لە ڕۆژی نێودەوڵەتیی منداڵانی کچدا، توێژەران و پارێزەرانی ڕۆژئاوا چی دەڵێن؟

توێژەران و پارێزەرانی ڕۆژئاوا جەخت دەکەنەوە کە منداڵانی کچی سووریا ڕووبەڕووی مەترسیی ئیسلامی ڕادیکاڵ و کردارە دڕندانەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ دەبنەوە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ -  لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١دا، کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە ٦٦/١٧٠ی پەسەند کرد و ١١ی تشرینی یەکەمی وەک ڕۆژی نێودەوڵەتیی مندالانی کچ ڕاگەیاند.

 

داتاکانی ساڵی ٢٠٢٦ی نەتەوە یەکگرتووەکان و یونیسێف

نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان یونیسێفئاماژە بەوە دەکەن کە منداڵانی کچ لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا، بەردەوام ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. بە تایبەتی، هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا، بێبەشبوون لە خوێندن و نەبوونی دەرفەتی کار بەرچاو دەکەون.

 

داتاکانی نێودەوڵەتی ئاستی سەختییەکانی پەیوەست بە هاوسەرگیریی منداڵان و نایەکسانی لە دەرفەتەکانی خوێندندا ئاشکرا دەکەن. گرنگترین ئامارەکانی ئەمساڵ بریتین لە:

 

هەموو ساڵێک، زیاتر لە ١٢ ملیۆن مندالانی کچ پێش گەیشتن بە تەمەنی گەورەیی هاوسەرگیری دەکەن؛ واتە هەر سێ چرکە جارێک منداڵانی کچ هاوسەرگیرییان بۆ ڕێکدەخرێت.

 

هاوسەرگیریی منداڵان: لە هەر پێنج مندالێکی کچێک، یەکێکیان لە سەرانسەری جیهاندا پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیریی بۆ رێکخراوە. ئەمەش واتە نزیکەی ٦٥٠ ملیۆن ژن و کچ لە تەمەنی منداڵیدا شوویان کردووە.

 

لە بواری خوێندن و کاردا، منداڵانی کچی تەمەنی ١٥ تا ١٩ ساڵ دوو هێندە زیاتر لە کوڕانی هەمان تەمەن لە خوێندن و کار بێبەشن.

 

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان و یونیسێف، لە پێشکەوتنە بەدەستهاتووەکاندا، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، خوێندن و چاکسازییە یاساییەکانی ٢٥ ساڵی ڕابردوو یارمەتییان داوە ڕێگری لە نزیکەی ٦٨ ملیۆن هاوسەرگیریی منداڵان بکرێت.

 

ئامارەکانی خوێندن لە سووریا

بەپێی ڕاپرسیی پێداویستییە گشتییەکانی خێزانە سوورییەکان، کە لەلایەن دەستەی پلان‌دانان و ئامارەوە لە سەرەتای ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦–٢٠٢٧ بڵاوکراوەتەوە، ڕێژەی ئەو خێزانانەی کە منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵیان هەیە و منداڵەکانیان لە خوێندندا تۆمار نەکراون، گەیشتووەتە نزیکەی ١٥.٨٪.

 

یونیسێف مەزەندە دەکات کە نزیکەی ٦.٩ ملیۆن منداڵی سووری هێشتا پێویستییان بە یارمەتیی مرۆیی و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، وەک تەندروستی، خوێندن، ئاو و پاراستن هەیە.

 

بەپێی پلانەکانی وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ ساڵی ٢٠٢٦، کچان و ژنان گەورەترین ڕێژەی ئەو گرووپە مەترسیدارانە پێکدەهێنن کە بۆ وەرگرتنی یارمەتی دیاریکراون. ئەوان ٥٨٪ی کۆی سوودمەندانی بەرنامەکانی پاراستن پێکدەهێنن.

 

یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێنماییە ئایینییەکان لە بواری پاراستن و پشتگیریکردنی مافەکانی کچاندا یەکدەگرنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کچان هێشتا ڕووبەڕووی سەرپێچییە زۆر دڕندانەکانی مافەکانیان دەبنەوە.

