لە چەمچەماڵ پانێڵێک لەسەر مەترسییەکانی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام درا
لە سەنتەری چالاکیی گەنجانی شۆڕش، منداڵپارێزی کوردستان پانێڵێکی لەسەر مەترسییەکانی توشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام دا.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١ی کانوونی یەکەم، لە سەنتەری چالاکیی گەنجانی شۆڕش، بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە گەنجانی شارەدێی شۆڕش ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان پانێڵێکی لەسەر مەترسییەکانی توشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان بۆ هەریەک لە دکتۆر نەوشیروان ڕەنان، مامۆستای زانکۆ، دکتۆر نیکۆلا مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی یاسایی و دکتۆر بڵند ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوی ئەنجام دا.
دکتۆرە نیکۆڵا شاڵی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی یاسایی بابەتێکی پێشکەشکرد و وتی: ئەوەی کە کار لە مێشک و بیری مرۆڤەکان دەکات دوو جۆره یان ماددەی هۆشبەرە یاخود ماددەیەکە کار لە مێشکی کەسەکە دەکات و هەندێکجار وا لەکەسەکە دەکات، تاوانکاریی بکات، بەپێی ئامارەکانیش ڕێژەی بەکارهێنەرانی لە هەرێمی کوردستان ٦٠٪ـە، ئەمەش زۆر بەرزە.
ئەوەشی خستەڕوو، ماددە هۆشبەرەکان دوو جۆرن سرووشتی و ناسرووشتی، مادده سرووشتییەکان ئەو مادانەن کە لە سرووشتدا هەیە یاخود مرۆڤەکان دەیچێنن، ناسرووشتییەکانیش ئەو ماددانەن بەرهەم دەهێنرێن و لە کۆمەڵێک بواردا بەکاردێت گرنگترینیان لە بواری پزیشکیدا بەکاردێت.
وتیشی: لە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسایەکین کە ڕووبەڕوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە کە هەمان یاسای ڕووبەڕووبونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق لەگەڵ چەند گۆڕانکارییەک، کە سزا بۆ بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەبڕێتەوە، لە سزای لە سێدارەدانەوە دەست پێدەکات تا زیندانیکردنی ماوە کەم.