منداڵان لە غەززە کار دەکەن و منداڵییان بۆ بژێوی ژیان فرۆشرا

لە کەرتی غەززەدا کاری منداڵان ئیتر کەمییەک نییە کە پێویستی سەپێنراوە، بەڵکو ڕاستیەکی ڕۆژانەیە کە بەهۆی شەڕو هەژارییەوە دەجووڵێتەوە، هەزاران منداڵ منداڵییان و مافی خوێندنیان لێ سەندراوەتەوە، لە شوێنیدا بارگرانی بژێوی خێزانەکانیان گرتووەتەوە.

نەغم کەراجە

 

غەززە –لە نێوان داروپەردووی ماڵەکاندا کە تا سەر زەوی ڕوخاون، چیرۆکی تەواوی نەوەیەک بەرجەستە دەبێت- نەوەیەک کە بە زۆر لە منداڵیدا دزراوە و بارگرانییەکی زۆر لە ساڵانی خۆیەوە قورس بووە، لە کاتێکدا کە پێویستە سەرنجی لەسەر بونیادنانی داهاتووی خۆی بێت، نەک لەسەر پارچەکردنی وێرانەکانی نیشتمانەکەی، بەرد لەسەر بەرد.

 

حەسەن سەعد لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە بەسەر کۆمەڵێک داروپەردووی ماڵە وێرانبووەکاندا دەچەمێتەوە و پارچە پارچە هەڵیدەگرێت و تۆزی لێدەکاتەوە و بە وریاییەوە ڕێکیدەخات پێش ئەوەی بە پارەیەکی بچووک بیفرۆشێت، ئەم منداڵە کە هێشتا تەمەنی نۆ ساڵ نەبووە، چیتر بە دەنگی زەنگی قوتابخانە یان ئامادەکاری بۆ وانەکان بەئاگا نابێتەوە، بەڵکو بە سەختی ڕۆژێکی درێژ لە ژێر خۆری سووتێنەردا دەگەڕێت، بەدوای شتێکدا دەگەڕێت بۆ بژێوی خێزانەکەی، کە بەهۆی شەڕ و هەژارییەوە ماندوو بووە.

 

منداڵێک باری خێزانێک هەڵدەگرێت

لە نێو کامپەکانی ئاوارەیی کەرتی غەززە، تەمەنی منداڵی حەسەن گۆڕاوە بۆ تاقیکردنەوەیەکی ڕۆژانەی کاری قورس، شەڕی لەناوچوون ناچاری کرد واز لە خوێندن بهێنێت، سەرەڕای باشی ئەکادیمی، بوو بە بەرپرسیار لە بژێوی ژیانی خێزانێکی ١٠ کەسی، لەنێویاندا کوڕەزا و خوشکەزا بێ باوکەکانی کە لە کاتی شەڕدا باوکیان لەدەستدا.ل، لەکاتێکدا، هاوتەمەنەکانی سەرقاڵی یاریکردنن یان هەوڵدەدەن لەژێر بارودۆخێکی سەختدا درێژە بە خوێندن بدەن، ئەو ڕۆژەکانی بە کۆکردنەوەی بەرد لە ماڵ و باڵەخانەکان بەسەر دەبات کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە وێرانکراون، پاشان پاککردنەوە و ڕیزکردن و ئامادەکردنی بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە لە بیناسازیدا.

 

ئەم کارە نەک هەر داوای ماندووبوونی جەستەیی دەکات بەڵکو نیشانەی ئازاربەخشیش لەسەر جەستە بچووکەکەی بەجێدەهێڵێت، زۆرجار ئامێرە قورسەکانی پاککەرەوە پەنجەکانی دەبڕن و هەڵگرتنی بەرد بۆ ماوەی کاتژمێرێکی زۆر دەبێتە هۆی ئازاری بەردەوامی پشت و شانەکانی، بەڵام بارودۆخە سەختەکەی ناچاری دەکات کە بەردەوام بێت لە کارکردن و ماندوو نەناسانە بۆ موچەیەکی کەمی ڕۆژانە.