 

لەو ڕاپۆرتەدا ویستمان سەرنج بخەینە سەر ئایینی ئیسلام و یاساکانی سووریا. لەم بارەیەوە، کێندا کەنان، توێژەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆنگرای ئیسلامیی دیموکراتیک، و پارێزەر شوکریە یوسف، لەگەڵ ئاژانسی ئێمەدا قسەیان کرد

 

لێکۆڵینەوە نوێکان دەربارەی هاوسەرگیریی حەزرەتی عائیشە

کێندا کەنان، ئەوەی ئایینی ئیسلام دەربارەی کچان دەیڵێت، بەم شێوەیە ڕوون کردەوە:

کاتێک باس لەوە دەکرێت کە کام کچی بچووک لە ئایینی ئیسلامدا شوو دەکات، حەزرەتی عائیشەمان دێتەوە یاد. تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک بە دڵنیایی تەمەنی عائیشەی دیاری نەکردووە، کاتێک لەگەڵ حەزرەتی محەممەد هاوسەرگیریی کردووە. بەڵام لە لێکۆڵینەوەکانی توێژەرانی نوێدا باس لەوە دەکرێت کە لە سەردەمی خانم عائیشەدا، تەمەنی کچان لەو کاتەوە دەستی پێدەکرد کە گەشەی بایۆلۆژییان تەواو دەبوو. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانە، عائیشە کاتێک لەگەڵ حەزرەتی محەممەد هاوسەرگیریی کردووە، ٩ ساڵ نەبووە، بەڵکوو ١٩ ساڵ بووە

 

ئایا کتێبە پیرۆزەکان پارێزگارییان لە منداڵان و ژنان کردووە؟

کێندا کەنان ڕوونی کردەوە کە مافەکانی ژنان لە کتێبە پیرۆزەکاندا پارێزراون و بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بۆچوونە، ئاماژەی بە ئایەتییەک لە سوورەتی تەکویر کرد کە دەڵێت: کاتێک کچەکەی زیندووبەچالکراو لێی بپرسن بەهۆی چ گوناهێک کوژراوە؟

ئەو تەفسیری کۆن و نوێی بەراورد کردەوە و وتی: لە تەفسیری کۆندا مافەکانی ژنان پێشێل کراون، بەڵام لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە نوێیەکاندا، پاراستنی ژنان لە کتێبی پیرۆزدا بە ڕوونی دەردەکەوێت. بەڵام هەندێک وڵات کتێبە پیرۆزەکان بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان تەفسیر دەکەن و بێبەشکردنی ژنان لە مافەکانیان بە ڕەوا دەزانن.

 

ئەگەر ئەو مافانەی حەزرەتی محەممەد بۆ هاوژین و کچەکانی دیاری کردبوو، ئەمڕۆ جێبەجێ بکرێن، چی ڕوودەدات؟

کێندا کەنان وتی کە ئیسلامی محەمەدی ئەمڕۆ جێبەجێ ناکرێت و هۆکارەکەشی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: پێغەمبەر دەفەرموێت: رقتان لە منداڵانی کچ نەبێت، چونکە ئەوان هاوڕێی دڵگەرم و بەبەهان. بەڵام ئەمڕۆ ئەم قسەیە جێبەجێ ناکرێت، چونکە بە ناوی ئیسلامەوە مافەکانی ژنان پێشێل دەکرێن. ئەگەر ئەو مافانەی حەزرەتی محەممەد بۆ هاوژین و کچەکانی دیاری کردبوو ئەمڕۆ جێبەجێ بکرێن، هیچ ژنێک بێبەش لە مافەکانی نامێنێت. ژن کەی بێبەش لە مافەکانی دەبێت؟ کاتێک سیستەمە دەسەڵاتدارەکان کتێبی پیرۆز بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان تەفسیر دەکەن. ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر بەربڵاوە

 

لە کاتێکدا پێویستە مێژووی ژنان بنووسرێتەوە، هەوڵ دەدرێت سەلمێنرێت کە منداڵانی کچ مافی یەکسانیان هەیە

