێمە بەڵێنمان بە شەهیدان و ڕێبەر ئاپۆ داوە، هەرگیز ئەم خاکە بەجێناهێڵین و بە ئیرادەی خۆمانەوە شەڕ دەکەین.

 

یەپەژە: تۆڵەی هاوڕێکانمان دەکەینەوە

بەرفین کۆبانێ لەسەر ناوی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: بەڵێنی درێژەدان بە هێڵی شەهیدان نوێ دەکەینەوە، هەڤاڵانمان سورخوێن و ئارین زۆریان خەبات کرد، ئەوان لە بەرخۆدانی کۆبانێدا قارەمانێتییان تۆمار کرد، سەرەڕای ئەوەی هەڤاڵ سورخوێن هەڤاڵێکی برینداری شەڕ بوو، بەڵام هەرگیز لە ڕاپەراندنی ئەرکەکانی پاشەکشەی نەکرد و بەردەوام بوو، ئێمە وەک یەپەژە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە دەدەین و هەمیشە هێڵی شەهیدەکانمان درێژە پێدەدەین.