نێرگس محەمەدی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تاران کرا
نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، دوای بڕیاری ڕاگرتنی سزاکەی و بەهۆی خراپیی باری تەندروستییەوە، لە نەخۆشخانەی زەنجانەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران گواسترایەوە.
ناوەندی هەواڵ
نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، لە نەخۆشخانەی زیندانی زەنجانەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە تاران. ئەم گواستنەوەیە دوای بڕیاری ڕاگرتنی سزاکەی و بەپێی ڕای پزیشکی دادوەری ئەنجامدراوە.
مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگس محەمەدی ڕایگەیاند، بریکارەکەی بەهۆی کێشەی تەندروستی جەستەیی و پێویستی بە چاودێریی پسپۆڕ، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی پارس لە تاران و لەوێ لەژێر چاودێریی تیمی پزیشکیدایە.
لەم نێوەندەدا، "بونیادی نێرگس محەمەدی" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی بارودۆخی تەندروستییەوە، پێویستە لە شوێنێکی دەرەوەی زیندان چارەسەر بکرێت و لەژێر چاودێریی پزیشکانی پسپۆڕدا بمێنێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەنها دواخستنی سزاکەی، ئەو نیگەرانییانە کەم ناکاتەوە کە لەسەر تەندروستی، ژیان و سەلامەتیی ئەو هەن.
نێرگس محەمەدی کە سزاکەی لە زیندانی زەنجان بەسەر دەبات، نزیکەی ١٠ ڕۆژ پێش ئێستا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گواسترابووەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە زەنجان. بنەماڵە و کەسوکارەکەی لەم دواییانەدا داوای گواستنەوەیان بۆ تاران کردبوو، تاوەکو لەژێر چاودێریی ئەو پزیشکانەی کە متمانەیان پێیەتی چارەسەر بکرێت.
لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان لەسەر تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەشێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و دابینکردنی چاودێریی پزیشکیی گونجاویان بۆ کردووە.
نێرگس محەمەدی ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی لە شاری مەشهەد بەشداریی لە مەراسمی بەخاکسپاردنی پارێزەر "خوسرەو عەلی کوردی" کرد، دەستبەسەر کرا و دواتر سزای زیندانیی بەسەردا سەپێندرایەوە.