شەڕی غەزە، دەبێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی قوڵی درێژخایەن
فەلەستینیەکان بارودۆخی ژیانیان لە بارودۆخێکی خراپدا بوو و شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل خراپتری کردووە، ئەو شەڕە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە سیستەمی تەندروستی و ئاو و ئاوەڕۆ، داخستنی خوێندنگاکان و ئاوارەکردنی دەیان هەزار کەس.

ناوەندی هەواڵ
بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەزە زیانێکی زۆری گەیاندووە بە فۆرمی ئاسایی ژیانی شارەکە لە هەموو کەرتەکاندا، سیستمی تەندروستی لە بارودۆخێکی خراپدایە بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی شاری غەزە زیان بە ١٧ نەخۆشخانە و نۆرینگە گەیشتووە، تەنها تاقیگەیەکی تایبەت بە تاقیکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکەدا بوونی هەبوو، ڕۆژانە تێیدا پشکنین بۆ زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس ئەنجامدەدرا، لە ئەنجامی شەڕەکانەوە تێکشکێنرا، زیانەکانی سەر کەرتی تەندروستی دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی زیاتر لە هەزار کەسی بریندار چونکە لە کاتی شەڕدا پێویستی بۆ چارەسەر و وەرگرتنی دەرمان زیاد دەکات.
سیستمی ئاو و ئاوەڕۆ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و بۆنی ناخۆشی ئاوی پاشەڕۆکان نێو شەقامەکانی داگیرکردووە، بۆری ئاوی ماڵەکان کە بەلایەنی کەمەوە خزمەتی ٨٠٠ هەزار کەس دەکات، تێکشکاون، ئەمەش بە قەیرانێکی مرۆیی دادەنرێت بۆ نزیکەی دوو ملیۆن کەس.
٦٠٠ هەزار خوێندکار لە خوێندن دابڕاون
پرۆسەی جیاکردنەوەی خوێ لە ئاوی سوێر بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی سازگار بۆ خواردنەوەی ٢٥٠ هەزار کەس لە ناوچەکەدا لە کارکەوتووە، دەیان قوتابخانە زیانی پێگەیشتووە یان داخراوە، بەو هۆیە نزیکەی ٦٠٠ هەزار خوێندکار لە خوێندنی وانەکانیان بێبەشبوون.
لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی سەر کەرتی غەزە ٧٢ هەزار کەس ناچار بوون لە ماڵەکانیان هەڵبێن و زیاتر لە ٢١٣ فەلەستینی بوونەتە قوربانی، کە دەیان منداڵیان لەناودایە، ڕێژەی بێکاری بۆ زیاتر ٪٥٠ بەرزبووەتەوە.
ئیسرائیل و حەماس لە فەلەستین دانوستانی ئاگربەستیان بە ناوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان، میسر و قەتەر بەڕێوەبرد، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لە ڕێککەوتنەکان بڵاونەکراوەتەوە و فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بەردەوامن لە بۆردومانکردنی غەزە بە مووشەک، حەماسیش بەردەوام بوو لە تەقاندنەوەی مووشەکەکان.
ت.پ