لافاو و بارانی بەخوڕ زیان بە هەزاران خێزانی ئاوارە لە یەمەن دەگەیەنێت
لافاو و بارانبارینی بەخوڕ کە شاری ماریب لە باکووری ڕۆژهەڵاتی یەمەنی گرتەوە، زیانی ماددی بەرفراوانی بە هەزاران دانیشتووی یەمەن گەیاندووە، بەتایبەتی خێزانە ئاوارەکان.

ناوەندی هەواڵ
یەمەن ساڵانە وەرزێکی بارانبارین بەخۆیەوە دەبینێت، کە لە مانگی ئادارەوە تا مانگی ئەیلوول درێژدەبێتەوە، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوەوە کە دەبێتە هۆی بارانبارینی وێرانکەری بەخوڕ، بە لەبەرچاوگرتنی ژێرخانی لاواز و تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان، ئەم بارانە دەتوانێت بگۆڕێت بۆ کارەساتێکی سروشتی و مەترسی لەسەر ژیان و ماڵی دانیشتوان دروست بکات و ئەو قەیرانە مرۆییەی ساڵانێکە وڵاتەکە تووشی بووە، گەورەتر بکات.
ڕۆژی ١٧ی ئەیلوول، یەکەی بەڕێوبەری بۆ بەڕێوەبردنی کامپەکانی ئاوارەکان لە شاری ماریب ڕاپۆرتێکی سەرەتایی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد زیاتر لە هەشت هەزار خێزان کە لە کامپەکانی ئاوارەبووندا دەژین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو لافاوەوە کە ماڵەکانی گرتەوە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە نزیکەی هەزارو ٢٠٠ خێزان زیانێکی تەواویان بەرکەوتووە، لەکاتێکدا زیاتر لە حەوت هەزار و ٤٠٠ خێزانی دیکە زیانێکی بەشەکییان بەرکەوتووە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، زیانێکی زۆر بەر چوار کامپی جیاواز لە کەرتی باکووری شاری ماریب کەوتووە، نیشتەجێبوونیان لە چادرەوە دەست پێدەکات کە لە قوماش و نایلۆن دروستکراون تا دەگاتە "کوخ" کە لە دار دروستکراون،هەروەها پێداویستیە خۆراکیەکانیش زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ تانکی ئاو و تۆڕەکانی ئاوەڕۆش زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها زۆرێک لە کەلوپەلەکانی ئەو خێزانانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەدەستچوون یان لەناوچوون.
یەکەی جێبەجێکار بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و ڕێکخراوە مرۆییە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ دابینکردنی کەرەستەی پەناگە و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دەرهێنانی ئاوی لافاو و پێشکەشکردنی پشتیوانی، هەروەها یەکینەکە ئاماژەی بەوەدا، کە ژیانی هەزاران ئاوارە لە ماریب لە مەترسیدایە.