شەڕڤانانی یەپەژە: بەو ئاستەی پێی گەیشتووین سەربڵندین

شەڕڤانانی ژن بۆ یانزەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەپەژە، وتیان: شانازی دەکەین بە گەشتەکەمان و ئەو ئاستەی پێی گەیشتووین، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، هێشتا بەردەوامین لەوەی دەستمان پێکردووە.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- ئەندامانی ئەنجومەنی سەربازی ژنانی مەنبج لە یانزەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

 

سۆلین عەفرین، ڕایگەیاند دوای دەستپێکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨. ئەوان لە عەفرینەوە کۆچیان کرد بۆ مەنبج و نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بەشداری ئەنجومەنی سەربازی مەنبج بووە، وتی: سەرسام بووم بە هێز و ئیرادەو بیری ئازادی ژنانی شەڕڤان، ئەوە وایلێکردم بچمە ڕیزی سەربازییەوە و کەسایەتییەکی بەهێز بونیاد بنێم و کار لەسەر پرەنسیپ و ئامانجەکان بکەم لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەدا. ئامانجی یەکەمم پاراستنی کۆمەڵگە بوو، ئازادکردنی شارەکەم لەژێر داگیرکاریدا، و گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە. جیاوازی هەیە لە نێوان ژیانی ناو سوپا و ژیانی کۆمەڵایەتی ژناندا، سوپا ڕێگە بە ژنان دەدات بۆچوونەکانیان دەرببڕن و کەسایەتی و توانای خۆیان بۆ بڕیاردان بونیاد بنێن، بەڵام ژنان لە کۆمەڵگەدا، جگە لە توندوتیژی بەهۆی دەسەڵاتی خێڵەکی، خێزان و هاوژینەکانیانەوە دەبنە زیانبەرکەوتووی داب و نەریتە کۆنەکان، ئەم تێگەیشتنە قووڵە کەسایەتی ژنان لاواز دەکات و ژنان دەخاتە دۆخێکی پاسیڤەوە.

 

"بەشداریم لە ئەنجومەنی سەربازی مەنبج منی پێشخست"

سۆلین عەفرین لەبارەی چەمکی ئازادییەوە وتی: زۆر کەس چەمکی ئازادی ژنان بە هەڵە دەزانن، بەڵام ئەو ئازادییەی کە ئێمە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین، ئازادی بیرە ئەو ئازادییەئ کە کۆمەڵگەکەمان دەپارێزێت و کۆمەڵگەکەمان لە هەڵەکان ڕزگار دەکات، بەشداریکردنم لە ئەنجومەنی سەربازیی مەنبج کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کەسایەتی و بوونی من هەبوو، چونکە بوێرییەکی بەهێزی پێدام.

 

بە هەزاران ژن بەشداری ناو ڕیزەکانی یەپەژە بوون

ئیلام مەنبج یەکێک لە شەڕڤانانی  ئەنجومەنی سەربازی ژنان، وتی: زۆر شتمان دەربارەی سوپای ژنان بیستووە، بەڵام تا ئازادکردنی مەنبج ئەمەمان لە مەیدانەکەدا نەبینیووە، هەزاران ژن وەک شەڕڤانێکی بەهێزی یەپەژە ڕێکخران و بەشدارییان لە ئازادکردنی شارەکەمان کرد، چەتەکانی داعش ژیانی ژنانیان کرد بە تاریکی، ئەوەی بەسەر ژناندا سەپاندیان ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگەکەمان نییە، زۆرێک لە ژنان زیانبەرکەوتووی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی داعش بوون و ئامۆزاکەم یەکێک بوو لەوانە، کاتێک داعش لە ڕەمەزاندا شارەکەی گەمارۆ دا، ئامۆزاکەم، کە دەیویست ئاو بۆ منداڵە بچووکەکەی بهێنێت، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا بەو بنەمایەی کە جلوبەرگی شەریعەتی لەبەر نەکردووە.

 

"ڕزگارکردنی ژنان ئامانجی سەرەکیمان بوو کە کۆی کردینەوە"

 

ئیلام مەنبج وتی: چەتەکانی داعش هەوڵیاندا ناچارم بکەن هاوسەرگیری لەگەڵ فەرماندەیەک بکەم، بەڵام من ڕەتم کردەوە، کوشتنی ئامۆزاکەم و ئەوەی تێیدا دەژیام وای لێکردم بەشداری لە ئەنجومەنی سەربازی ژناندا بکەم، نموونەی شەڕڤانانی وەک کۆژرین و ڕۆژبین عەرەب کە لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مەنبج گەیشتن بە شەهیدبوون. ئەوان ژیانی خۆیان بەخشی بۆ ڕزگارکردنی شارەکە، بەتایبەتی ژنان، لە چەتەکانی داعش، ئەنجومەنەکە دەرگای خۆی بۆ هەموو ژنانی ناوچە جیاوازەکانی ناوچەکە کردەوە و بە پێچەوانەی ڕژێمەکانی پێشوو کە پێکهاتەیەکیان بەرزکردەوە و ئەوانی دیکەیان بچوک کردەوە، ژنانی ئازاد کرد و شارەکەیان پاراست یەکێک بوو لە ئامانجە یەکەمەکان کە بەدەستمان هێنا.

 

ژنان گۆڕانکارییان به ده ستهێنا

ئیلام مەنبج ڕایگەیاند. تێگەیشتنێکی قووڵ بە شەوێک  ناگۆڕدرێت و وتی: لەگەڵ ئەوەشدا، ژنان زۆرێک لە چەمکە قووڵەکانی کۆمەڵگە دەگۆڕن، بەڵام بەشداریکردنیان لە بواری سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و بەدەستهێنانی بیرۆکە و بڕیارەکانیاندا بەس بوو بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە،  ئەم ڕۆژە لە هەموو ژنانی ڕێگای ئازادی پیرۆز دەکەین، چونکە ئەمڕۆ ژنان هەستاون بۆ خزمەتکردن و پاراستنی گەلە ستەملێکراوەکان گیانی خۆیان دەبەخشن.

 

"تێکۆشانی ژنانی شەڕڤانی یەپەژەمان بە نموونە وەرگرت"

ئیلام مەنبج بەبۆنەی ٤ی نیسانەوە پیرۆزبایی لە هەموو ژنان کردو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:نموونەی خەباتی ژنانی شەڕڤانی یەپەژەمان وەرگرت کە سەرەڕای داب و نەریتەکانی کۆمەڵگەکەمان چوونە ناو مەیدانی سەربازییەوە، شانازی دەکەین بە گەشتەکەمان و ئەو ئاستەی کە پێی گەیشتووین، و سەرەڕای هەموو ئەو سەختییانە، هێشتا بەردەوام دەبین لەوەی دەستمان پێکردووە، یەکێک لەو پرەنسیپە بنەڕەتییانەی کە پەیڕەوی دەکەین مافی خۆپاراستنە و ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە جەنگدا، یەکێک لە ئاستەنگە هەرە گرنگەکان کە ڕووبەڕووی دەبینەوە هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکەرانی تورکیایە بۆ سەر ڕێبەرانی ژنان و شەڕڤانان، بەڵام ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێرشەکانی ئێستا بطیارمان لاواز ناکات و بە پێچەوانەوە تێکۆشان زیاد دەکەین.