"نزیكەی ٢٣٥ هەزار كەسی دانیشتووانی لوبنان ئاوارەی سووریا بوون"

ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، نزیكەی ٢٣٥ هەزار كەسی دانیشتووانی لوبنان ئاوارەی سووریا بوون و ڕۆژانەش ڕێژەكە لە بەرزبوونەوەدایە.

ناوەندی هەوا

 

ماتیو لوسیانۆ، بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لە لوبنان سەبارەت بە ئاوارەبوونی هاوڵاتییان لە لوبنانەوە بەرەو سووریا و بەرزبوونەوەی ڕێژەكە، لە كۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، نزیكەی ٢٣٥ هەزار كەسی دانیشتووانی لوبنان ئاوارەی سووریا بوون، لە ٢٣ـ ئەیلوولەوە تا ئەمڕۆ ئەو ژمارە هاوڵاتییەی لە لوبنانەوە هاتوونەتە سووریا بریتی بوون لە ١٥٢ هەزار سووریی کە نیشتەجێی لوبنان بوون و ٨٢ هەزار كەسیشیان لوبنانی بوون.

 

هەفتەی ڕابردوو عەلی حەمییە، وەزیری گواستنەوەی لوبنان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێكی ئیسرائیلەوە ڕێگای دەروازەی سنووری مەسنەع داخرا، كە ئەو ڕێگایە سەدان هەزار كەس بۆ ئاوارەبوون بەكاریان دەهێنا.

 

ئیسرائیل جیا لەوەی ڕۆژانە لە ڕێگەی فڕۆكەوە خاكی لوبنان بۆردوومان دەكات، ماوەی چەند ڕۆژێكیشە لە ڕێگەی هێزی زەمینییەوە چووەتە ناو خاكی لوبنانەوە و هێرشی دەستپێكردووە، بە هۆیەوە سەدان كەس كوژراون و بریندار بوون.