لە ئێران ئەو ژنانەی بڕیاری جیابوونەوە دەدەن ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە

ئەو ژنانەی لە ئێران کە بڕیاری جیابوونەوە دەدەن ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر کۆمەڵایەتی دەبنەوە، بەهۆی ئەو یاسایانەی کە لە لایەن پیاوانەوە ئامادەکراون ژنان ئەو ئەنجامە بەدەستناهێنن کە دەیانەوێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئێران ئەو ژنانەی کە بڕیاری کۆتایی هێنانی هاوسەرگیرییەکەیان دەدەن ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، زۆربەیان لە تەمەنی زوودا ناچار بە هاوسەرگیری کراون.

 

لەئێران ڕێژەی جیابوونەوە لەزیادبووندایە

بەپێی زانیارییەکان، لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا ٢٢٥ هەزار کەس هاوسەرگیریان کردووە و ٩٤ هەزار و ٢٨٨ کەسیش جیابوونەتەوە، لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٩٦ هەزار و ٤٠١ کەس هاوسەرگیریان کردووەو ٩٤ هەزار و ٢٨٠ کەس جیابوونەتەوە، لە ئێران ژنان بەهۆی عەقڵییەتی دەوڵەتی پیاوەوە بە شێوەیەکی سەرەکی لەناو خێزانەکان بە چەندین شێوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، لە وڵاتێکدا کە هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا زۆرە، ژنان ناتوانن سەربەخۆ بمێننەوە تەنانەت کاتێک هاوسەرەکانیان جێدەهێڵن ئەو ژنانەی کە لە ناو خێزاندان تووشی توندوتیژی سێکسی و جەستەیی و دەروونی دەبن، بەهۆی یاسای پیاوسالارییەوە لە بواری دادپەروەریدا ئەنجامی باش بەدەست ناهێنن.

 

 ئاژانسەکەمان قسەی لەگەڵ ئەو ژنانە کرد کە لەتەمەنی منداڵیدا هاوسەرگیریان کردووەو دەیانەوێت لە هاوسەرەکانیان جیاببنەوە، ژنان بەهۆکاری ئەمنی ناوی ڕاستەقینەی خۆیان نەوت و ناوی خوازراویان بۆ بەکاردێت.

 

"بیدەنگ بووم بۆ ئەوەی لە منداڵەکەم دوور نەکەومەوە"

جولی ئەحمەدی کە لە تەمەنی منداڵیدا هاوسەرگیری کردووە و ئێستا تەمەنی ٤٠ ساڵە، وتی: من دەمویست هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تر بکەم، بەڵام بنەماڵەکەم ناچاریان کردم لەو کەسە دوورکەومەوە من لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا هاوسەرگیریم کرد، ساڵێک دوای هاوسەرگیری دووگیان بووم. کوڕێکم بوو، دوای ئەوەی کوڕەکەم گەورە بوو، هاوژینەکەم دەستیکرد بە خواردنی ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام بۆ ئەوەی منداڵەکەم لەدەست نەدەم بێدەنگ بووم، دەمزانی ئەگەر ئەوان سەلماندیان کە ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکانە، دەتوانم کوڕەکەم وەربگرم، ویستم لێی جیا ببمەوە بەڵام هەڕەشەی کوشتنی لێ کردم، بەڵام دوای ئەوەی کوڕەکەم گەورە بوو، بڕیارم دا جیا ببمەوە.

 

"چیتر نەمتوانی بەرگە بگرم دۆسیەی جیابوونەوەم کردەوە"

سۆمەیا محەمەدی هێشتا تەمەنی ٢٢ ساڵە و منداڵێکی تەمەن٧ ساڵی هەیە، ئاماژەی بەوەکرد کە دایک و باوکی جیابوونەتەوە و وتی: باوکم جارێکی تر هاوسەرگیری کردەوە کاتێک تەمەنم ١٣ ساڵ بوو، دەبوایە لەو تەمەنەدا هاوسەرگیری بکەم، من هاوسەرگیریم لەگەڵ پیاوێک کرد کە ١٠ ساڵ لە من گەورەتر بوو، کاتێک گلەییم لە باوکم کرد باوکم وتی کە من ژنم و دەبێت گوێڕایەڵی بکەم، بەڵام ئیتر ناتوانم بەرگە بگرم و داوای جیابوونەوە دەکەم، لەبەر ئەوە باوکم هەڕەشەی کوشتنی لەمن کرد.

 

"دادگا پێش جیابوونەوە ڕێگەی دا هاوژینەکەم هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تر بکات"

سارا ئەحمەدزادەی تەمەن ٣٦ ساڵ، کە منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵی هەیە وتی: بۆ چاککردنی ژیانم بەرگەی چەندین مەرجی سەختم گرتوە، من وتم کە هەموو شتێک باش دەبێت کاتێک منداڵەکە لە دایک بوو، بەڵام چۆن منداڵەکە لەدایک بوو، مێردەکەم دەستیکرد بە کێشانی دەرمان، بارودۆخ و هەڵسوکەوتی تێکچوو، سەرەتا نەمدەویست باسی جیابوونەوە بکەم، بەڵام لە کۆتاییدا خۆم هان داو دۆسیەی جیابوونەوەم کردەوە، دادگا مامەڵەی جیابوونەوەکەی درێژکردەوە پیش جیابووەنەوەمان دادگا ڕێگەی بە هاوژینەکەم دا هاوسەرگیری بکات، ئیستا جیابوومەتەوەو کوڕەکەم لێ وەرگیراوە ناهێڵن بیبینم، کاتێک بمەوێت سکاڵا بکەم دەبێت پارەی زیاتر بدەم.

 

شادی کارمیان، تەمەن ٢٤ ساڵ، ئەوەیخستەڕوو، کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووەو وتی: لە ساڵانی سەرەتای هاوسەرگیریدا هاوسەرەکەم کەسایەتیەکی باشی هەبوو من یارمەتیم دەدا بۆ ئەوەی بژێوی ماڵەوە، بەهۆی ئەو کێشانەی کە لەنێوانماندا هەیە جیابووینەوە و ئێستا داوام لێدەکات داوای نەفەقە نەکەم.