سەقز لەژێر گەمارۆی سەربازییدایە
بە پێی تێبینی و ڕاپۆرتەکان، کەشوهەوای سەربازی سەقز لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاڵۆزتر بووە، لەگەڵ زیادبوونی هێزی سەربازی و کۆنترۆڵی هاتوچۆ، نیگەرانییەکان لە دۆخی هاوڵاتییانیش زیادی کردووە.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکرد و بەو هۆیەوە چەندین بنکەی سەبازیی و ئەمنیی کرایە ئامانج، ڕژێمی ئێرانیش دەستی کرد بە چاودێریکردنی هاووڵاتییان و کەشێکی ئەمنیی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خولقاند، لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ڕژێمی ئیران لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی ئابووری ناوچەکە دەکەین.
بوونی گەڕۆکی هێزەکان و چڕکردنەوەی چاودێری لە خاڵەکانی پشکنین
بەپێی سەرچاوە خۆجییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزی سەربازی و ئەمنیییەکان لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوەیان پێکراوە، بەڵام بنکەیەکی دیاریکراویان نییە و بە کۆمەڵ لەناو شاردا هاتوچۆ دەکەن، هەروەها بەشێکی لە بازگەکانی دەروازەکانی شارەکە جێگر کراون بەمەبەستی چاودێریکردنی هاوڵاتییان و دەستبەسەرکردنی گومانلێکراوان.
ناڕوونی لە ناسنامەی هێزەکان و ڕۆیشتنی بنەماڵەی بەرپرسان لە شار
هەر بەپێی سەرچاوەکان، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەلایەن هێزە سەربازی و ئەمنیییەکانەوە بەکاردەهێنرێن تابلۆی نییە یان تابلۆکە شاراوەیە، ئەمەش پرسێکە کە بووەتە هۆی زیادبوونی نادڵنیایی و نیگەرانی لەناو هاووڵاتییاندا.
بەشێک لە بەرپرسە باڵاکان بنەماڵەکانیان لە سەقزەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران گواستووەتەوە،لە کاتێکدا خۆیان لە شارەکەدا ماونەتەوە، بەرپرسانی سوپای پاسداران لەسەر ڕێگەی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دامەزراوەکاندا دەمێننەوە.
فشاری ئابووری و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە سنووردارەکان
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەرچەندە کاڵا سەرەتاییەکان لە بازاڕدا بەردەستن، بەڵام ڕۆژانە نرخەکانیان بەرز دەبێتەوە، هاوکات بەشێک لە کەلوپەلەکان لەوانە، جلوبەرگ ڕووبەڕووی کەمیی بووتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەککەوتنی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی.
لە بواری سووتەمەنیدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە هەڵاوسانی توندی نرخی بەنزین دەکەن، نرخەکەی لە هەزار و ٥٠٠ تمەنەوە بۆ ٣٠٠ هەزار تمەن لە بازاردا بەرز بووەتەوە، ڕێژەی سووتەمەنی بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بۆ ٢٠ لیتر سنووردار کراوە، بەڵام پێدانی کارەبا تا ئێستا بێ پچڕان بووە.
شەڕی دەروونی لە ڕێگەی کورتە نامەوە بەردەوامە
ناردنی کورتەنامەی ئەمنیی بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان بەردەوامە، ناوەڕۆکی پەیامەکان بە شێوەیەکی سەرەکی بانگەشەی هێرشە سەربازییەکان و نیشاندانی باڵادەستی ڕژێمی ئێران لەخۆدەگرێت.