مەترسی لە دووبارە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە یەمەن هەیە

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نەخۆشخانەکانی یەمەن هەزاران حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرایان تۆمارکروە.

ناوەندی هەواڵ

 

دانیشتوانی یەمەن ترسیان هەیە ئەو پەتای کۆلێرایەی لە ساڵی ٢٠١٦ وڵاتەکەی گرتەوە و لە ساڵی ٢٠١٧دا گەیشتە لوتکە دووبارە بڵاوبێتەوە، کە ژمارەی تووشبووان گەیشتە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار حاڵەت و زیاتر لە چوار هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە خراپترین قەیرانی مرۆیی بوو لە جیهاندا.

 

دوێنێ، فەرمانگەی تەندروستی گشتی و دانیشتوانی شاری تەعز پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی ١٥٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمار کراوە و سەرچاوە تەندروستییە نافەرمییەکانیش لە شاری عەدەن ئاماژەیان بەوە کردووە کە نزیکەی ٤٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا لەو شارە تۆمار کراوە.

 

پێشتر کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئاماژەی بەوەدا کە ٨ شاری یەمەن هەبوون لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا حاڵەتی کۆلێرایان تیادا تۆمارکردووە، دوای ئەوەی ٩١٧ حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراون، ئەمە جگە لەوەی ٨ حاڵەتی مردن بەهۆی نەخۆشییەکە تۆمارکراوە.

 

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هەزار و ١٧٣ حاڵەتی نوێ کە گومانی سکچوونی توندی و کۆلێرایان لێدەکرێت، هەروەها ٣ حاڵەتی مردن لە ماوەی پەتاکەدا لە ماوەی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە، ڕێژەی مردنیش ٪١ بووە.

 

لە باکوری شاری تەعز، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەدان حاڵەتی سکچوونی ئاوی تۆمارکراوە، هەروەها بنکەی تەندروستی ئەغوال لە ناوچەی حەشمە لە قەزای تەریە ژمارەیەک حاڵەتی کۆلێرا تۆمارکردووە، بەتایبەتی لە نێو منداڵاندا.

 

لەگەڵ تێکچوونی ڕەوشی مرۆیی و زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە داوای کرد پلانێک دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی خاوێن بۆ دوورکەوتنەوە لە کارەساتی تەندروستی نزیک لە ژێر ڕۆشنایی دەستپێکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا، جگە لەوەی داوا لە بەرپرسانی تەندروستی و ڕێکخراوەکان دەکات توانای سەنتەرەکە بەهێزتر بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و وەرگرتنی حاڵەتەکان بەبێ ئەوەی پێویست بکات بیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان کە دەیان کیلۆمەتر لە ناوچەکە دوورن.

 

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی توشبووانی کۆلێرا، زۆرێک لە هۆکارەکانی گەڕانەوەی پەتاکە دەپرسن، وەک بەڕێوەبەری چاودێری پەتاکان لە فەرمانگەی تەندروستی لە پارێزگای تایز ڕایگەیاند، هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەستنەکەوتنی خۆراکی تەندروست و ئاوی پاک، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە پەتای کۆلێرا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ لێشاوی کۆچبەرانی ئەفریقی بۆ ناوچە کەنار دەریاکان، دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکان سەلماندیان کە پەتاکە پێشتر لەناویاندا بڵاوبووەتەوە، هەروەها بەردەوامی داڕمانی سیستەمی تەندروستی لەو وڵاتەدا.