کێندا کەنان ئاماژەی بە بارودۆخی ئەمڕۆ و گەیشتن بە ساڵی ٢٠٢٦ کرد و ڕوونی کردەوە کە لەبری لێکۆڵینەوە لە مێژووی ژنان، هێشتا هەوڵ دەدرێت ئەوە بسەلمێنرێت کە منداڵانی کچ مافی یەکسانیان لەگەڵ کوڕان هەیە. ئەو قسەکانی بەردەوام کرد و وتی: ئەوەی بڵێین ئایینی ئیسلام و کتێبی پیرۆز بۆ سەرکوتکردنی مافەکانی ژنان هاتوون، هەڵەیە. چونکە دەستووری عێراق، تورکیا، سووریا و ئێرانیش پشت بە ئایینی ئیسلام دەبەستن. بۆیە یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی مافەکانی ژنانیش نییە.

 

کێندا کەنان ئاشکرای کرد کە کۆنگرەی ئیسلامیی دیموکراتیک پشتگیری لە هاوسەرگیریی منداڵانی کچ ناکات و ئەم کردارە بە تاوان دەزانێت. ئەو قسەکانی بەو شێوەیە بەردەوام کرد: ئێمە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە ڕەت دەکەینەوە و ئەمە لە چوارچێوەی ئیسلامدا جێی نابێتەوە. هەوڵ دەدەین لە مێژووی کۆن بکۆڵینەوە و زانیاریی ڕاست و نوێ ئاشکرا بکەین، بۆ ئەوەی ئەو کردارە دژ بە منداڵانی کچ و کوشتنی ژنان وەک تاوان بناسرێن.

        

سیاسەتە ئایینپەرستییەکان دژ بە منداڵانی کچ و ژنانی سووریان

کێندا کەنان سەرنجی خستە سەر بارودۆخی سووریا و جەختی کردەوە کە ژناان لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین. ئەو دەربارەی ئایینپەرستی وتی: هاوسەرگیریی پیاوێک لەگەڵ چوار ژن، نەخوێندن، نەچوونە دەرەوە و ڕووپۆشکردن ڕەوا کراون. ئیسلامیان کردووەتە پەردەیەک بۆ خۆیان و لە ژێر ئەو ناوەدا شەڕ دەکەن. چونکە وەک یاسا نییە کە کەس بتوانێت دژی بوەستێتەوە. کردارەکانیان بە قسەی خوداییەوە دەبەستنەوە، چونکە ئەوانەی دژی قسەی خودایی بوەستنەوە، بە کەسانێک دادەنرێن کە تاوانی گەورە دەکەن. ئەو دەستدرێژییانەی لەسەر ژنان دەیکەن، بە شەریعەتی خوداییەوە دەبەستنەوە و ئایین بە پێچەوانە تەفسیر دەکەن، لە کاتێکدا خودا مافی منداڵانی کچ و کوڕانی بە یەکسانی داوە.

 

ڕێگاکانی پاراستن بریتین لە یاسا و دەستوور

کێندا کەنان بە باسکردنی هەنگاوە کردارییەکانی پاراستنی مافەکانی  منداڵانی کچ و ژنان، جەختی لەسەر پاراستنی ئەم مافانە لە دەستوور و یاساکاندا کردەوە و وتی: لە سەرەتاوە دەبێت ئایین و دەوڵەت لە یەکتر جیا بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ئایین نەبێتە ئامرازی هێرشکردنە سەر ژنان. کاتێک دەوڵەت مافەکانی مرۆڤ لە یاسادا تۆمار دەکات، دەبێت شوێنێکی گرنگیش بۆ مافەکانی ژنان و منداڵانی کچ تەرخان بکات. بە تایبەتی بۆ پاراستنی منداڵانی کچ کە ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی، کوشتن و هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا دەبنەوە. دەبێت یاسایەکی تایبەت هەبێت بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵانی کچ ، تاوەکوو کوژەران و تاوانباران سزا بدرێن و دووبارە ئەو کردارە نەکەنەوە. جێگیرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستوور و یاساکاندا زۆر گرنگە.