 

حەسەن سەعد و خۆڵ لە دەموچاوە ماندووەکەی دەسڕێتەوە و وتی: هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات بەم شێوەیە قوتابخانە بەجێبهێڵم، زۆرم خۆشدەویست خوێندن، زۆر دڵخۆش بووم کاتێک دەگەڕامەوە ماڵەوە لەگەڵ پەرتوک و ئەرکەکانی ماڵەوە، ئێستا لەبری ئەوە بەرد هەڵدەگرم و زۆر ماندووم، هەندێکجاریش پشت و دەستەکانم ئازارێکی زۆریان هەیە، بەڵام ناتوانم بوەستم، چونکە برا و برازاکانم پێویستیان بە خواردنە، هیچ سەرچاوەیەکی تری داهاتمان نییە.

 

دووپاتیکردەوە، بە دەنگی پڕ لە غڕووتین وتی: هەر جارێک منداڵێک دەبینم جانتای قوتابخانە هەڵدەگرێت، قوتابخانەکەم و هاوڕێکانم و مامۆستاکەم بیردهێتەوە، هێشتا خەونم بەوە دەبینم کە بگەڕێمەوە بۆ پۆل و جارێکی دیکە فێر ببمەوە، ئەم کارەم هەڵنەبژاردووە، بەڵکو شەڕ بە زۆر بەسەرمانیدا هێنا، هیوادارم ڕۆژێک بێت کە بتوانم بەردەکان دابنێم و جارێکی دیکە پێنوسێک هەڵبگرمەوە.

توندی کارەکە

دایکی، سەنا سەعد، تەمەنی چل ساڵە، لە سەعاتەکانی سەرەتای بەیانییەوە لە تەنیشتی وەستاوە و سەیری کوڕەکەی دەکات کە بار و قورسای لە توانای خۆی زیاتر هەڵدەگرێت، ئەو درێغی ناکات لە یارمەتیدانی هەرکاتێک هەستی بە نیشانەکانی ماندوێتی کرد لەسەر دەموچاوی، بەشداریکردن لە بەرزکردنەوە و جوڵاندن و ڕێکخستنی بەردەکان، هەوڵدەدات ئەو بارگرانییە کەم بکاتەوە کە زیاترە لە منداڵێکی تەمەنی خۆی بەرگەی بگرێت.

 

سەنا سەعد، چاوەکانی هەرگیز حەسەنی کوڕی بەجێناهێڵن، وتی: هەموو ڕۆژێک دەبینم کوڕەکەم لەبری ئەوەی بچێتە قوتابخانە دەچێتە سەر کار، وەک ئەوە وایە دڵم پارچە ببێت، هیچ دایکێک نایەوێت منداڵەکەی ببینێت کە لەبری پەرتوکی قوتابخانەکانی بەرد هەڵدەگرێت، بەڵام خۆمان بینیەوە ڕووبەڕووی ڕاستیەک بووینەوە کە نەمانتوانی بیگۆڕین. هاوژینەکەم پیاوێکی بەتەمەنە کە چیتر ناتوانێت کار بکات، هەروەها هیچ هاوکارییەکمان پێناگات، چونکە ئەو ناوچەیەی لێی دەژین بە کردەوە لەبیرکراوە، حەسەن هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لەوەی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت.

 

وتیشی: کاتێک دەبینم ئارەقە لە برۆکەیەوە دەڕژێت لە ژێر خۆری سووتێنەردا، هەموو شتێک دادەبەزێنم و پەلە دەکەم بۆ یارمەتیدانی، بەرد لەگەڵیدا هەڵدەگرم و ڕێکیان دەخەم، نەک لەبەر ئەوەی بتوانم بە ئاسانی ئەو کارە بکەم، بەڵکو لەبەر ئەوەی ناتوانم لە تەنیشتی بوەستم و سەیری ئازارەکانی بکەم، زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ چادرەکە دەستەکانی برینداربوون و پشتی بە شێوەیەکی ترسناک ئازاری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژی دواتر لە خەو هەڵدەستێت بۆ دووبارەکردنەوەی هەمان دیمەن، چونکە برسێتی چاوەڕێ ناکات، منداڵەکانیش پێویستیان بە خواردنە.

