ڕێگری لە ئیلناز ڕێکابی ئێرانی دەکرێت کە وڵات بەجێبهێڵێت

ئیلناز ڕێکابی بۆ مەشق و ڕاهێنان و ئامادەکاری بۆ ئۆڵۆمپیاد دەیوست بچێتە ئیسپانیا، بەڵام بەرپرسانی فڕۆکەخانە ڕێگریان لێکرد لە ڕۆیشتنی و دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکەیدا گرت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێلناز ڕێکابی یەکێک لە نوێنەرانی ئێران بوو لە پێشبڕکێکانی شاخەوانی ئاسیا لە ساڵی ٢٠٢٢ و پلەی چوارەمی بەدەستهێنا و بەبێ حیجاب بەشداری کرد.

شاخەوانی نیشتیمانیی ئێران، ئێلناز ڕێکابی، بڕیار بوو سەفەر بۆ ئیسپانیا بکات بۆ ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان و خۆئامادەکردن بۆ ئۆڵۆمپیاد، بەڵام بەرپرسانی فڕۆکەخانە ڕێگرییان لێکرد لە ڕۆیشتنی و دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکەیدا گرت، ئەفسەرانی ئەمنی پێیان وتووە دوای جەژن بچێتە لای داواکاری گشتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی دەرچوون و بەدەستهێنانەوەی پاسپۆرتەکەی.

 

جێگای سەرنجە کە ئیلناز ڕیکابی بەبێ حیجابی زۆرەملێ بەشداری پاڵەوانێتی ئاسیای لە کۆریای باشوور کرد، وە دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران گوشاری ئەمنیی لەسەر بوو، هەروەها لە پۆستێکیدا لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی "ئینستاگرام" بە بۆنەی سەری ساڵ ئەم یاریزانە جارێکی دیکە وێنەیەکی خۆی بەبێ حیجابی زۆرەملێ بڵاوکردەوە.

 

سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی خۆی لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنی ئیلناز ڕیکابی بەدوور گرت و وتی "دوای پێشبڕکێکانی کۆریای باشوور، دەبوو ئیلناز ڕیکابی بچێتەوە نووسینگەی پاسپۆرت و کاری کارگێڕی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام نازانم بۆچی نەچووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟"

 

حکومەتی ئێران زۆرجار قەدەغەی هاتووچۆ بۆ گوشارخستنە سەر هاوڵاتیان بە وەرزشکارانیشەوە بەکاردەهێنێت، سەرەڕای سیستمی پرسیاری قەدەغەی هاتووچۆ، ئەم سیستەمە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زانیاری دروست پیشان نادات، لە زۆر حاڵەتدا لەکاتی دەرچوون لە ئێران، پاسپۆرتی چالاکوانان و وەرزشوانان لەژێر دەستیدا دەست بەسەردا دەگیرێت بە بیانووی قەدەغەی هاتووچۆ.