 

یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی منداڵانی کچ پێویستییەکی خێرایە

کێندا کەنان چەند نموونەیەکی کرداریی لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن، هێنایەوە و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا:  لە سیستەمی عەشیرەتیدا ئەم شتانە ڕوودەدەن؛ منداڵێکی کچ بەرامبەر بە خوێنی پیاوێک دەدرێت، دوو پیاو لەگەڵ یەکتر دەکەونە شەڕ و یەکێکیان کەسێکی تر دەکوژێت، پاشان  منداڵێکی کچ کە هیچ ئاگادارییەکی لە ڕووداوەکە نییە و هیچ پەیوەندییەکی پێوەی نییە، دەبێتە قوربانیی کاردانەوەی پیاوێک. هەندێک منداڵی کچ بەرامبەر بە خوێن و قەرز دەدرێن و منداڵی کچ بوونەتە ئامرازی کڕین و فرۆشتن. دەبێت سزای دارایی، لەگەڵ سزای زیندان، بەسەر تاوانباران و کوژەرانی منداڵی کچ و ژناندا بسەپێنرێت. بەم شێوەیە دەستدرێژی بۆ سەر منداڵی کچان سنووردار دەبێت. چونکە ئەمڕۆ سەردەمی خوێندنی منداڵی کچ و نووسینەوەی مێژووی خۆیانە لەلایەن ژنانەوە؛ دوای ئەوەی لە ژێر ناوی ئایین، ئەفسانە و کۆمەڵگەدا بوون و مافەکانیان پێشێل و سەرکوت کراون.

 

کام مادەی یاساکانی سووریا دەبێت بگۆڕدرێت؟

شوکریەی پارێزەر باس لە مافەکانی ژنان لە یاساکانی سووریا کرد و بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: لە یاسای سووریادا جەخت لەوە کراوەتەوە کە منداڵی کچ دەبێت تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو کردبێت بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکات، بەڵام یاساکانی سووریا ڕێگەیان داوە مندالانی کچی تەمەنی ١٥ ساڵیش هاوسەرگیری بکەن، بە مەرجێک دادوەری شەرع جەستەی ئەو  مندالەکچە بپشکنێت. بەڵام بە بۆچوونی من، ئەمە هێشتا منداڵە و نەگەیشتووەتە ئەو پێگەیەی بتوانێت بۆچوون و هەڵوێستی خۆی هەبێت. دەبێت گۆڕانکاری لە یاساکاندا بکرێت و جەخت لەوە بکرێتەوە کە هاوسەرگیری پێش تەمەنی ١٨ ساڵی ڕێگەپێدراو نییە. ئەگەر هاوسەرگیری پێش ئەو تەمەنە ئەنجام بدرێت، دەبێت هەڵبوەشێندرێتەوە. دادوەری کە ئەم هاوسەرگیرییە ئەنجام دەدات و باوکی  منداڵە کچەکەش کە ڕەزامەندی لەسەر دەدات، دەبێت هەردووکیان سزا بدرێن.

 

بێناسنامەیی ژنان و کاریگەرییەکانی هاوسەرگیری

شوکریە قەیرانی تۆمارنەکردن لە سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان و منداڵانی کچانی ڕوون کردەوە و وتی: تا ئێستاش کەسانی تۆمارنەکراو بێگانەکان لە ناو سووریا خاوەنی ناسنامە نەبوون. ئەگەر ژنێکی تۆمارنەکراو ئەمڕۆ هاوسەرگیری بکات، ناتوانێت ناسنامەی هاوسەرەکەی وەربگرێت، بەڵام منداڵەکانی ناسنامەی باوکیان وەردەگرن. لێرەدا ژنەکە ناتوانێت داوای مافەکانی خۆی بکات، وەک خەرجیی ژیان، سەرپەرشتی و چاودێریکردنی منداڵەکانی، چونکە ژنێکی بێناسنامە و بێبەڵگەیە.

 

ڕوونکردنەوەی دوو مادەی دەستووری

شوکریە ئاشکرای کرد کە یاساکانی سووریا لە فیقهی ئیسلامییەوە وەرگیراون و دوو مادەی دەستووری بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: فیقهی ئیسلامی دەڵێت پیاو دەتوانێت لەگەڵ دوو ژندا هاوسەرگیری بکات و ژنیش لە مافی میراس بێبەشە. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە کە تا ئێستاش ڕووبەڕووی دەبینەوە. لە دەستووری نوێدا دوو مادە نووسراون کە دەڵێن هاووڵاتیانی سووریا لە یاسادا یەکسانن، بەڵام ئەوەی لە چیدا یەکسانن، ڕوون نییە. دەبوو بنووسرایە ژن و پیاو لەم مادە یاساییانەدا یەکسانن. بەهۆی ناڕوونیی ئەم دوو مادەیەوە، ڕووبەڕووی کێشەی کۆتای ژنان لە پەرلەمان، ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی تردا دەبینەوە.