 

بە دڵەڕاوکێیەوە دەگێڕێتەوە، کوڕە گەورەکەم کوژرا، منداڵەکانی بێ باوک بەجێهێشت، حەسەن ئێستا هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات بەرامبەریان وەک ئەوەی پیاوێکی گەورە بێت، گوێم لێدەبێت لەبری قوتابخانە یان یاریکردن باسی خەرجییەکانی ماڵەوە دەکات، شەڕەکە منداڵییەکەی دزی و هەزاران منداڵی لە خەونەکانیان بێبەشکرد، کە خۆیان بینیەوە بارگرانی تەواوی خێزانەکانیان هەڵگرتووە پێش ئەوەی تەنانەت واتای منداڵی بزانن.

 

وتیشی: داوای ئەستەم ناکەم، بەڵام هیوادارم منداڵەکانم ژیانێکی ئاسایی بژین، دەستیان بە خۆراک و خوێندن و پارێزراوی بگات، هەموو دایکێک لە غەززە هەڵگری هەمان خەمە، ئێمە بۆ خۆمان ئەوەندە ناترسین بۆ منداڵەکانمان کە بە زۆر لە ژێر دەنگی بۆردووماندا گەورە بوون، دواتر خۆیان بینیەوە، دوای ئاگربەستە لاوازەکە، ڕووبەڕووی هەژاری و برسێتی و نەبوونی لە غەززە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بوینەتەوە.

 

باری بەرپرسیارێتی لە تەنها دەستەبەرکردنی خۆراک زیاترە، هەروەها چاودێریکردنی برازا و خوشکەزا بێ باوکەکانی دەگرێتەوە، کە ئێستا حەسەن هەست بە پابەندبوون دەکات بۆ پاراستن و دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەکانیان، لە نێوان هەر بەردێک و بەردی دواتردا، ئازاری لەدەستدان لەگەڵ ئیرادەی مانەوەدا تێکەڵ دەبێت، دیمەنێک کە ئەو گۆڕانکارییە قووڵانە دەگرێتەوە کە شەڕ بەسەر ژیانی منداڵانی غەززەدا سەپاندوویەتی، منداڵی گۆڕاوە بۆ ساڵانێک لە کاری ماندووکردن و بارگرانی بەرپرسیارێتی خێزانیی.

ئاگربەستەکە خوێنبەربوونی منداڵی ڕانەگرت، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستەکە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە هیچ پێشکەوتنێکی ڕاستەقینەی بەخۆیەوە نەبینیوە، هێرشی بێ جیاوازی و پەرەسەندن بەردەوامە، لە کاتێکدا سەدان هەزار ئاوارە لە بارودۆخێکی نالەباردا دەژین لەناو داڕمانی ئابووری و نەبوونی هەلی کاردا، کە ئەمەش وایکردووە منداڵی زیاتر بچنە ناو بازاڕی کارەوە بۆ ئەوەی بتوانن پشتگیری خێزانەکانیان بکەن، کە ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی مافەکانیانە بۆ خوێندن و پاراستن و گەشەپێدانی تەندروست.

 

لە کاتی خۆرئاوابووندا، حەسەن سەعد دوا بەردەکانی کە پاکی کردۆتەوە کۆدەکاتەوەو بە دەستی درزاوی و جەستەیەکی ماندووەوە دەگەڕێتەوە بۆ چادرەکەی، خەونەکانی لە قوتابخانە و منداڵیدا تا کاتێکی نادیار دواخراوە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، چیتر ڕۆژەکانی بە ژمارەی ئەو وانانەی کە وەریدەگرێت یان ئەو یارییانەی کە ئەنجامی دەدات ناپێوێت، بەڵکو بە ژمارەی ئەو بەردانەی کە فرۆشتوویەتی و ئەو پارەیەی توانیویەتی پاشەکەوتی بکات بۆ خۆراکدانی خێزانەکەی و منداڵە بێ ناوکەکانی خوشکەزا و برازا.