تەژەکە-ئەوروپا: پشتیوانیی لە ژنانی ئەفغانستان دەکەین

تەژەکە-ئەوروپا دەڵێت: ئێمە وەک ژنانی کورد لە ئەوروپا، جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە پشتیوانیی لە ژنانی ئەفغانستان دەکەین، تێکۆشانەکەیان، بە دابڕاو لە تێکۆشانی ئازادییمان نابینین.

تەژەکە-ئەوروپا: پشتیوانیی لە ژنانی ئەفغانستان دەکەین

ناوەندی هەواڵ

 

تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا "تەژەکە-ئەوروپا" لە ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵاتی ئەفغانستان (لە ١٥ـی ئابی ٢٠٢١)، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بۆ پشتیوانیی لە ژنانی ئەفغانستان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئاماژە بەوە کرا کە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ژنان لە پەروەردە، کار، ژیانی سیاسی و ژیانی گشتی دوورخراونەتەوە و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان بە شێوازێکی توند ڕێگرییان لێ کراوە. هەروەها دووپاتکراوەتەوە کە دوورخستنەوەی ژنان لە گۆڕەپانی گشتی سیاسەتێکی سیستەماتیکە کە ژنان لە بەرامبەر توندوتیژی و فشاردا بێپاراستن دەهێڵێتەوە.

 

تەژەکە-ئەوروپا کشانەوەی ئەمریکا و هێزە ڕۆژئاواییەکان لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١دا و هاتنەوە سەر دەسەڵاتی تاڵیبانی بە بەخشینی داهاتووی ژنانی ئەفغانستان بە دەسەڵاتێکی ستەمکار هەڵسەنگاند. بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرا کە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە لایەن تاڵیبانەوە بێدەنگ نەبن و ڕێگا نەدەن ئەم سیستەمە ببێتە شتێکی ئاسایی.

 

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە دووپاتکراوەتەوە کە ژنانی ئەفغانستان سەرەڕای هەموو فشارەکان بۆ مافی پەروەردە، کار، بەشداریی سیاسی و ژیانی ئازاد بەردەوامن لە بەرخۆدانی خۆیان.

 

تەژەکە-ئەوروپا ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان پشتگیری لە هەڵمەتی ئازادی لە نێوان ١٥ـی ئاب و ٢٥ـی تشرینی دووەمدا دەکەن و تێکۆشانی ژنانی ئەفغانستان وەکو بەشێک لە تێکۆشانی ئازادیی خۆیان دەبینن،  پشتگیریی ژنان هێزێکی هاوبەشە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و ئازادبوونی ژنان یەکێکە لە مەرجە بنەڕەتییەکانی ئازادبوونی کۆمەڵگە.