لە سەیدسادق ژنێکی گەنج بە گوماناوی گیانی لەدەستدا
لە گوندێكی سنووری شارۆچكەی سەیدسادق، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ، بە گوماناوی و بە سووتان گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان ڕوو لەزیادبوونەو بنەماڵەکان بۆ شاردنەوەی تاوانەکان دەڵێن ژنەکە خۆی خۆیکوشتووە، ئەمەش لەپیناوی لەسزاو یاسا دەرچوونە بۆ پیاوان.
ئێوارەی دوێنی ٩ی تشرینی دووەم، لە گوندی تەپەڕەشی سەر بە شارۆچكەی سەیدسادق، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ بە سووتان گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکان ئەو ژنە گەنجە ناوی لانك بورهانە و تەمەنی ١٦ ساڵە، خەڵكی گوندی تەپەڕەشی سەر بەشارۆچكەی سەیدسادقە.
بەهۆی زۆری سووتاوییەكەیەوە پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوكەت گیانی لەدەستداوە، تا ئێستاش هۆكاری سووتانەکەی نەزاندراوە، بەڵام کەسوکارەکەی دەڵێن: خۆی خۆی سووتاندووە.
بەپێی کۆکردنەوەی ئامارەکان لەلایەن ئاژانسەکەمانەوە، لە سەرەتای ئەیلوولەوە تاوەکو سەرەتای تشرینی یەکەم، ٧ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون، ١ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستداوە.