لەکۆی هەزار و ٩٦١ هەواڵ، تەنها ٩٥ هەواڵ سەبارەت بە ژن بڵاوکراوەتەوە
ماڵپەرەکانی باشوری کوردستان گرنگی بە هەواڵەکانی تایبەت بە ژنان نادەن، لە کۆی هەزار و ٩٦١ هەواڵ تەنها ٩٥ هەواڵ تایبەتن بە ژنان، چالاکوانێکیش ئاماژە بەوەدەکات کە تا ئێستا جیاوازی ڕەگەزی کۆتایی پێنەهاتووە.

ماڵپەرەکانی باشوری کوردستان گرنگی بە هەواڵەکانی تایبەت بە ژنان نادەن، لە کۆی هەزار و ٩٦١ هەواڵ تەنها ٩٥ هەواڵ تایبەتن بە ژنان، چالاکوانێکیش ئاماژە بەوەدەکات کە تا ئێستا جیاوازی ڕەگەزی کۆتایی پێنەهاتووە.
لاڤین مەحمود
لە گەڕان و بەدواداچوونمان بۆ ١٠ ماڵپەری باشوری کوردستان سەبارەت بەو هەواڵانەی لەسەر ژنان بڵاویان کردووەتەوە، دەرکەوتووە لە ماوەی ١٠ رۆژدا و لە کۆی هەزار و ٩٦١ هەواڵ تەنها ٩٥ هەواڵ سەبارەت بە ژن بڵاوکراوەتەوە، لەو ژمارەیەش زۆرترینیان ئاژانسی ڕۆژنیوزە، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی تایبەتی بۆ ژنان تەرخان کردووە لەماوەی ئەو ١٠ رۆژەدا ٢٥ هەواڵی لەسەر ژنان بڵاوکردووەتەوە، بە پێچەوانەوە ماڵپەری کوردستانی نوێ تەنها ٢ هەواڵی بلاوکردووەتەوە، ئەویش ڕاگەیاندراوی ژنە بەرپرسێکی حیزبەکەیەتی.
سەبارەت بەم جیاکاری جێندەرییە کەوسەر حەسەن، چالاکوان و بەرێوەبەری کۆمەڵەی زامی کوردستان، بۆ کەناڵی ژن تیڤی دوا و دەڵێت: "بەداخەوە ئەو جیاکارییە زۆر دەبینین، هەوڵدراوە تا ئەو جیاکاریە نەمێنێت، قسەیەکی کوردی هەیە دەڵێت "من لە دواتەوە ناڕۆم، لە پێشیشتەوە ناڕۆم، با هاوشانت بم"، بەڵام هەتا ئێستا نەگەشتوینەتە ئەو دەرەنجامە.
کەوسەر هۆکاری جیاوازی جێندەرییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنداریەتی دەزگا میدیاییەکان کە هەموویان پیاوان و هەتا ئێستا پیاوان باڵادەستن، وتیشی ناتوانین بڵێین رێکخراوەکانی کۆمەڵگایی مەدەنی هیچیان نەکردووە، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئاستێک دڵخۆشکەر بێت".
سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەو ناهاوسەنگییە و ڕێکخستنەوەی میدیایی کوردی لە بەرامبەر یەکسانی رەگەزی، ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەکرد: "ڕێکخراوەکان لەڕێگەی هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا و راگەیاندنەکانەوە و لە رێگەی پەروەردە و خێزانەوە پێویستە کار بکرێت بۆ نەهێشتنی".
ناهاوسەنگی جێندەری لەلایەن دەزگا میدیایەکان بە شێوەیەکی بەرچاو رەنگیداوەتەوە بەشێوەیەک بەشێک لە ماڵپەڕەکان تەنانەت هەواڵی کوشتنی ژنانیشیان بۆ گرنگ نییە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئامارەکانی توندوتیژی لە سەدا ٥٠ زیادیکردووە و لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٨٠ ژن کوژراون و خۆیان کوشتوە، لە کاتێکدا لە ماوەی ئەو ١٠ رۆژدا ٣ ژن کوژراون، بەڵام زۆرترین هەواڵێکی لەسەر ژن نوسیبوویان ئەو هەواڵە بوو "ژنێک زێرنگەرێکی هەڵخەڵتاند".
بەدواداچوونەکە لە ماوەی ١-١٠ی ئابدا کراوە و ئەو سایتانەی کە بە نمونە وەرگیراون بریتین لە هاوڵاتی، مەودا میدیا، زەمەن، باس نیوز، ئاوێنە، ناس کورد، ڕۆژنیوز، شار پرێس، کوردستانی نوێ و سایتی خەندانن.
ت.پ