 

جیاوازیی نێوان یاسا ئایینییەکان و پێویستیی یاسای مەدەنی

شوکریە جەختی لەسەر پێویستیی بوونی یاسای مەدەنی لە سووریا و جێبەجێکردنی بۆ هەموو پێکهاتەکان کردەوە و هۆکارەکەی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: نابێت لە وڵاتێکدا مەسیحییەکان یاسای تایبەت بە خۆیان جێبەجێ بکەن، یان ئێزیدییەکان و نەتەوەکانی تر هەر یاسای خۆیان هەبێت. مەسیحییەکان مافی میراس بە ژنان دەدەن، چونکە یاساکانیان ئایینییە. دەبێت یاسایەک هەبێت کە بەسەر هەموو نەتەوەکاندا جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر ژنێک ئەمڕۆ کێشەیەکی هەبوو، بزانێت بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی پەنا بۆ کام یاسا ببات. پێویستە یاسای مەدەنی هەبێت و ببێتە چەتری پاراستنی هەموو نەتەوەکان. دەبێت مادەیەک بۆ مادە یاساییەکان زیاد بکرێت کە بەهۆیەوە ژنانی سووری کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، کاتێک دەگەڕێنەوە، بتوانن ناسنامەی خۆیان بدەن بە منداڵەکانیان.

 

وەزارەتی ژنان لە سووریا پێویستییەکی بە پەلەیە

شوکریە پێویستیی دامەزراندنی وەزارەتی ژنان لە سووریای خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە کارێکی یاسایی بۆ پاراستنی ژنان ئەنجام بدرێت. ئەو وتی: دەبێت وەزارەتێک یان دەستەیەکی تایبەت بە ژنان دابمەزرێت، بۆ ئەوەی بتوانین بۆ مافە یاساییەکانی ژنان کار بکەین، چونکە لەم وڵاتەدا مافەکانی ژنان ناپارێزرێن. دەبێت تەمەنی هاوسەرگیریی منداڵی کچ بکەینە ٢٠ ساڵ، نەک ١٨ یان ١٥ ساڵ. دەبێت مافەکانی ژنان لە بواری کاردا بپارێزرێن و کۆتای ژنان هەبێت، خاوەنی دەنگ و بڕیار بن. دەبێت لە وەزارەتەکانیشدا وەزیرانی ژن هەبن. ئەو تاوانبارانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر  منداڵی کچ، دەبێت توندترین سزا بەسەردا بسەپێنرێت. بۆیە چالاککردن و جێبەجێکردنی ئەم جۆرە یاسایانە زۆر گرنگە.

 

ئەگەر هەنگاوی یاسایی نەهاوێژرێت، سووریا ڕووبەڕووی مۆدێلی عێراق و ئەفغانستان دەبێتەوە

شوکریە جەختی کردەوە کە مندالانی کچی سووریا ڕووبەڕووی مەترسیی بێبەشبوون لە پاراستنی یاسایی دەبنەوە و بەو داواکارییە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: لە پارێزگا و شارەکانی سووریا، هاوسەرگیریی منداڵی کچی١٠ ساڵە تۆمار کراوە و دادوەر ڕەزامەندی لەسەر ئەو هاوسەرگیرییە دابوو. مەترسییەکی زۆر گەورە هەیە کە بارودۆخی سووریا ببێتە وەک بارودۆخی عێراق و ئەفغانستان و ئەگەر ئەمە ڕووبدات، ئێمە بەرەو دواوە دەچین. چارەسەرەکە ئەوەیە ئەو بابەتانەی لە سەرەوە باسم کردن و زۆرێک لە مافەکانی تری  منداڵی کچ و ژنان کە باسیان نەکراون، ببنە مادەی یاسایی، بنووسرێن و بپارێزرێن.